ئازاری شان و مل لەدوای هەستان لەخەو

02/09/2023

بەدڵنییایەوە ھەستان لەخەو لەگەڵ ئازاری شان و ملدا زۆر بێزارکەرەو ئەو ڕێگایە نییە کەتۆ بتەوێت ڕۆژەکەتی پێ دەستپێبکەیت. بەئاسانی مەزاجت تێکدەدات و وادەکات بە سادەترین جووڵە، وەکو سوڕانی سەر ومل ئازارت بۆ دروست بێت. 
ھۆکارەکانی ئازاری مل چییە لە کاتی ھەستان لەخەو ؟ 
لەوانەیە زۆر بیرت لە شێوازی جەستەت نەکردبێتەوە لەکاتی خەوتندا ، یاخود ئەو  سەرین (بالیفە)ی بەکاریدەھێنیت، بەلام ئەم دووانە دوو ھۆکاری گرنگن بۆ دروستبوونی مل ئێشە، ھەروەھا دەبنە ھۆی پشت ئێشە و ئازاری جۆراوجۆری تریش. 
توێژینەوەکان دەڵێن  تێکچوون و کێشەی خەو بە ڕێژەی (٥٪ ) سەرچاوەی ئازاری بەردەوامن. زۆربەی ئەم ھۆکارانە دەتوانن کۆنتڕۆڵ بکرێن، ھەربۆیە گۆڕینی ھەندێک خووی  خەوتن یاریدەدەرە بۆ کۆنتڕۆڵی ئازاری شان ومل .
♦️ھۆکارەکان: 
--- شێوازی خەوتن : خەوتن لەسەردەم ھۆکارێکی گرنگە بۆ ئازاری مل،  ملت لەوانەیە بەیەک لادا بکەوێت بۆ چەند کاتژمێرێک،  کە کاریگەری ھەیە لەسەر ماسولکەکانی مل و گرژبوونیان. ھەروەھا کاریگەری خراپیشی ھەیە لەسەر ماسولکەکانی پشت. 
--- بالیف یاخود سەرین : ھەڵبژاردنی بالیفی تەندروست کە بۆ شان و ملی تۆ گونجاو بێت زۆر گرنگە،  ئەو بالیفەی ھاوسەنگیەکی باش بۆ شان و ملت دروست نەکات، ئەگەری دروستکردنی فشاری ھەیە لەسەر ماسولکەکانی ملت و دروستکردنی مل ئێشە.
--- جووڵەی لەپڕ : وەکو ھەستانەسەرپێی لەپڕ یاخود لەکاتی خەودا جوڵاندنی لەپڕی قۆڵەکان ، ئەگەری دروستبوونی مل ئێشە زیاد دەکەن. 
---- پێکانی پێشووتر : وەکو ڕوودانی وێپلاش (فشار بۆ ەر ماسولکەی مل لەکاتی ڕووداوێکدا)، یاخود پێکانە وەرزشییەکان. لەدوای چەند ڕۆژێک لە پێکانەکە لەوانەیە ھەست بە ئازار بکرێت. 
---- ھەندێک ھۆکاری تر : وەک شێوازی ھەڵەی وەستان لە ڕۆژدا، کارکردن بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر کۆمبیوتەر و بەکارھێنانی زۆری مۆبایڵ،  داخورانی جومگەکانی مل، خزانی دیسکی مل، ھەندێک حاڵەتی نەخۆشی وەکو ڕۆماتیزم ، فایبرۆمایەڵجیا . 
♦️چۆن لە ئازاری مل ئێشە خۆت ڕزگاردەکەیت ؟ 
--- ئەگەر لەسەردەم (لەسەر سک) دەخەویت، ھەوڵ بدە لەسەر لا بخەویت و بالیفێک بخەیتە نێوان ئەژنۆکانت (بە شێوەی منداڵ لەسکی دایکیدا)، وەدڵنیابەرەوە لەوەی کە بالیفەکە لەژێر سەرتدا بەرزتر نیە وەک لەژێر ملت. ھەوڵبدە بالیفی پەڕ بەکاربێنیت کەبەئاسانی شێوەی سەر و ملت وەردەگرێت. بەڵام لەبەرئەوەی بالیفی پەڕ زوو تێکدەچێت، باشترە ساڵی جارێک بگۆڕێت و بالیفێکێ نوێ بەکاربھێنرێت، بالیفێکیش  بەکارمەھێنە کە زۆر ڕەق بێت یان زۆر نەرم، بەڵکو با مامناوەند بێت. 
---- ئەگەر دۆشەکەکەت لەناوەڕاستدا چاڵ بوو، ھەوڵبدە بە زووترین کات بیگۆڕیت، دۆشەکێک بەکاربھێنە کە نە ڕەق بێت نە زۆر نەرم، کەبتوانێت پاڵپشتی ماسولکەکانی پشت و ملت بکات. 
---- ھەوڵبدە بە ڕۆژ شێوازی وەستان و دانیشتنت تەندروست و ڕاست بێت. 
---- کاتێک مۆبایڵ بەکاردێنیت ھەوڵبدە لە ئاستی چاوتدا ڕایگریت، بۆ ئەوەی ڕێگری بکەیت لە نوشتانەوەی ملت بگریت، مۆبایلەکەشت لەنێوان شان و گوێتدا ھەڵمەگرە کاتی قسەکردن. 
---- وەرزش بکە بەشێوەیەکی ڕۆژانە و ڕێک، وەرزشی ڕۆژانە یارمەتی بەھێزکردنی ماسولکەکان دەدات، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت. 
---- ئەگەر ئازارت بۆ پەیدا بوو، دەتوانیت پاکی سارد بەکاربێنیت، ئەگەر زیاد لەچەند ڕۆژێکی خایاند بیکە بە پاکی گەرم بۆ ماوەی بیست خولەک لەسەر شوێنی ئازارەکە. 
---- دەتوانیت ھەندێک وەرزشی سادە ئەنجامبدەیت وەکو ؛ ڕۆشتن بەپێ، یۆگا، وەرزش لەناو ئاودا...ھتد، ئەمانە یارمەتی ھاتوچۆی خوێن دەدەن لەناوچەکە، ئازار و گرژی کەمدەکەنەوە، ھیچ کاتێک لەجووڵە مەوەستە، وەستان لەجووڵە گرژی و ئازار زیاد دەکات. 
---- بەکارھێنانی ئازارشکێن و ماسولکە خاوکەرەوەکان .
---- ئەگەر ئەمانە سوودی نەبوو، پێویستە ڕای پزیشکی پسپۆڕ وەربگیرێت. 
ئاگاداربە؛ مرۆڤ (١⁄٣)ی ژیانی لەخەودا بەسەردەبات، بۆیە زۆر گرنگە جێگای خەوتنت لەبار و تەندروست بێت. 
د ۰ هه‌ڤین که‌مال شاه محمد
پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج
ئه‌ندامی پڕۆڤیشناڵی ئه‌کادیمیایی ئه‌مریکی بۆ ئازار شکاندن