کاسپی بە پەروەردەوە دەکرێت..!!
4 مانگ پێش ئێستا
بەهێز حوسێن
چەند ڕۆژێکە ئەڵێی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانە، دار و دیوار و عامود و جامخانە و مەوقیفی پاسەکان یەکپارچە وێنەی ئەو مامۆستایانەن کە خولی بەهێزکردن و دەرسی خسوسی ئەڵێنەوە، لە ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و سۆشیالمیدیاشدا ڕیکلام بۆ خۆیان دەکەن .
ئەڵێن وانەیەک بۆ مانگێک تا ١٠٠ هەزار دینارە بۆ یەک خوێندکار، گوایە مامۆستاکە لە ماوەی ئەو مانگەدا هەموو کتێبەکە دەڵێتەوە و زەمانی دەرچوونی ئەو خوێندکارانەش دەکات کە لای ئەو دەرسی خسوسیان خوێندووە!.
ئەمە کاسپییەکی ئاشکرایە بەسەر خوێندن و خوێندکارانەوە، ئاخر چ لۆژیکێکی تێدایە خوێندکار لە خوێندنی حکومیدا بە شەش مانگ خوێندن هیچ تێناگات و لە تاقیکردنەوە دەرناچێت، بەڵام هەمان خوێندکار و لە لایەن هەمان مامۆستای خۆیەوە بە مانگێک خوێندنی خسوسیی ئەبێت بە عەبقەری و نمرەی بەرز بەدەست دەهێنێت؟
ئەگەر مەسەلەکە ماوەی خوێندنە با وەزارەتی پەروەردە مانگێکی تر بۆ خوێندن زیاد بکات !!.
ئەی نهێنی ئەمە لە چیدایە ؟
بۆ خوێندکار لە خوێندنی ئەهلیدا پەنا نابەنە بەر وانەی خسوسی و خولی بەهێزکردنی هاوینە، بەڵام لە خوێندنی حکومیدا خوێندکار پەنا بۆ دەرسی خسوسی دەبات؟
بەڕاستی گوناهە ئاوا بە خوێندکار کە مناڵی چینی ناوەڕاست و هەژاری ئەم وڵاتەن لە خوێندنی حکومیدا وایان بەسەر دەهێنرێت!؛وەزیری پەروەردە دەڵێت چاکسازیم کردووە، ئاخر کوا و لەکوێ؟
ژمارەی خوێندنگای ئەهلی هەر لە زیادبووندایە و مامۆستای خسوسیش بەرناکەوێت، کەواتە چاکسازییەکە لە چیدا کراوە؟
بە ئاشکرا کاسپی لە پەروەردەدا دەکرێت و خوێندنگەکانی حکومەت بۆتە کارگەی بەرهەمهێنانی خوێندکار بۆ خولی بەهێزکردن و وانەی خسوسی بە پارە.