چۆن دەچینەوە دیوانی خوا؟
3 مانگ پێش ئێستا
د. ڕێبین ئەحمەد رەشید
ئاردۆگان لە تورکیا پێی وتین ئەوەی ناونراوە مێژووی ئیسلام، دوورو نزیک پەیوەندی بە ئاینی ئیسلامەوە نییە وەک دینێک، بەڵکو ئەوەی هەیە مێژووی سیاسیی و بەرژەوەندی سیاسی ئیسلام و هەندێ لە دەستەبژێری موسوڵمانەکانە. هەمیشە وابووە نووسینەوەی مێژوو بە ژێر دەستی بەهێزەکاندا ڕۆیشتووە، ئەوەی سیاسی و سوڵتانەکان ویستبێتیان بۆتە مێژوو، ئەوەشی ئەوان نەیانویستبێت فڕێدراوەتە دەرەوە و حوکمی دژ و خراپەی بەسەردا بڕاوە. طەبەری لە پێشەکی تاریخەکەیدا دەڵێت ئێمە مێژوومان نەنووسیوەتەوە بەڵکو ڕووداومان گواستۆتەوە، بەو هیوایەی ئەوانەی دوای ئێمە دێن ڕاست وهەڵەی ئەم ڕووداوانە لێکبدەن و جیایان بکەنەوە و بیانکەنە مێژوو، بەداخەوە لەپاش طەبەری کەس نەک هەر بەمکارە هەڵنەستاوە، بەڵکو مێژووی سیاسی ئیسلام و مێژووی ئیسلام بەجۆرێک تێکەڵ کراون مەحاڵە بە ئاسانی جیا بکرێنەوە.
بەبڕوای من ئەوەی لەم مێژووەدا وەک دوژمن تەماشا کراوە و لە ژێر ناوە جیاوازەکانی وەک جەهمی، ئەهلی کەلام، خەواریج، موعتەزیلە و زەندەقەدا تەکفیر و کپ کراون، کوژراون و لێیاندراوە درێژکراوەی ئەو ویستە سیاسییە بوون کە حوکمی لەدەستدا بووە و بەم تۆمەتە سیاسییە-دینیانە شەرعیەتی داوە بە قڕکردنی ئەوەی وەک خۆی بیرناکاتەوە و بە مەترسی زانیوە بۆسەر دەسەڵاتەکەی.
ئەم سیاسەتە تا ئەمڕۆش هەر بەردەوامە، لەسەر بیروڕای جیاواز دەیان گروپی دینی تا ئەمڕۆش لێیان دەدرێت، قەدەغە دەکرێن و بە بیانووی فیتنە و کوفر خەڵکیان لەدژ هاندەدرێت، ئەم لێدانە هیچ نییە جگە لەو ویستەی سیاسەتی "خیلافەت و سەڵتەنەت" و بەرژەوەندی کەسی خەلیفە و سوڵتانەکان لەو ڕۆژەدا کە داخوازی بووە. دەنا ئەو خزمەتەی موعتەزیلە بە بەغدا و عەقڵی ئیسلامی دەکەن لەڕۆژی خۆیاندا جارێکی دیکە مەحاڵە وێنەکەی لە فۆڕمی دیکەدا دووبارە ببێتەوە.
ئەوە بەهۆی موعتەزیلەو گروپە عەقڵانییە هاوشێوەکانێتی ڕۆژگارێک بەغداد دەبێتە سەنتەری دیبەیت و بیرکردنەوەی جیهان و لەهەرچوارلای جیهانەوە خەڵک ڕووی تێدەکەن نەوەک خیلافەتێکی سەفاحی وەک ئەوەی عەباسییەکان کە تەنانەت ڕەحمیان بە گۆڕی خەلیفەی ئەمەوییەکانیش نەدەکرد و ئێسک و پروسکەکانیان لە گۆڕەکانیان دەردەهێنانەوە. بەڵام کاتێک موعتەزیلە هەڵەیەکی کوشندە دەکەن و بە بۆچوونێکی بێمانا و ناعەقڵانی وەک خەلقی قورئانەوە دەنووسێن و وەک ئایدۆلۆژیایەک بەرگری لێدەکەن ئیدی خەلیفەی ڕۆژیش بە فرسەتی دەزانێت تا لەو ڕێگەیەوە بە فەتوای ئەهلی قیل و قالی حەدیسەوە تاروماریان بکات و گارانتی سەڵتەنەتەکەی خۆی وەرگرێت. لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ موعتەزیلە نەک هەر ناتوانن هەستنەوە بەڵکو لەڕێگەی قەدەغەکردنی ئەمانەوە عەقڵ و عەقڵانیەتیش لە مێژووی سیاسیی ئیسلامدا تەڵاق دەدرێن و بە یەکجاری دەکرێنە دەرەوەی ژیان ژیاری کۆمەڵگا ئیسلامییەکانەوە و لە جێگایان کودەتا و خورافەبازاڕی ئەهلی حەدیس بازاڕ پەیدا دەکات. تەنانەت دیدێکی وەک دیدی هەڵگەڕانەوە و ئیرتیداد و کوشتنی مورتەد دیدێکی تەواو سیاسییە بۆ شەرعییەتدان بە بەخەلیفە و پاوانخوازییەکانی ئەم دیدە لە دیندا کراو بە دیدی ڕاجیح، ئەم بۆچوونە سیاسییە هەرگیز لەگەڵ حەقیقەتێکدا یەکنایەتەوە کە باس لە ئیمان و تەقواو و ئەخلاقیات بکات، چونکە مەسەلەی ئیختیاری مرۆڤ تێیدا دەچێتە ژێر پرسیارەوە.
بە بۆچونی شکەستە نەفسیانەی بەندە ئەم مێژووە دەبێت سەرلەنوێ خوێندنەوە و پێداچوونەوەی جیدی بۆ بکرێتەوە، چونکە ئەو دوونیابینییەی ئەو مۆرەی لەوگروپانە داوە دونیابینییەکی سیاسی بووە بە ئیمتیاز نەوەک دوونیابینییەکی دینی و عەقڵانی و حەقیقەتی دینی و ئەخلاقی بووبێت.
ئەمڕۆ حکومەتەکەی ئاردۆگان هەمان کاردەکات، چونکە مێژووی ئیسلامی سیاسی سیاسەتی دینی ئەمڕۆ ئەم دەینووسێتەوە، بۆچی؟ چونکە هێزی لەدەستدایە. ئاڵپ ئارسڵان قویتول کەسێکی سەلەفی مەشرەب و و دیندار و ڕێبەری ڕۆحی گروپی فورقانە، لەهەمان کاتدا دەرچووی ئەزهەریشە تەنها لەبەر ئەوەی بەیعەت ناداتە ئاردۆگان و پێی وایە سوڵتانێکی جائیرە بەبێ هۆ پێنج ساڵ زیاترە لە زینداندایە، شوێنکەوتوانی دەگیرێن و لێیان دەدرێت، گروپەکەی لە وڵاتدا قەدەغەدەکرێت و وەک لادەر تەماشا دەکرێن.
دەیان هەزار لایەنگری زانایەکی ئاینی سۆفی مەشرەبی وەک فەتحوڵا گولەن لە زیندان دان، خودی گولەن کە خاوەنی زیاتر لە حەفتا کتێبە لە بوارەکانی فیقهی دینی، تەسەوف و شەریعەتدا لەلایەن دەزگای دینی و ئەوقافی ئاردۆگان و دەوڵەتەکەیەوە بە فەرمی تەکفیر کراوە و وەک محەمەدی مەهدی ساختە ناسێنراوە، گروپەکەشی وەک گروپێکی گومڕا و گومڕاکەر "ضال مضل" لەلایەن دامەزراوەی فەتوای ئەو وڵاتەوە ناسێنراوە.
من دەتوانم تێبگەم کەسێکی وەک سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆچی دەخرێتە زیندان، بەڵام گەر مێژووی سیاسیی دینی خۆی دووبارە ناکاتەوە و هێز مێژوو نانوسێتەوە ئەو دەیان گروپە دینیە لە تورکیادا چۆنە لەسەر بیروڕای سیاسی جیاواز"نەوەک بیرۆڕای جیاوازی دینی" تەکفیر و تەفسیق دەکرێن و لە بازنەی دین دەکرێنە دەرەوە و یەکێتی زانایانی جیهانی و دەزگا دینییەکانی دیکەی دونیا هیچ هەڵوێستێکیان نییە، ئەمە لەکاتێکدایە دەیان گروپی داعش و داعش مەشرەب بە ئازادی لەو وڵاتەدا بۆ کاتی پێویست خاوەندارێتیان لێدەکرێت!
بە قەولی ولیام هیگڵ مێژووی مرۆڤایەتی بازنەیی و قۆرت قۆرتە، ئەم قۆرتانەش بەردەوام خۆیان لە فۆڕمی جیادا و بە هەمان ناوەڕۆک دووبارە دەکەنەوە، ئێمە لەبەردەم دەووباربوونەوەیەکی تەمام عەیاری مێژووی سیاسی دینیداین کە لایەنێک لەڕێگای هێزە سیاسییەکەیەوە دەینووسێتەوە و ناهێڵێت تەنها یەک خاڵیشی بە ژێر دەست و بازووەکانی ئەمدا نەڕوات. ئەوەی گرنگە لەم دوبارەبوونەوانە مرۆڤ دید و دیدگا کۆن و بۆماوەییەکان وەک کاژی مار فڕێ بدات، ئەزمون وەربگرێت لە ڕابردوو، نەنووسێت بە بۆچوونێکەوە کە خۆی تەحقیقی تێدا نەکردووە، بیرکردنەوە دینی و نادینییەکانی خۆی نەداتە دەست کەسانی دیکە تا لە جێگای ئەم بیر بکەنەوە و بۆی ببڕن و بۆی بدروون، کەس ە سێبەری خودا نەزانێت لەسەر زەوی ، دەبێت خۆی و ویژدانی خۆی مەرجەعی سەرەکی هەڵاوێرد و لێکدانی ڕووداوە مێژوویی و نامێژووییەکان بن، لەسەر ئەساسی وەلائی سیاسی و ئایدۆلۆژی ڕق و کینە لە تاک و گرووپە فیکری کۆمەڵایەتییەکان بینا نەکات چونکە دواجار وەک قورئان دەڵێت ئێمە یەک یەک دەڕۆینەوە بەردەم خودا بۆ لێپرسینەوە "و کل اتیە یوم القیامة فردا".