لە توركیا سەرۆك پەرلەمان لەدەست بدات بایەخی هەیە؟

24/05/2023

سەرۆك بەبێ زۆرینەی پەرلەمان وەكوو ئەو باڵندەیەیە لە قەفەزێكی گەورەدا دەفڕێت
كارزان گلی
وەكوو ئەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بڵاوی كردەوە، هاوپەیمانیی (كۆماریی)، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 14ی ئایاردا، توانیان زۆرینەی پەرلەمان مسۆگەر بكەن، كە 323 كورسییە لە كۆی 600 كورسی. لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا، ئەگەر كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی (میللەت)، توانی سەركەوێت و ببێتە سەركۆماری توركیا، ئایە پۆستەكەی هیچ بایەخێكی دەبێت؟
بەر لە هەر شت، ئەگەر كەسێك ببێتە سەركۆماری توركیا، بۆ ئەوەی لە سیستەمی سەرۆكایەتیدا دەسەڵاتەكانی رەها بێت، گرنگە و پێویستە پارتەكەی یان هاوپەیمانەكەی لە پەرلەمانیشدا زۆرینە بێت، گەر وا نەبێت، ئیدی ناكۆكی نێوان سەرۆكایەتیی و پەرلەمان دەستپێدەكات.
بەگوێرەی دەستووری توركیا، سەرۆك هەموو دەسەڵاتێكی هەیە و بۆی هەیە هەموو بڕیارێك دەربكات، بەڵام دەبێت زۆرینەی پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات.
بۆ نموونە ئەو یاسایانەی باسیان دەكەین، ئەگەر سەرۆك بڕیاریان لەبارەوە بدات، دەبێت لەناو پەرلەمان 301 پەرلەمانتار بە بەڵێ دەنگی بۆ بدەن:
(دانانی یاسای تازە و هەروەها لادانی یاسای كۆن، پڕۆژەیاسای بودجە و هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی بیانەوێت لە بودجەدا ئەنجامی بدەن، بڕیاری جەنگ لە دەرەوەی توركیا، هەموو ئەو رێككەوتنانەی لە چوار چێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكان دەكرێت).
سەرۆك بۆ ئەوەی بتوانێت دەسەڵاتەكانی رەها بێت، ئەو یاسایانەی لە سەرەوە باس كران، دەبێت زۆرینەی پەرلەمانی لەگەڵدا بێت، جیا لەوانەی باسیش كران، چەندین یاسای تر هەن، كە پێویستیان بە زۆرینەی پەرلەمانە.
بۆیە رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە میتینگەكاندا دەڵێت ”دەنگم پێ بدەن، چونكە ئەگەر كلیچدارئۆغڵو ببێتە سەركۆماریش دەسەڵاتی نابێت و زۆرینەی پەرلەمانیان لەدەستداوە“ بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە، دەسەڵاتی سەركۆمار هیچ بایەخێكی نەبێت، نەخێر كاتێك كابینەی حكوومەت دادەمەزرێنێت، پێویستی بە پەرلەمان نییە و بۆ خۆی دەتوانێت هەر كێی بوێت بیكاتە وەزیر لە كابینەكەی، ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەسەڵاتە، جیا لەوەش چەندین بڕیاری تر هەن كە پێویستی بە پەرلەمان نییە و سەرۆك بۆ خۆی بڕیاری لەبارەوە دەدات.
ئەگەر كلیچدارئۆغڵو ببێتە سەركۆماری توركیا، پەرلەمانیش زۆرینەی سەر بە هاوپەیمانیی (كۆماریی)یە، وەكوو ئەوە وایە، كلیچدارئۆغڵو باڵندەیەك بێت، لەناو قەفەزێكی گەورەدایە و دەفڕێت، بەڵام ناتوانێت لە دەرەوەی ئەو قەفەزەدا بفڕێت. ئەگەر زۆرینەی پەرلەمان لە دەستی هاوپەیمانەكەی بایە، پێویستی بەوە نەبوو لەناو قەفەزێكی گەورەدا بفڕێت، بەڵكوو بە ئاسمانی توركیادا دەفڕی و باڵی بەسەر هەموو دەسەڵاتەكاندا دەكێشا.
گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی توركیا، چەند رۆژێكی ماوە، كلیچدارئۆغڵو، دەیەوێت گەلی توركیا تێبگەیەنێت كە دەنگی پێ بدەن و دەتوانێت وەكوو سەركۆمار زۆر گۆڕانكاری بكات، دەشڵێت ”ئەو گوتانەی ئەردۆغان دەیڵێت وا نییە كە دەسەڵاتی سەركۆمار بێ بایەخە، چونكە زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستداوە“ بەڵام نازانرێت ئاخۆ گەلی توركیا بڕوا بەو گوتانەی كلیچدارئۆغڵو دەكات؟
ئەردۆغان، بانگەشەی هەڵبژاردن زۆر بە هێمنی دەكات، وەكوو ئەوە وایە، لە شەوتی یەكەمی یارییەكەدا بە جیاوازییەكی زۆر لە پێش بێت و لە شەوتی دووەمدا تەنیا بەرگری دەكات تا بتوانێت سەركەوتوو بێت، بەڵام لە سیاسەتدا هیچ شتێك مەحاڵ نییە، بۆیە شانسی كلیچدارئۆغڵوش بۆ بردنەوە هەیە، بەڵام دەكرێت بڵێین شانسی بردنەوەی ئەردۆغان زیاترە.