لەم دەریای موغاڵەتەچییانەدا تەنها لۆژیک ڕزگارمان دەکات!

2 مانگ پێش ئێستا

ڕێبین ئەحمەد رەشید
لۆژیک و بەتایبەتیش لۆژیکی ئەرستۆیی چەند بەشێکە، بەڵگەو دەلیل، جەدەل، هونەر و شیعر لقەکانی لۆژیکن، یەکێکی دیکە لە لقەکانی موغاڵەتەیە. لە سادەترین واتایدا موغاڵەتە واتە ڕاستی شوێنک بهێنیت لە شوێنێکی دیکە بەمەبەستی چەواشەکاری و زۆرجاریش بۆ دروستکردنی هەژموون و دەستکەوت و بۆڕدانی بەرامبەر دایبنێیت. ئەم باسە لە کەلام و فەلسەفەی ئیسلامیدا زۆر لەسەری گوتراوە و هەموو مەلایەکی کۆن لە حوجرەدا ئەم باسەی خوێندووە، چونکە بەشی زۆری قیاساتی فیقهی لەسەر لۆژیک بینا دەکرێن. لە کتێبێکی ئوسوڵی فیقهی وەک کتێبی  جەمعول جەومیعدا "خۆم بەدەرس خوێندوومە" بەشێکی گەورە هەیە لەسەر قیاس کە تەواوی بەشەکە پشت بە بەڵگەی لۆژیکی و بورهانی لۆژیکی دەبەستێت. موغاڵەتە خۆی لەخۆیدا دەبێتە چەند بەشێک،  لای ئەرستۆ زارەکی و نازارەکی، لای کانت دەبێتە چوار بەش:
substantiality, simplicity, personality, and ideality.
قسەی ئەم مامۆستایە دەچێتە چوارچێوەی جۆرێک لە موغاڵەتەی نازارەکییەوە و دەیەوێتبە چەند وشە ومەفهومێکی ناڕوون، مەزهەب و ڕێباز و  مەبەستێک وەک ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە نیشان بدات، هەر ئەوەندەش نا دەرەوەی ئەو مەبەستە ناڕوونەی خۆی هەمووی بە گومڕاو و تیاچوو دەزانێت.
ئەم مامۆستایە دەڵێت: "ئەوەی سواری کەشتیی سەلەفییەت نەبێت ڕزگاری نابێت". ئەم قسەیە  سێ موغاڵەتەی زۆر زیرەکانەی تێدایە. کەسێک ئاگاداری لۆژیک نەبێت خێرا تێدەکەوێت و دەبێت بە داوی مامۆستاوە. مامۆستا دەبێت پێمان بڵێت ڕێبازی سەلەفییەت چییە؟ چۆنە؟ تیۆرەکانی کامانەن؟ ئایا شتێکمان هەیە بەناوی ڕێبازی سەلەفییەتەوە؟
ئێمە نە لە عەقیدەی ئیسلامیدا نە لە ئوسوڵی فیقهەکەیدا نە لە فیرقە فەلسەف و کەلامی و عیرفانی و تەسەوفییەکانیدا کتێبێک، نووسراوێک یان مەلزەمەیەکمان نییە بەناوی مەزهەب و ڕێبازی سەلەف، ئەوەی هەیە لەڕێگای ڕیوایەتی جیاوازەوە تەرزێکی دیاریکراوی ئیجماع لەسەر نەکراو لە ژیانی پێغەمبەر د.خ و هاوەڵانی گەیشتۆتە ئێمە و ئم مەزاهیبە جیاوازانەی لێ کەوتۆتەوە.
 بەڵێ  گەر تۆبێیت  بەمن بڵێیت موعتەزیلە، ئەشعەری، کەلامی، جەهمی، شافیعی، مالیکی چییە دەتوانم پێت بڵێم چین،میتۆدەکانیان چین، ڕاست و هەڵەیان چییە و چییان دەوێت میتۆدۆلۆجیای کارکردنیان چۆنە. بەڵام شتێکمان نییە بەناوی ڕێباز و مەزهەبی سەلەفەوە، لەم ڕووەوە چەند بگەڕێین هیچمان دەستناکەوێت. ئەم جۆرە لە موغاڵەتە لە لۆژیکدا پێی دەگوترێت موغاڵەتەی تێگەیشتنی ناڕوون "مفهوم غیر واچح". واتە وشەی ڕێباری سەلەف گوزارەیەکی ناڕوون  پێناسەنەکراوە، چۆن چۆنی ئەم گوزارە ناڕوونە دەشێت شتی دیکەی پێ ڕوون بکرێتەوە؟
بەشی دووەمی موغاڵەتەکە وشەی "ڕزگار بوونە". مامۆستا زیرەکانە ئەم وشەی هەڵبژاردووە و وەک موتڵەقێک بەبێ ئێوەی پێمان بڵێت مانای ڕزگار بوون چییە و چۆنە ئێمەی پێ بۆمباردمان دەکات. دەبێت سەرەتا ئێمە بزانین مامۆستا مەبەستی لە ڕزگار بوون چییە؟ ڕزگار بوون مەفهومێکی نیسبی و ڕێژەییە، لای باوکێک چاکبوونەوەی مناڵە نەخۆشەکەیەتی، لا سۆفییەک گەیشتنە بە ویساڵی یار، لا موجاهیدێک شەهید بوونە، لای بانگخوازێک دیندارکردنی کۆی کۆمەڵگایە، لای فەیلەسوفێکیش گەیشتنە بە وەڵامی پرسیارە وجودییەکان و دروستکردنی پرسیاری نوێیە. لێرەشدا  دیسان مامۆستا بە میتۆدێکی ناڕوون چەمکی ڕزگار بوون لە فۆڕمێکی موغاڵەتئامێزدا دەسەپێنێت.
موغاڵەتەی سێیەمی ئەم ڕستەیە ئەوەیە ئێمە لەچی ڕزگارمان دەبێت گەر سواری کەشتییە وەهمییەکەی مامۆستا بووین، ئەو مەترسیانە چین وا وەک لافاوەکەی نوح ئێمە ڕادەماڵن؟ ئەو مەترسییە کامەیە و چۆنە؟ ئەمەش بۆخۆی ناڕوونە و موغاڵەتەیە.
موغاڵەتەی چوارەمی ئەوەیە ئەم کەشتی چ جۆرە کەشتییەکە، ڕوون نییە، ئایا  تەنها مرۆڤ سەردەخات یا مێگەل و مەڕوماڵاتیش؟