ئەخلاق و ترس...ئەخلاق و بوێریی
4 مانگ پێش ئێستا
مەریوان وریا قانع
” ئەخلاق پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ئازادییەوە ھەیە، پەیوەندیی بەوەوە ھەیە مرۆڤ نەترسێت لەوەی ئەوەی بە ڕاستی دەزانێت، بیڵێت. ئەو ژینگەیەی تیایدا دەژیی بەو شێوەیە وەسفبکات و بناسێنێت، کە ئەو باوەڕی وایە بەو شێوەیەیە. مرۆڤ کاتێک دەبێتە بوونەوەرێکی ئەخلاقیی، کە ژینگەی ناشیرن و خراپ بە ناشیرین و خراپ ناوبنێت و ژینگەی خنکێنەر وەک ژینگەیەکی خنکێنەر بناسێنێت و بەھای سوکایەتیکەر بە مرۆڤ، وەک بەھای سوکایەتیکەر پێناسبکات. ئەوەی لە ئەخلاق چاوەڕواندەکرێت ئەوەیە مرۆڤ بەردەوام ڕاستیی بڵێت، ئەوە ئەنجامبدات کە بە ڕاستیی دەزانێت، بوێربێت و ھەقیقەت بڵێت، نەک عەقڵ و تواناکانی بیرکردنەوە و ھەڵسەنگاندنی بداتە دەستی ئەو چاوساغانەی پێیدەڵێن ھەقیقەت چییە و ئەخلاق چییە و مرۆڤ کێییە و خودا چییە و ئەمیش وەک مرۆڤ چۆن لەژێر سێبەری ئەو ئەمرانەدا، بژیی.
ھەڵسەگاندن و ڕەخنەکردن و دەسکاریکردنی ئەو سنوورانەی کە ساتەوەختێکی مێژووی لەبەردەم ئازادییەکانی مرۆڤ و لەبەردەم گەشەکردنی ئازادانەی کەسەکاندا دروستیدەکات، بۆئەوەی بتوانن خۆیان خۆیان بەو شێوەیە دروستبکەن و دابھێنن کە پێیانوایە بوونی ڕاستەقینە و قووڵی ئەوان بەرجەستەدەکات، ئەرکی ھەرە سەرەکیی و ھەرە گرنگیی ئەخلاقە. ئەخلاق کاتێک دەبێت بە ئەخلاق کە ئەو کارانەی بۆ مەیسەرببێت.“
”ئەخلاق مانایەکی نامێنێت کاتێک پیادەکردنی ئازادیی بنەما سەرەکیی و کۆڵەکە ھەرە سەرەکییەکەی، نەبێت. ئەخلاق ئەگەر کۆمەڵێک یاسا و بەھا بێت و بەزۆر بەسەر مرۆڤەکاندا بسەپێنرێت، مرۆڤ ناچاربکرێت پەیرەویان بکات و نەتوانێت و ئەگەری لێدەرچونیانی لەبەردەمدا نەبێت، لەوە دەکەوێت ئەخلاق بێت. ئەخلاق کاتێک ئەخلاقە کە کەسەکان لە بڕیار و ھۆشیاریی و ھەڵبژاردنی تاکەکەسیی خۆیانەوە ھەڵیدەبژێرن و پێیدەگەن و پیادەیدەکەن، نەک ئەوەی کورتکرابێتەوە بۆ یاسا و ڕێسا و بەھای کۆمەڵێک چاوساغی دیاریکراو لە کۆمەڵگادا و لە دەرەوەڕا و بەزۆر و نائازادنە بەسەر مرۆڤەکاندا سەپێندرابێت. دۆخی سەپاندن و ناچارکردن، مانایەک بۆ ئەخلاق، وەک پەیوەندی ئینسانیی مرۆڤەکان بە خودی خۆیان و بە دەوروبەرەکەیانەوە، ناھێڵێتەوە. ئەخلاق کاتێک دەبێت بە ئەخلاق کە مرۆڤ توانای ھەڵبژاردنی ھەبێت و ئازادانە و بە مەبەستی دروستکردنی خودی خۆی وەک بوونەوەرێکی ئەخلاقی، پەیڕەویان بکات. “