خۆماڵیکردنی نەوت

3 مانگ پێش ئێستا

دەربارەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان زۆر نوسراوە، بەڵام لەبارەی خۆماڵیکردنی نەوت. کەم، خۆماڵیکردنی نەوت ئەو پڕۆسەیەیە کە زۆرێک لە وڵاتانی خاوەن سامانی نەوت لەپاش دۆزینەوەی نەوت دەستیان پێکردووە و سەرەنجام سوودێکی زۆریان لە نەوت بینیوە بەھۆی ئەم پڕۆسەیەوە، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا گووتاری خۆماڵیکردنی نەوتمان نەبوو ، لەم نووسینەدا ھەوڵ دەدەم لەبارەی خۆماڵیکردنی نەوت و ئەزموونی وڵاتان بدوێم.
پڕۆسەی خۆماڵیکردنی نەوت. بریتیە لە بەنیشتیمانیکردن و دامەزراوەییکردنی نەوت، واتە لەم پڕۆسەیەدا ھەم نەوت بە دامەزراوەیی دەکرێت کە خۆی دروستکردنی دامەزراوەی تایبەتی وەک کۆمپانیای حکومی و ھەروەھا بەنیشتیمانیکردن واتە دەستوەردانی وڵاتانی دیکە لە پڕۆسەکە سنوردار و کەم دەکرێتەوە.
لەدوای جەنگی جیھانی دووەمەوە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست خەباتی دژی ئیمپریالیستیان دەستپێکرد و بە خۆماڵیکردنی نەوت لە ئێران ئەم خەباتە گەیشتە ئەوپەڕی، چونکە لەو کاتەدا ئێران گەورەترین وڵاتی بەرھەمھێنی نەوت بوو لەم ناووچەیەدا. دەرھێنانی نەوت لە عێراق لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە دەستیپێکرد، لە ئۆکتۆبەری 1927دا دۆزینەوەی نەوت لە کێڵگەی نەوتی کەرکوک ڕاگەیەندرا، ئەمە یەکەم کێڵگەی نەوت بوو لە عێراق بدۆزرێتەوە، لەو ماوەیەدا کۆمپانیای نەوتی عێراق کە بە (IPC)ناسرابوو بەرپرس بوو لە ھەڵکەندن و گەڕان و دەرھێنانی نەوت، ئەم کۆمپانیانە لەلایەن ژمارەیەک وەبەرھێنی ئەوروپیەوە خاوەندارێتی دەکرا. 
لە سەردەمی پاشایەتیدا حکومەتی عێراق گەیشتە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکانی بواری نەوت کە لە عێراقدا کاریان دەکرد، بە گوێرەی ئەم ڕێککەوتنە حکومەتی عێراق داھاتی کێڵگە نەوتیەکانی لەگەڵ کۆمپانیاکان بەش دەکرد. 
پەنجاکانی سەدەی بیستەم، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ھەستی نەتەوەگەرایی لە ناوچە عەرەبیەکان، حکومەتی عێراق یەکەم ھەنگاوی بەرەو خۆماڵیکردنی نەوت دەستپێکرد، ئەمەش بە کۆتووبەندکردنی کاری کۆمپانیان بیانیەکان، یاسایەک دەرکرا کە ڕێگەی بە کۆمپانیا بیانیەکان نەدەدا کار لە کێڵگە نوێیەکاندا بکەن، بەڵکو تەنھا کاریان  لە کێڵگە کۆنەکان دەکرد،ساڵی 1964 هەنگاوی دووەم هەڵگیرا،ئەوەش كاتێك بوو كە عەبدول سەلام عارف (كۆمپانیای نیشتمانی نەوت)ی دامەزراند‌و ئامانج لێی گەڕانبوو بەدوای كێڵگەی نوێ‌و بەرهەمهێنانی بەوشێوەی كە خزمەت بە بەرژەوەندی عێراق دەكات. 
بەڵام هەنگاوی یەكلاكەرەوە خۆی لە دەركردنی بڕیاری خۆماڵیكردنی نەوتی عێراقدا دەبینییەوە لەرۆژی 1ی حوزەیرانی  1972دا، بەبڕیاری ئەحمەد حەسەن بەكر ی سەرۆكی عێراق.
 لەو یاسایەدا كە پرۆسەی خۆماڵیكردنەكە رێكدەخات، هاتووە: " كارەكانی كۆمپانیای سنورداری نەوتی عێراق لەو ناوچانەی بەگوێرەی یاسای ژمارە 80ی ساڵی 1961 بۆی دیاریكراوە،بەنیشتمانی دەكرێت‌و خاوەندارێتی سەرجەم دامەزراوەو ئەو مافانەی كە پەیوەندییان بەپرۆسە ناوبراوەكانەوە هەیە دەبێت بگوازرێنەوە بۆ سەر دەوڵەت (1). 
دیارە ئەم ھەنگاوانە ھەروا ئاسان و بێ دەستوەردانی دەوڵەتە زلھێزەکان نەبووە، برایان ڕۆبێرت گیبسن لە کتێبیەکەیدا بەناوی  سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، عێراق و کورد و جەنگی ساردا دەڵێت: 
لەساڵی 1962دا ئیدارەی جۆن کێنەدی سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فەرمانی بە (CIA) کرد ڕێگەیەک بۆ لەسەر تەخت لادانی (قاسم) بدۆزنەوە ، ئەمەش دوای ئەوەی کە(قاسم) دەستی بەخۆماڵیکردنی ئیمتیازی کۆمپانیایەکی نەوت کرد کە ھی ئەمریکیەکان بوو(2). 
ئەوە ڕوونە کە نەوت جگە لە ڕەھەندە ئابوریەکەی ڕەھەندێکی گەورەی سیاسی ھەیە، یەکێک لە ھۆکارە گەورەکانی ھاتنی دەوڵەتانی ئیمپریالیست بۆ ڕۆژھەڵانی ناوەڕاست بوونی نەوتێکی زۆرە لەم ناوچەیە، بەگشتی لە جیھاندا چوار بلۆکی نەوتی گەورە بوونی ھەیە، بلۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڕووسیا، ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای باشور، بۆیە دەوڵەتانی زلھێز بەردەوام لەم ناوچەیەدا لە ملانێیەکی گەورەدا بوون  و ئەگەر بەشێوەیەکی سیاسی و سەربازیش نەبووبێت بەشێوەی کاری بازرگانی و ئابوری لێرە ئامادەییان ھەبووە کە دواجار چۆتەوە خزمەت ئامانجە سیاسیەکانیان و ھەروەھا تا لەڕێگەی کۆمپانیا نەوتیەکانیان قازانجێکی گەورەی ئابوری بکەن.
لە ساڵی 1908ەوە لە ئێران دەست بە دەرھێنانی نەوت کراوە، ھەتا ساڵی 1950 کە پیشەسازی نەوت خۆماڵیکرا، کۆمپانیای نەوتی ئێران و ئینگلیزی پێشوو 326 ملیون تۆن نەوتی دەرھێناوە کە ئێران تەنیا 105 ملیۆن لیرەی ئیستەرلینی دەستکەوتووە، لەکاتێکدا کۆمپانیا 790 ملیۆن لیرەی ئیستەرلینی قازانجی کردووە.(3). 
ئەم نا ھاوسەنگیە زۆرە لە کەرتی نەوتی ھەرێمیش بوونی ھەیە، لە وتارێکی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمدا لە ساڵی ڕابردوو، بەڕوونی ئاماژەی بەوەکرد کە 43% ی داھاتی نەوتی ھەرێمی کوردستان کە زۆترین پشکی داھاتەکەیە بۆ کۆمپانیاکانی دەرھێنانی نەوتە دەروات(4). 
ھەرێمی کوردستان زۆر پێویستی بە خۆماڵیکردنی نەوت و بەڕێوەبردنێکی باشی کەرتی نەوت ھەبوو. ڕەنگە یەکێک لە ھۆکارەکانی ئەوەی کە عێراق لە ڕێگەی دادگاوە نەوتی ھەرێمی خستەوە ژێر ھەژموونی خۆی ئەوەبێت کە نەوتەکە بەفیڕۆدراوە بۆیە ئێستا ئامادە نیە بەھەمان گرێبەستی ھەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتیەکان تێچووی دەرھێنانی نەوت بدات، چونکە تێچووی دەرھێناھی نەوت لە عێراق دۆلارێک و نۆ سەنتە بەڵام لە ھەرێم دەگاتە 17 دۆلار، ھەروەھا ھەرزانفرۆشکردنی نەوتیش ھۆکارێکی دیکەیە.

دەکرا زوو لە ھەرێم بیر لەوە بکرایەتەوە کە  کۆمپانیایەکی تایبەت بە فرۆشتنی نەوتی ھەرێم  دروست بکرایە پاشان، ڕێککەوتنی ھاوسەنگانە لەگەڵ کۆمپانیاکان بکرایە، ھەروەھا دیدو ستراتیژی تایبەت بۆ نەوت ھەبووایە کە نەبوو، نێچیرڤان بارزانی لە ساڵی 2013 لە پەرلەمانی کوردستان لە وتارێکدا کە بەبۆنەی فرۆشتنی نەوت پێشکەشیکرد وتی" ئێمە نەوت بەسەربەخۆ دەفرۆشین لەبەر ئەوەی بەغداد بزانێت کە دەتوانین بیکەین" ئەمە ھەڵچوونێکی سایکۆلۆجی بوو بەرامبەر بە بەغدا نەوەک دید و ڕوانین و سیاسەتێکی ڕوون و تایبەت  
بۆ نەوت.

ھاوڕێ ڕەزا محمد


سەرچاوەکان:
1.https://drawmedia.net/page_detail?smart-id=12580

2.برایان ڕۆبێرت گیبسن، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. عێراق و کورد و جەنگی سارد،و: شەفیقی حاجی خدر، چاپی دووەم.2022 دەزگای جەمال عیرفان. ل 20
3.عەبدولرەحمان قاسملو، کوردستان و کورد، و: عەبدوڵای حەسەن زادە، چاپی ھەشتەم2014، دەزگای چاپ و پەخشی ڕۆژھەڵات، ل 238
4.https://fb.watch/ldVcPd5iES/?mibextid=v7YzmG