سـێگۆشەی عەشـقێکـی ناکــام...
1 مانگ پێش ئێستا
(ئازاری برا گــەورەکـان)!
- برا گەورە، ھەندێکات ھاوشێوەی کێوێکـی سەخت و خۆڕاگر و بن نەھاتوە، وە ھەندێجاریش وەک کێوێکـی ناخ بورکانی وەھان.
- زۆرکات مرۆڤە دڵرەقەکان، لە ناخدا خاوەن دڵێکـی میھرەبانن، بەڵام چون ڕێگەی دەربڕینیان کەم و کەمدرکاوانەیە، ھەربۆیە زۆرکات وەک مرۆڤێکی بێھەست و بێ بەزەیی دەردەکەون.
کورتەیەک لە بارەی زنجیرە تیڤی ئازادم کە - ەوە؛
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
حاتەم و ھاتف، دو برای ئاکار و رەفتار جودان، ھەردوکیان کوڕی خانەوادەیەکی دەستڕۆیشتوی پارەدارن، بەڵام خاوەن دو ئەقڵیەتی تەواو جیاوازن، بەجۆرێک حاتەم، کە برا گەورەکەیانە، تا بڵێی کەسێکی توندوتیژ و ڕەقرەفتار و زو ھەڵچوە، بەڵام لە ناخەوە خاوەن دڵێکی پاک و تەواو میھرەبانانەیە، بەڵام ھاتف، سەرەڕای ترسنۆکی و خۆپەرستیەکەیی و درۆزانییەکەی، کەسێکی ژێرەوبڕ و فێڵباز و شەیتانانەیە! باوکیان سەرەڕای ئەزمونە پڕەکەی، بەڵام باوکسالارانە ڕەفتار لەگەڵ منداڵەکانی و دەوروبەریدا دەکات. ھەرچی خوشکە تاقانەکەشیانە تا بڵێی کەسێکی کەمئەزمونی سادەدڵە و زۆر بە زویی عاشق دەبێت و دەکەوێتە دوا و فێڵی خۆشەویستییەوە. حاتەمی برا گەورەیش، لە ھەمویان زیاتر بەرپرسیارێتی خانەوادەەی لەسەرشانەوە و تەنانەت سەرپەرشتاری کانەخەڵوزەکەیە کە لە باوکییەوە وەک میراتی پیشە بۆی ماوەتەوە.
ڕوداوە سەرەکییەکان؛
ــــــــــــــــــــــــــــــــ
حاتەم بە ھۆی ھەڵەیەکەوە ژنەکەی دەرکردوە و خاوەن منداڵێکی - مەنگۆل- ە، لەگەڵیدا عاشقی پەرستارێکە کە تازە بۆتە دایەنی منداڵە خاوەن پێداوستییە تایبەتەکەی. ھاتف-یش، گەنجێکی ترسنۆکە، بەڵام ئارەزوی یاخی بونیشی تێدایە، لە دەست باوکی ھەڵھاتوە و چۆتە تاران لە باڕ و بیلیاردێک ژیان دەگوزەرێنێت.
- زۆرکات برا گەورە و نۆبەرەی خانەوادەکان وەک دیکتاتۆر و تاکڕە و ترسێنەر و تۆقێنەر وەسف دەکرێن، بەوەی ھیچکات نابێت ھیچ شتێک بێ پرسی ئەوان ئەنجام بدرێت، بەڵام بێ تێگەیشتن و قوڵبونەوە لە ناخی ئەوانیش کە ناوەوەیان ھاوشێوەی کورەیەکی گڕاوی و سەخت و خۆڕاگرین کە ناچارن بەوجۆرە لە بەرانبەر سەختی و بێ ڕەحمییەکانی ژیان دەربکەون.
برا گەورەکان، زۆرجار قوربانین، بەڵام بەھۆی ڕەفتارەکانیانەوە وەک شەیتانێک و ستەمکارێک تەماشادەکرێن لە کاتێکدا دیوێکی فریشتەئاسایان ھەیە کە زۆر کەم دەرک دکرێن. جا کێشەی سەرەکی حاتەمیش ھەر ئەمە بو.
برا گەورەکان، گەرچی فەرمان دەرکەرن بەسەر کەسانی تردا، بەڵام ئەوانیش زۆرکات لەژێر فشاری دۆخی نالەباری و ژیان کێشمەکێشەکانی خێزان و کۆمەڵگە و لایەنەکانی دیکەی ژیاندا بونەتە کەسێکی فەرمانپێکراو.
لە ڕاستیدا بۆ تێگەیشتن لە بەرپرسیارێتی، ئەرک، فێربونی وەفاو و دورکەوتنەوە لە بێ وەفایی و ھەستکردن بە جوانی عەشق و چەشتنی تامی شکستی عەشق و نەفرەتکردن لە ناشرینەکانی دیوە تاریکەکەی عەشق و ئەزمونکردنی خیانەت و فێڵکردن و فریودان، تامکردنی سیفاتی ئازایەتی و خۆنەوسیتی ئەم بەرھەمە وانەیەکی زۆر باش دەبێت بۆ بینەران.
دواجار ئەم بەرھەمە لێوانلێوە لە توڕەیی ناخی مرۆڤەکان، لە وەفا و بێوەفایی، سادەیی و ئاڵۆزی و ساختەچێتی و وردەخەوشی مرۆڤەکان و عەشقە ناکامەکان و ئازاری باوکەکان و ئەقڵ دۆگما و سالارییەکان.
دەرئەنجام؛
ـــــــــــــــــ
جا چۆن وەک ھەمیشە کۆتایی زۆرێک لە بەرھەمە ھونەری و سینەماییەکان لاواز دەردەچن، بەوجۆرەیش کۆتایی ئەم بەرھەمەیش تا ڕادەیەکی خراپ و پەلەبڕوزکێی پێوە دیار بو. ھەربۆیە زۆرجار دەپرسین بۆ ھەمیشە ئەبێت ھەمو ڕوداوەکان بخرێنە یەک ئەڵقە و بە تایبەت دوا ئەڵقەوە و پاشانیش کۆی ڕوداوەکان بە پاڵەپەستۆیی دەخرێتە ناخ و مێشکی بینەرە جەنجاڵەکانەوە. لە کۆتاییدا بەڕای من سەرەڕای ئەوەی کارەکە کەموکوڕی ھەبو، بەڵام بۆ من بەرھەمێکی جوان و پڕ مانا و قەشەنگ بو، بەڵام دەکرا جوانتر بەرھەمبھاتایە و گرێچنەکەی ئاڵۆزتر بوایە و ئەوجا پێشکەشکرایە، چون کۆتاییەکەی تاڕادەیەک بینەری پەشیمان دەکردەوە لەوەی لە سەرەتاوە چ خەونێکی گەورەی بە کۆتاییەکی بەھێزەوە دەبینی.
نوسین؛ شـادمان محەمەد