دوای هەڵبژاردن بۆچی لیرەی توركی لە داڕووخانە؟
3 مانگ پێش ئێستا
وەزیرە كوردەكە دەبێتە فریادەڕسی ئەردۆغان؟
كارزان گلی
لە كاتێكدا هەموو چاوەڕێ بوون، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتیی لە توركیا، رەوشی ئابووری ئارامییەك بەخۆیەوە ببینێت، هەروەها لیرەی توركیش بەرامبەر بە دۆلار بەرز ببێتەوە، كەچی لیرە ئەوەندە ئاستی دابەزیوە، بووەتە باسوخواسی میدیا جیهانییەكان، كە پێشبینی دەكرێت تا سەری ساڵ، یەك دۆلار ببێتە 30 لیرەی توركی.
محەممەد شیمشەك، وەزیری دارایی و ئابووری توركیا، وەكوو كەسێكی رزگاركەری ئابووری توركیا ناوی دەهێنرا، بەڵام تا ئەم كاتە وا دەرنەچووە و بەرنامەی كاری نەبووەتە هۆی باش بوونی رەوشی ئابووری لە توركیا.
ئەگەرچی جارێ زۆر زووە بڕیار لەبارەی سەركەوتن یان سەرنەكەوتنی شیمشەك بدەین لەڕووی ئابوورییەوە، چونكە مانگێك بەسەر دستبەكاربوونی تێپەر نەبووە، بەڵام داڕووخانی لیرەی توركیا، كە لە ماوەی یەك هەفتەدا 7% بەهای خۆی لەدەستدا، زەنگێكی مەترسیدارە بۆ شیمشەك، كە زەحمەتە بتوانێت توركیا لەو قەیرانە رزگار بكات.
ئاژانسی رۆیتەز لەبارەی داڕووخانی لیرەی توركی بڵاوی كردووەتەوە، دەبێت رێگەخۆش بكرێت تا وەبەرهێنەری بیانی روو لە توركیا بكەن، بۆ ئەمەشیان دەبێت ئارامییەكی تەواو لە توركیا هەبێت و هەروەها یاساكانی وەبەرهێنانیش لە رەگەوە بگۆڕدرێن.
بەهۆی ئەوەی، رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، مەیلی ئەوەی نییە ریفۆرمی ئابووری و سیاسی ئەنجام بدات، بۆیە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، بۆ وەبەرهێنەری بیانی یاساكان ناگۆڕێن و گۆڕانكاریش بەڕێوە نییە.
محەممەد گون، شارەزای ئابووری لە توركیا، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركیا كردووە و دەڵێت: ”بۆ ئەوەی بتوانین گۆڕانكاری بكەین لەڕووی ئابوورییەوە، تەنیا كەسەكان گرنگ نین، بەڵكوو دەبێت یاسا لە توركیا سەروەر بێت. بۆ ئەوەی شیمشەكیش وەكوو وەزیری دارایی و ئابووری بتوانێت سەركەوتوو بێت، دەبێت ژێرخانی یاساكان بەهێز بكرێت و دەسەڵاتەكانی ئەردۆغان بەسەر یاساوە سنووردار بكرێت.“
چەند مانگێك بەر لە ئێستا، ئۆرهان توران، سەرۆكی كۆمەڵەی بازرگانانی توركیا، لە كۆنفڕانسێكدا لەبارەی رەوشی ئابووری توركیا ئاماژەی دا، پێویست دەكات لە توركیا دادگاكان بێلایەن بێت، هەروەها پەیوەندی دیبلۆماسی نێوان توركیا و یەكێتی ئەورووپا بەهێز بكرێت، ئەوكات رەوشی ئابووری بەرەو باشی دەچێت.
ئەو دەڵێت: ”ئەگەر یاسا لە توركیا هیچ حیسابێكی بۆ نەكرێت، ئەمە بۆ وەبەرهێنەری بیانی مایەی نیگەرانییە و لە توركیا دوور دەكەونەوە، هەروەها میدیا ئازاد نەبێت و دادگاكان بێلایەن نەبن، كەشوهەوا بۆ وەبەرهێن نەرێنی دەبێت.“
وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەورووپا، بەردەوام رەخنە لە توركیا دەگرن و تۆمەتباری دەكەن بەوەی، رێز لە یاسا ناگرێت و دەستوەردانی ئاشكراش لە دادگاكاندا هەیە.
ئەگەر بڕیار بێت، وەبەرهێنەری بیانی دەتوانێت لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار بەرز بكەنەوە، پێویست دەكات، توركیا رێز لە بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا بگرێت، كە داوای لە توركیا كردووە، عوسمان كاڤالا، چالاكوانی سیاسی و هەروەها سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ، هاوسەرۆكانی پێشووی هەدەپە لە زیندان رزگار بكرێن.
وەبەرهێنەری بیانی، دەیەوێت لە توركیادا وەبەرهێن بكات، بەڵام ئەوكات پارەكانیان دەهێننە توركیا، كە لەڕووی سیاسییەوە ئەو وڵاتە ئارام بێت، هەروەها یاسا سەروەر بێت و دیموكراتی بەهێز بێت، بەڵام بەردەوام توركیا بەپێشێلی یاسا و مافی مرۆڤ تۆمەتبار دەكرێت.