سەپاندنی باج و لێکەوتەکانی
1 مانگ پێش ئێستا
هەڵمەت حەسەن
بابەتی باج زۆر هەستیارە لە مەجالی دارایی و ئابووری دا، لەئێستادا لەهەموو دونیا دەیان سکۆڵ و پەیمانگای تایبەت کراونەتەوە تەنها بۆ دیراسەکردنی ئەو بابەتە و ڕێکارەکانی وەرگرتنی، چونکە گەشەی ئابووری و ئاستی گوزەرانی خەڵکی لەسەر بەندە، بەداخەوە لە کوردستان لەگەڵ هەبوونی دەیان زانکۆ و سکوڵی ئابووری و هەزاران کەسی شارەزا لەو بوارە، بەڵام هێشتا لە مەیدانی کرداریدا بابەتی باج زۆر تەقلیدیانەو نا دوربینانەو نا لۆژیکیانە جێبەجێ دەکرێت.
ئەو بۆچوونەی کە پێیوایە سەپاندنی باج یاخود زیادکردنی بڕی باج لەسەر هاوڵاتیان و کۆمپانیاکان یارمەتی زیادبوونی داهات دەدات، بۆچوونێکی کرچوکاڵ و بەسەرچووە، بابەتی باج زۆر هەستیارە پێوسیتە کەسانی شارەزاو دووربین کاری تێدابکەن، چونکە باج و ڕێژەکەی پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە بە گەشەی ئابووری و زیادبوونی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی، وە هەروەها کاریگەری هەیە لەسەر مانەوەی سەرمایەی ناوخۆیی لە وەبەرهێنانەکاندا وە ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی بۆ وەبەرهێنانی ناوخۆیی.
یەکێك لەو خاڵە بەهێزانەی کە ئیمارات و قەتەری کردووە بە سەنتەری بازرگانی و وەبەرهێنانی بیانی بابەتی باجە، وڵاتە ئەوروپی و ڕۆژئاواییەکان بەگشتی وڵاتانی باجن، واتا باج لەپاڵ پیشەسازی و بزنس و پەرەپێدانی ئابووری بنەمای سەرەکی دابینکەری داهاتی وڵاتە، چونکە ئەوان داهاتی ئامادەی وەکو نەوت و سامانە سروشتیەکانیان نیە، ناچارن بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریەکان پەنا بۆ دانانی باج ببەن لەسەر داهاتی تاک و کۆمپانیاکان.
کاتێك باس لە دوبەی یان دەوحە دەکەن یەکەم وێنایان ئەوەیە کە دەڵێن تاکس فری، واتا باج نادەی، ئەم دەستەواژەیە بۆ ئەوان زۆر سەرنجڕاکێشە وا دەکات زۆر بەئاسانی هەلی کارو وەبەرهێنان لەو وڵاتە گۆڵفیانە قبوڵبکەن، بۆیە کاتێک دەبینی هەزاران کەسی ئەوروپی و ڕۆژئاوایی لە مەجالی مامۆستایی و دکتۆریی و ئەندازیاریی بگرە هەتا خاوەندارێتی هۆتێل و کۆمپانیا لە قەتەڕو ئیماڕات و سعودیە کار و بزنس دەکەن بێ هۆ نیە، ئەوانیش دەزانن کە وڵاتی خۆیان ئازادترو جوانترو کەشوهەوا خۆشترە بەڵام کە بیردەکەنەوە لە داهاتەکەیان نیوە نادەن بەحکومەت بەڵکو هەموو بۆخۆیان دەبێت بەئاسانی بڕیاری کارکردن دەدەن لەم وڵاتانە.
لێرەوە تێدەگەین کە خاڵی بەهێزی گەشەی ئابووری و فراوانبوونی وەبەرهێنان لەو وڵاتانە نەسەندنی باجە نەوەک سەندن و زیادکردنی باج، ئەوان چاویان لەو بڕە کەمەی داهاتی باجەکان نەبوو کە لەهاوڵاتی و خاوەنکار وەریدەگرن، لەبری ئەوە بەدووربینیەوە پلانی درێژخایەنی گەشەی ئابووریان جێبەجێکرد بە نەسەندنی باج لەپێناو زیادبوونی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی کە دابینکەری هەزران هەلیکار بوو، وە بوون بەخاوەنی گەورەترین و خێراترین گەشە ئابووری و وەبەرهێنان بەجۆرێك نزیکن بگەن بە ئاستێک چیتر نەوت تاکە سەرچاوەی داهات نیە، وە هەر ئەم پلان و وەبەرهێنانە وایکرد وڵاتەکانیان لە بیابانەوە بکەن بە وڵاتانی گەشتیاری و ناوەندی بازرگانی جیهانی .
کەچی حکومەتی هەرێم تازە بەتازە کەوتۆتە سەپاندن و داهێنانی دەیان جۆری باج بەو دونیابینیە تەسکەی بۆ زیادکردنی داهات کە زۆر ساویلکانەیە کاتێك ئەم هەموو جێگرەوەی ترت هەیە هەر لە گازو نەوت و کەرتی گەشتیاری و کەرتی کشتوکاڵ بێی چاوت لەوەبێت بە بابج ئابووری گەشەو پەرەپێبدەی، لەکاتێکدا ئەم جۆرە باجو سەپاندنە ڕاوەدونان و دەرپەڕاندنی کۆمپانیاو وەبەرهێنە ناوخۆیی و دەرەکیەکانە.