عەلی وەردیی و کۆمەڵگەی تێکشکاو

25/05/2023

کاتێک کۆمەڵگە وێران دەکرێت لە هەموو بووارەکانەوە، داهاتووشی لە دەستداوە. درووستکردنەوەی کۆمەڵگە پرۆژەیەکی عەقڵانییە و داهاتوو ڕۆشن دەکات. وڵاتانی دوای جەنگی دووەمی جیهانی توانییان لە ماوەی چەند دەیەدا وڵاتە ڕووخاوەکانیان دووبارە درووست بکەنەوە. ئەوەی بە شەڕ دۆڕاندیان بە پەروەردە و هۆشیاریی بەدەستیان هێنایەوە. نموونەی وڵاتانی وەک یابان و ئەڵمانییا. 

یەکەم کاریان ڕاستکردنەوەی تاکی ڕووخاوە بۆ تاکێکی هۆشیار. تاکێک گەر هۆشیار بوو دەسەڵاتی باشی دەوێت و پۆپۆلیستەکانی میدیا یاری پێناکەن، ناسیۆنالیستی پارە و بازرگانی دین گەمژەی ناکەن. دەسەڵاتی باشیش ئینتیما بۆ تاک درووست دەکات لە ڕێگەی دابینکردنی تەواوی خزمەتگوزاریی و ئازادییەکان. گەر کۆمەڵگەیەکی تێکشکاوت هەبوو دڵنیابە داهاتووش لە دەست دەدرێت. تەواوی ستەمکارەکانی دونیا دوای لە دەستدانی کۆمەڵگە خۆشیان هەڵدراونەتە زێرابی مێژوو، چونکە کۆمەڵگەی پتەو ڤاکسینی دەسەڵاتە. لە کۆمەڵگەی تێکشکاودا هەرگیز بەهار نایات، کۆمەڵگەی تێکشکاو دەبێت لە ژێرەوە درووست بکرێتەوە نەک لە سەرەوە.

کۆمەڵناسی گەورەی عێراقیی د.عەلی وەردی دەڵێت؛ لە ساڵی 1917 ژەنەڕاڵی ئینگلیز [ستانلی ماود] دەچێتە یەکێک لە ناوچەکانی عێراق و ڕووبەڕووی شوانێک دەبێتەوە.
 بۆیە چووە لای شوانەکە و داوای لە وەرگێڕەکە کرد بە شوانەکە بڵێت: "جەنەڕاڵ یەک جونەی ئیستەرلینیت پێ دەدات ئەگەر سەگەکەت سەرببڕیت کە بەدەوری مەڕەکاندا ڕادەکات" سەگەکە پێویستییەکی گرنگە بۆ شوانەکە چونکە ئەو مەڕەکان بەڕێوە دەبات و یارمەتی پاراستنی مەڕەکان دەدات لە نێچیرەکان.
 شوانەکە سەگەکەی هێنا و لە ژێر پێی ژەنەراڵەکەدا سەریبڕی. 
پاشان ژەنەڕاڵ ماود پێی وت: دەیکەمە دوو جونەی ئەگەر پێستەکەی لێ بکەیتەوە.
شوانەکە دوو جونەی وەرگرت و پێستی سەگەکەی لێکردەوە.
  ماود پێی وت: سێ جونەیت پێ دەدەم تا سەگەکە پارچەپارچە بکەی. 
یەکسەر شوانەکە پارچەپارچەی کرد.
 ژەنەڕاڵ ڕۆیشت و شوانەکە بە دوای ژەنەڕاڵ و ئەوانەی لە گەڵیدا بوون ڕایکرد.
بانگی کرد: جونەیەکی ترم پێ بدەی دەیخۆم. ژەنەڕاڵەکە وەڵامی دایەوە: نەخێر من تەنها ویستم سرووشتی تۆ بزانم و لە دەروونناسیت تێبگەم، تۆ بە سێ جونەی ئازیزترین هاوڕێ و هەڤاڵت سەربڕی و پێستەکەت لێکردەوە و پارچەپارچەت کرد، ئامادە بوویت بە چوار جونەی بیخۆیت!
 پاشان ڕووی لە سەربازەکانی کرد و پێی وتن: "تا ئەو کاتەی ئەم عەقڵییەتە هەبێ لە هیچ شتێک مەترسن"

بێگومان بۆناسینی کۆمەڵگەی عێراقی خوێندنەوەی نووسینەکانی عەلی وەردی زۆر گرنگە، عەلی وەردی سۆنەری کۆمەڵگەی عێراقی کردووە، تاڕادەیەک بە کۆمەڵگەی کوردیشەوە.
 بۆیە هەرکاتێک کەسێک دەبێتە بالیۆزی وڵاتەکەی لە عێراق سەرەتا کتێبەکانی عەلی وەردی دەخوێنتەوە تا سرووشتی کۆمەڵگەی عێراقی بزانێت، بەتایبەت کتێبی [لێکۆڵینەوەیەک لە سرووشتی کۆمەڵگەی عێراقی].

🔹ئارام قادر حەمەسور