هیچ نەبێت کەمێک بۆستن تا بیرمان بچێتەوە

25/05/2023

رێبین هەردی
چەند ساڵێک لەمەوبەر لەسەروبەندی هەوڵی دەستکاری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و ئەوکاتەی ئۆپۆزسێۆن و یەکێتی پێکەوە هاودەنگ بوون کە یاساکە دەبێت بگۆڕێت و پارتی کەمینە بوو، بەناوی ئەوەی گوایە زۆرینە خەریکی کودتایە !! پارتی پەرلەمانی داخست و سەرۆکەکەی دەرکرد و بگرە هەموو وەزیرەکانی گۆڕانی ناردە ماڵەوە کە بەسەرە نێزەی گۆڕینی ئەو یاسایەیی دەزانی.

قسەی پارتیەکان ئەوە بوو نابێت بەبێ سازان و بە گەڕانەوە بۆ زۆرینە و کەمینە ئەمجۆرە یاسایانە دەربچێت.

چەند ساڵێک تێدەپەڕێت و هێشتا کەسمان ئەو روداوەمان بیر نەچۆتەوە هەمان حیزب و هەمان پارتی سیاسی کە ئەمڕۆ زۆرینەی هەیە. بێ گوێدانە بڕیاری سەرۆکی پەرلەمان و پاش هەڵگرتنی دانیشتنەکەش لەلایەن سەرۆکەکەوە، درێژە بەکارەکانی دەدات و بە زۆرینە و لە غیابی یەکێتی و ئۆپزسێۆن و بەدەنگی زۆرینە یاسایەک تێدەپەڕێنێ کە جگە لە خۆیان و کۆتاکان کە سێبەری خۆیانن، کەس پێی رازی نیە.

ئێ هیچ نەبێت بۆ ئەوەی شتێکی وا قەبوڵبکرێت ڕێگە بدەن ئەوەی پێشومان بیر بچێتەوە با ئەوەندە سالی بەسەردا بڕوات کە کەس لە ژیاندا نەما بێت کە ئەو روداوەی بینیوە، تا بتوانین بڵێن راست دەکەن و هەقی خۆتانە. خۆتان نەریتی ڕێز نەگرتن لەرای زۆرینەتان داهێنا و گووتتان دەبێت سازان هەبێت، نەک گەڕانەوە بۆ زۆرینە و کەمینە،ئیتر ئێستا بۆ داوا لە خەڵک دەکەن نەخێر زۆرینە قەبول بکەن.

ئەوەی هەمومان هیوادارین تەنیا ئەوەیە ئەمجۆرە سینارێۆیە بێ مانایە تەنیا دابەشکردنی دەور نەبێت بۆ نەکردنی هەڵبژاردن و دروستکردنی تەنگژەی دروستکراو نەبێت، بۆ ئەوەی بیانوو بێت بۆ نەکردنی هەڵبژاردن. چونکە عەقڵ ئەڵێت زۆر ئاسانە پێش ئەوەی ئەمجۆرە شەرە بێ مانایانە دروست بکەن، بە ئاسانی لە یەک دانیشتن و کۆبوونەوە ی جدی لەسەر ی رێک بکەون. هێز گەلێک توانیان گەورەترین بەڵگەی یاسایی گرنگ کە رەشنوسی دەستورە بە بێ وتوێژ و تەنیا بە دەنگدانێکی چەند دەقەیەی تێپەڕێنن، چۆن ناتوانن گەر بیانەوێت لەسەر مەسەلەی کۆمسیۆن و یاسای هەڵبژاردن ڕێک بکەون؟