بەختەوەری گەل و سەقامگیریی حكومەت

2 مانگ پێش ئێستا

فەیسەل عەلی*
لە رابردوودا حكومەتەكان لەسەر حسابی بایەخدان بە گەشەپێدانی مرۆیی زیاتر بایەخیان بە گەشەی ئابووری دەدا، تا نەتەوە یەكگرتووەكان داوای گرنگیدان بە ئەژماركردنی ئەندیكەیتەری گەشەپێدانی مرۆیی كرد، بۆ ئەوەی زیاتر تیشك بخرێتە سەر گەشەپێدانی مرۆڤ، بە هەمان شێوە زۆرێكی دەوڵەتان بەختەوەری گەلەكەی نەخستۆتە لیستی ئەولەویەتەكانییەوە، بەڵكو هەوڵی سەقامگیری دەسەڵاتەكەی دەدات لەمیانی كۆنترۆڵكردنی گەلەكەی‌و قەناعەت بە تێڕوانینی حكومەت بۆ بەختەوەری‌و ژیانێكی ئاسوودە بكات.
داهات‌و هەژاری
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەندیكەیتەری بەختەوەری (Happiness Index) بۆتە جێ بایەخی دەوڵەتان، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەندیكەیتەرەكان بەختەوەری لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت دەركەوتن‌و بەراوردكاری لەنێوان ئەو فاكتەرانەی كاریگەرییان لەسەر بەختەوەری‌و بەدبەختی گەلان هەیە دەكرێت، وەك ئەرستۆ دەڵێت: «بەختەوەری مانا و ئامانجی ژیانی مرۆڤە».
فاكتەری زۆر هەن، كە كاریگەرییان لەسەر قاییلبوون بە ژیان‌و پاشان بە بەختەوەری لەسەر ئاستی تاكەكەس هەیە، لەوانە: تەندروستی دەروونی‌و تەندروستی لەش، هەروەها وەزیفە، داهات‌و هەژاری، ئەم ئەندیكەیتەرانە لەسەر ئاستی دەوڵەتان بەكاردەهێنرێن، وەك: نێوەنجی تەمەنی مرۆڤ، ئاستی ئازادیی بڕیاردان لەلایەن تاكەكان، ئاستی ئەو پشتیوانییە كۆمەڵایەتییەی هاووڵاتی دەست دەكەوێت، بەركەوتی تاك لە داهات، ئاستی گەندەڵی‌و خوێندن‌و.. تد.
ئەندیكەیتەری بەختەوەری
جێی ئاماژە پێكردنە، نەرویج لە سەرووی لیستی دەوڵەتانی جیهانە لە ئەندیكەیتەری بەختەوەری بۆ ساڵی ٢٠١٧، كە نەتەوە یەكگرتووەكان لەساڵی ٢٠١٢وە ساڵانە بە هاوكاری چەند دامەزراوەیەكی تری نێودەوڵەتی بڵاویدەكاتەوە، بەدوایدا دانیمارك دێت، پاشان ئایسلەندەو سویسراو فنلەندە دێت، ئەمێركا پلەی چواردەیەمینی گرتووە. ئەوەی جێی سەرنجدانە ژاپۆنە كە لەپلەی پەنجاو یەكدایە. ئیماراتیش لە پلەی بیست‌و یەكەمدایەو پێشەنگی دەوڵەتە عەرەبییەكانی گرتووە.
پێشەنگیی ئیمارات‌و ئەو پلەیەی گرتویەتی زۆر ئاساییە، بەتایبەتی كە بایەخێكی زۆر گەورەی بە بەختەوەری داوە، كە پێش زۆرێكی دەوڵەتانی جیهانیشی داوەتەوە، ئەو بایەخدانەی خۆی لە دامەزراندنی وەزارەتێك بۆ بەختەوەری بەرجەستە كردووە، دیارە ئەمەش رەنگدانەوەی تێڕوانینی سەركردەكانی ئەو دەوڵەتەیە تا گەنجانی ئەو دەوڵەتە خۆیان ئایندەی خۆیان دابمەزرێنن‌و پشتیوانی لە بەهرەمەندان‌و عەقڵەكان لەسەر ئاستی هەموو جیهان بكەن بۆ داهێنانی میكانیزمی كاری حكومی تا چارەسەر بۆ ئەو تەحەدیاتانە بدۆزنەوە كە رووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە، ئەمەش لەڕێی بەشداری پێكردن ناودارترین زانكۆكانی جیهان، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر پێوەرەكانی بەختەوەری‌و دەستهاتە ئابووری‌و كۆمەڵایەتییەكانی بكرێت، هەروەها چۆن ئەوانە بە كوالێتی ژیانی مرۆڤەوە گرێ بدرێت، ئەمەش لەڕێی خستنەڕووی ئەزموونی هەندێك لە دەوڵەتانی جیهان كە لەم بوارەدا سەركەوتوون‌و جێی دەستیان دیارە، دواتر خستنەڕووی ئەنجامی توێژینەوەی كۆڵینەوە زانستییەكان. بۆ نمونە خستنەڕووی پەیپەری فرانسیس فۆكۆیاما لەمەڕ «دووبارە نوسینەوەی مێژوو: دەوڵەتی گریمانەیی» كە درێژەپێدەری ئەو بۆچوونە هزرییەیەتی كە لە كتێبە بەناوبانگەكەی «كۆتایی مێژوو» خستبوویەڕوو، هەروەها پەیپەری ئاریانا هاڤینگتۆن لەمەڕ «شۆڕشی سێیەمی ژنان» و دوای ئەوەش پەیپەری خوان ئانریكیز بە ناونیشانی «كۆپی داهاتوو مرۆڤ» و چەندنینی تر.
بەختەوەری كۆمەڵگەو تاكەكان
بێگومان ئەندیكەیتەری بەختەوەری لەسەر سامپڵێكی گەورەی بابەتییانە، كە رەنگدانەوەی رازیبوونی هاووڵاتیان لەخۆدەگرێت لەسەر بەڕێوەچوونی كارو چالاكییەكانی حكومەت بەشێوەیەكی شەفاف، كە لێوەی سەقامگیری‌و سەلامەتی‌و بەختەوەری كۆمەڵگەو تاكەكان بەدیبهێنێت.
لەعیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، هاووڵاتیان لە چاوەڕوانی دابینكردنی مافە سەرەتاییەكانیاندان لەئاو و كارەباو سوتەمەنی، كە دەشی دابینكردنی ئەم مافانە پێوەری بەختەوەرییان بن. نەك ئەوانەی حكومەتەكانی تر كاری لەسەر دەكەن.
* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان