مێژووی سەلەفیەت لە ئیبن تەیمیەوە تا محەمەدی کوڕی عەبدولوەهاب - بەشی یەکەم
28/08/2023
جەمیل عوسمان
سەلەفیەکان ژمارەیەکی کۆن و لەمێژیینە نین لەمێژووی ئیسلامیدا، هەرچەندە ئەوان بانگەشەی گەڕانەوە بۆ عەقیدەی (سەلەفی صاڵح و هاوەڵان) ئەکەن، بەڵام بۆ خۆیان ژمارەیەکن لە قۆناغی شکست و فەراغی ئومەتدا سەریان هەڵداوە و ڕووداوەکانی ناوچەکە دەسباریان بوە، هۆکاری خێرا گەشەکردنی ئەوان بۆ داڕووخانی سەردەمی زێڕینی مەعریفە و هێرشی (مەغۆل وتەتار) ئەگەڕێتەوە.
بناغەدانەری ئەم ڕەوتە (ئین تەیمیە)بوو، ئەو لەساڵی ٦٦۱کۆچی لەدایکبووە، لە۷۲٨کۆچی وەفاتی کردوە، واتە ٦٥ساڵ ژیاوە
ئەم کەسایەتیە بەوەناسراوە کە لە هەندێک پرس و باسدا زۆر توندوتیژبوە، وە لەهەندێکیشدا میانڕەوبوە، بەهۆی بیروبۆچون و فەتواکانیەوە چەندین جار ڕاپێچی زیندان کراوە.
ئیبن تەیمیە و زیندان
مێژووناسەکان باس لەوەدەکەن لەشاری دیمەشق بە تۆمەتی (تحریض) هاندانی خەڵک دژی مەسیحیەکان زیندانی ئەکرێت، دواتریش لەبەر هێرشی مەغوڵ ڕوودەکاتە وڵاتی میصر، بەڵام لەوێش لەسەر بۆچونەکانی دەربارەی صفاتی خودا لەسەر داوای زانا و کەلامیەکان لە زیندان ئەخرێت.
ئیبن تەیمیە یەکەم کەس بوو تەفسیری ڕواڵەتی و ظاهری بۆدەقی (متشابه و ئایات وٲحادیثی صفات)کرد و وتی (خودا لە ئاسمانە و لەسەر عەرش جێگیرە، دەستی و قاچ و ڕوخساری حەقیقی هەیە و دادەبەزێتە ئاسمانی دونیا و..تاکۆتایی).
کەواتە بۆ یەکەم جار مەدرەسەی سەلەفی و ئیبن تەیمیە زاتی خودایان لە صیفاتەکانی دا بەرجەستەکرد، ئیتر زانایان تۆمەتی (المجسمە)یان دایە پاڵیان، ئەمە لەکاتێکا بوو کەزۆرینەی زاناو فەقیهەکان ئەو صیفاتانە تەئویل و مانا ئەکەن بەجۆرێک کەلەگەڵ گەورەیی و شکۆمەندی خودا و کۆی دەقەکانی دیکەی قورئان و فەرموودە بگونجێت...
ئیبن تەیمیەو صۆفیەکان:
پاشان جارێکی تر ئیبن تەیمیە دەربارەی تیۆریای (وحدة الوجود) پەلاماری هەریەک لە(ئیبن عەرەبی وقونوی و حەلاج)ی داو بەگومڕا و سەرلێشێواو مەحکومی کردن، ئەوەبوو لەسەر سکاڵای سۆفیەکان جارێکی تر خرایەوە زیندان....
جگە لەوەش لەسەر پرسی (تەڵاقی سێ بە سێ) و (سوێندخواردن بە تەڵاق) جارێکی تر لەزیندان خرایەوە، چونکە ئەو بەپێچەوانەی بۆچونی هەر چوار مەزهەبەکەوە بڕوای وابوو، تەڵاقی سێبەسێ ناکەوێت، و سوێند خواردنیش بەتەڵاق هیچ شوێنەوارێکی نییە....
هێرشی تەتار و گەشەی سەلەفیەت:
(ئیبن تەیمیە)دڵگەرمی خەڵکی قۆستەوە لەوەدا کەخۆیان بەبریندار ئەزانی بەرامبەر ئەو هێرش و داگیرکاریەی مەغۆڵ، بۆیە لە هەلێک دەگەڕان بۆ تۆڵە، ئەویش بەگەرمکردنەوەی باسەکانی جیهاد و بەرگری، خەڵکی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بەڵام گرفتی گەورە لەبەردەمیدا ئەوەبوو، لەژینگەیەکدا سەریهەڵدا کەدەیان زانا و موجتەهید و کەلامی و عارفی مەزن لەئەشاعیرە و ماتوریدی و مەزاهیبی فیقهی ڕیشەیان داکوتابوو و زۆر بواریان نەدا لەناو شارە گەورەکان و خەڵکی و نوخبەدا ڕەگ دابکوتێت.
ئەزمەی شەرعیەت و مەزهەب:
جگە لەوەش گەورەترین ئەزمە ڕووبەڕووی سەلەفیەت بویەوە ئەزمەی شەرعیەت بوو، دەبوو هەر زانا و فەقیهێک دێتە مەیدان لەناو ڕەوتە سوننیەکەدا شەرەفی مەرجەعیەتی یەکێک لەچوار مەزهەبەکەی هەبێت، لەبەرئەوە هەرچەندە (ئیبن تەیمیە)و هاوەڵانی وتیان ئێمە لەسەر عەقیدەو مەزهەبی (ئەحمدی کوڕی حەنبەل)ی، بەڵام خێرا زۆرێک لەموفتی و فەقیهەکانی حەنابیلە دژیان وەستانەوە، چونکە لەکۆمەڵێک خاڵکی جەوهەری دا سەلەفیەکان موخالیف و ڕاجیابوون بە ئیبن حەنبەلی پێشەوایان.
جیاوازی سەلەفی و حەنبەلی:
(ئەحمەدی کوڕی حەنبەل بڕوای بەتوندوتیژی نەبوە، بەزەقی کەسی تەکفیر نەدەکرد، بەڕێزو شکۆوە لەپێگەی ئال و بەیتی ئەڕوانی)
(گۆڕەکەی کوڕی حەنبەل لەشاری بەغداد گۆمەزی و مەرقەدی هەبوو، حەنبەلیەکان زیارەتی گۆڕی شێخەکەیان ئەکرد، وەک چۆن باوەڕیان بەتەوەسول و تەبەڕوک و شەفاعەتی پێغەمبەرو دۆستانی خودا هەبوە).
ڕەوتی سەلەفی بەگشتی لەگەڕانەوە بۆ ڕیوایەت و ڕەتکردنەوەی تەئویل و حوکمەکانی عەقڵ ئەچنەوە سەر مەزهەبی حەنابیلە، بەڵام بەهۆی جیاوازیان لەچەند خاڵێکی جەوهەریدا زۆرێک لەزاناو فەقیهەکانی مەزهەبی حەنبەلی بەڕویاندا وەستانەوە، من لێرەدابەکورتی ئاماژەی پێئەکەم:
یەکەم: پەنابردن بۆتەکفیر و توندوتیژی
لەگەڵ ئەوەی (ئەحمەدی کوڕی حەنبەل)سەرسەختانە دژی نەیارەکانی وەستایەوە بەتایبەت دەربارەی پرسە ئیعتیقادی و کەلامیەکان، بەڵام بەشێوەی فەتواو ڕاستەوخۆ هیچ کەس و ڕەوتێکی بەدیاری کراوی نەخستۆتە بازنەی کفرو ئیلحادەوە، بەڵکو زۆربەی جار دەڵێت (قد خرجوا عن السنە) بۆیە جگە لەجەهەمیەکان هیچکام (لەخەواریج و شێعەو موعتزیلە) تەکفیر ناکات.
ئەمە لەکاتێکا هەریەک لە (ئیبن تیمیە) و (محمدی کوڕی عبدالوهاب) زۆرێک لەنەیارەکانیان لەڕەوتەکانی تر تەکفیر ئەکەن و لەبازنەی دین وەدەریان ئەنێن، تاکار ئەگاتە ئەوەی زۆرێک لەحەنابیلەکان تەبەڕایان لێدەکەن.
دووەم: پەڕگیری ئەهلی ڕیوایەت:
ئیمامی ئەحمەد زۆر بەتوندی دژی ئەوگروپەوەستایەوە کەتەنهامامەڵەیان بەمانای حەرفی ڕوایەتەکان ئەکرد بەتایبەت ئەوحەدیثانەی کەلەلایەن بنەماڵەی (موعایە)وە دروست کرابوون بۆلەکەدارکردن وکەمکردنەوەی شکۆی (ئال وبەیت)ی پێغەمبەر دخ،لەلای (ئیبن حەنبەل) چوار خەلیفەکەو ئال وبەیت وعەشەرەی موبەشەرە)پێگەو وفەزڵیان لەسەرو هەموانەوەبوو دوای پێغەمبەر،بۆیەئەو ڕیوایەتانەی بەدرۆوهەڵبەستراوپێناسەکرد،وە(اصحاب الحشویە)ئەوانەی کەبێ گەڕانەوە بۆسەنەدومەتن تەنهاکاریان گێڕانەوەو حوکم کردن بوو بەحەدیث، بەگەوج وبێعەقڵ سەیرئەکرد...
ئەمەلەکاتێکا ڕەوتی سەلەفی بەپێچەوانەی ئیبن حەنبەلەوە ئەوفەرمودانەی باس لەمەکانەت وگەورەیی عەلی ونەوەکای ئەکات بەڕاست نەدەزانی و ڕەتیان دەکردەوە.
سێهەم: بیدعەی (التجسیم والتشیبە)
ئەگەرچی (ئیبن حەنبەل)دەربارەی صفاتی خودا کاری بەفەرمودەکان ئەکردو نەدەگەڕاوە بۆ تەئویل، بەڵام وەک زاناکانی پێش خۆی لە (سەلەفی صالح) ماناکەی (تفویض) دەکرد بۆلای خودا، واتە بڕوامان بەهەموو ئەو سیفەتانە هەیە کە قورئان و فەرموودە ئاماژەیان پێکردوە، بەڵام مەبەستی حەقیقی تەنها خودائەیزانێت.
بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆئەدەبیاتی(ابن تیمەیە)دەربارەی (ئایات وٲحادیث الصفات)بەتایبەت لەمەتنی (الواسطیة)و(مجموع الرسائل) بەزەقی ئەندام وشوێن و جیهەتی حەقیقی وحەرفی بۆ زاتی خوداجێگیرئەکات،واتەخودا (تجسیم وتجسید) بەرجەستەئەکات سبحانە وتعالی...
چوارەم: تەوەسول و تەبەڕوک بەدۆستانی خودا:
سەلەفیەت بەتێکڕا بابەتی تەوەسول و بەرەکەت وەرگرتن لەڕۆحی دۆستان و نزیکانی خودا ڕەت ئەکەنەوە، ئەوان پێیانوایە مرۆڤ کەمرد هیچ کاریگەری و پەیوەندیەکی بەژیانی دونیای زیندوەکانەوە نامێنێت وەچونە سەرگۆڕو بابەتی تەوەسول و تەبەڕڕوک بەبیدعەو شیرک ئەزانن، ئەمە لەکاتێکدا مەزهەبی حەنابیلە بڕوای بەم شتانە هەبوو بەم بەڵگانەی لای خوارەوە:
(ئەبوعەلی هاشمی) کەیەکێک بوو لەقوتابیەدیارەکانی (ئەحمەدی کوڕی حەنبەل) ئەچویە سەرگۆڕی ئیمامەکەی و کێلی قەبرەکەی ماچ ئەکرد، کاتێک لۆمەیان ئەکرد لەسەرئەوکارە، ئەیوت من زۆر (کوڕی حەنبەل)م خۆش ئەوێت، بڕواناکەم خودا لەسەر ئەم کارە لۆمەم بکات.
(طبقات الحنابلة،ج۲،ص۱٨٦).
هەروەها خەلیفەی عەباسی(المطیع بالله)بودجەیەکی زۆری تەرخان کرد بۆدروستکردنی گۆمەزەی و مەرقەد لەسەر گۆڕی (ئەحمەدی کوڕی حەنبەل)، هەندێک لەقوتابی و هاوڕێکانی ئیمام وتیان بەخەلیفە ئەم کارەی بەنیازی بیکەی لەمەزهەبی ئەودا ڕێگای پێندراوە، خەلیفە وتی: ئەگەر پێتان وایە بەخشینی ئەم ماڵە لەکردنی ئەم کارەی من باشترە بڕۆن بیبخەشن، وتیان خۆت چۆن بەباش ئەزانی وابکە، ئەوەبوو ئەویش کارەی خۆی ئەنجامدا((طبقات الحنابلة،ج۲،ص۱٨٦))
جگەلەوەش (الذهبي) کە یەکێکە لەقوتابیە دیارەکانی (ابنتیمیە) ئەڵێت: گۆڕەکەی ئیمامی ئەحمەد لەشاری بەغداد جارجارە خەڵکی زیارەتیان ئەکرد.
هەروەها ئیبن جەوزی ئەڵێت: عبداللەی کوڕی موسا و کوڕەکەی،ـ کەلەزانا مەزنەکانی حەنابیلەبوو، بەنهێنی ولەتاریکی شەودا زیارەتی گۆڕی (ئیبن حەنبەل)یان ئەکردو تەوەسولیان پێئەکرد.(هەمان سەرچاوەی پێشوو).
پێنجەم: شەفاعەتکردن بەپێغەمبەر و پیاوباشان:
بەهەمان شێوە ڕەوتی سەلەفی لە(ئیبن تیمیە) تا دەگاتە ئەمڕۆ بڕوایان بەو فەرموودانە نییە کەباس لەشەفاعەت ئەکەن و پێیانوایە ئەو ڕیوایتانە ئەچنە بازنەی شیرک و بتپەرستیەوە، لەکاتێکا ئەحمەدی کوڕی حەنبەل لە(المسند)دا فەرمودەیەک لەعوسمانی کوڕی حەنیفەوە ئەگێڕیتەوە کەپیاوێکی دەردەدار و نەخۆش ئەچێته خزمەتی پێغەمبەر د خ، داوای دوعای شیفای لێدەکات، پێغەمبەر د خ ئەفەرمێت: ئەگەر ئەتەوێت دوعائەکەم، ئەگەریش ئەتوانی ئارام بگرە، ئەوە باشترە، کابرا وتی دوعام بۆبکە، پێغەمبەر دخ فەرمانی پێکرد دەستنوێژێکی باش هەڵبگرێت و دووڕکات نوێژ بکات و ئەم دوعایە بخوێنێت(اللهم إنياسٲلك وٲتوجه الیك بنبیك نبيالرحمة،یامحمد ٳني ٲتوجه بك الی ربي فيحاجتي لتقضی،اللهم شفعه فيّ) واتە خودایە داوات لێدەکەم و لەڕێگای پێغەمبەرەکەتەوە ڕوو تێدەکەم کەپێغەمبەری میهرەبانیە، ئەی موحەمەد من بەتۆ ڕوو دەکەمە خودا بۆ ئەم داوایەم تاجێبەجێ ببێت، خودایە شەفاعەتی ئەو بۆ من وەرگرە، عوسمان ئەڵێت سوێند بەخودا هێشتا لەیەک دانەبڕابووین و ئەوەندەی پێنەچوو هەر ئەتوت ئەوپیاوە نەخۆشی نەگرتوە. (رواە احمد،المسند ج٤ص۱۳٨)
هەروەها حەنابیلە بەسونەت و باشیان زانیوە کەتەوسول بەپیاو باشان بکرێت، وەک چۆن لەنامەکەیدا(ئیمام ئەحمەد) بۆقوتابی خۆی(المروذي)ئاماژەی پێداوە...(مواهب الجلیل،ج٤،ص٤۰٥