”ژننەفرەتیی“ و ”سێکسیزم“ وەک دوو چەمکی غائیب
03/09/2023
مەریوان وریا قانع
لە پەیوەندیدا بە ژنەوە، کۆمەڵێک چەمکی گرنگ ھەن، تا ئەمڕۆ نەبوون بە بەشێک لە چەمکەکانی ناو کایەی ڕۆشنبیریی ئێمە. ئەم چەمکانە ڕەنگە بتوانن ھەندێک بینینی جیاواز بەرھەمبھێنن دەربارەی ئەو دۆخەی ئەمڕۆکە ژنان لە کۆمەڵگای ئێمەدا، لەناویدا دەژین. لەوانەش بۆ نموونە چەمکی misogyny، واتە ”ژننەفرەتیی“، یان ڕقبوونەوە لە ژن و نەفرەتلێکردنی. ھەروەھا چەمکی سێکسیزم، sexism، بە مانای کردەی دروستکردنی فەرق و جیاوازیی لە نێوان ژن و پیاودا لەسەر بنەمای ڕەگەز و لەوێشەوە ھەڵاوێردەکردن بەرامبەر بە ئافرەتان لەسەر بنەمای مێ بوونیان.
ھەردوو چەمکەکە پێویستیان بە چاندنێکی بەرفراوان لەناو ڕۆشنبیریی ئێمەدا و لەناو سیستمی پەروەردە و لەناو سیستمی ئەخلاقیی ئێمەدا، ھەیە. ”ژننەفرەتیی“ دیاردەیەکی دێرینە و لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی جیھاندا بە فۆرم و شێوازی جیاواز ئامادەیە. بە شێوەیەکی گشتیی نەفرەت و ڕق لە ژن نەفرەت و ڕقێکی مێژوویی قووڵە و بەتایبەتیش لەو ژنانەی کە بوێری ئەوەیان ھەیە، تەحەدای ھەیمەنەی نێرسالاریی و کولتور و پراکتیکی فەحلبوون و فۆرمە جیاوازەکانی پیاوەتیی پەڕگیر، بکەن.
ئەو ژنانەی لەناو دونیای پیاواندا توانای بەرزکردنەوەی نیشانەی پرسیاریان ھەیە بەرامبەر ئەو بەھا و نرخ و ھێز و پەیوەندییانەی وەک بەڵگەنەویست وەرگیراون و بەشێکن لەو ژینگەیەی تیایدا ژننەفرەتیی دروستکراوە، لە ھەمووان زیاتر دەکەونە بەر ڕق و نەفرەتی پیاوان. ژننەفرەتی لە زۆر ئاست و پێگە و شوێنی کۆمەڵگادا ئامادایە، لە پێش ھەمووانیشەوە لەناو ئەو ژمارە زۆرە لە پێشداوەریی و نوکتە و وێنە و زاراوەی ناو ژیانی ڕۆژانەدا، کە بەسەریەکەوە تێکەڵێکی گەورە و ئاڵۆز لە ڕق و لە بەسوک تەماشاکردنی ژن، دروستدەکەن. خوێنەر بە ئاسانی دەتوانێت چەندان نموونە لەو دەیان سەدان وێنە و قسەکردنە نێگەتیڤانەی لەسەر ژن و ڕەگەزی مێ ھەن، بھێنێتە بەرچاوی خۆی.
ژننەفرەتی تەنھا وێنە و زمان و پێشداوەریی نیە، بەڵکو کردەیە و کردەی ڕۆژانە و دووبارەیە. چەمکی سێکسیزم، sexism،یش ھێما بۆ ھەڵاوێردن و دروستکردنی فەرق و جیاوازیی لەنێوان ژن و پیاودا دەکات، لەسەر بنەمای ڕەگەز، واتە لەسەر بنەمای مێبوون و نێربوون. سێسکیزم کردەیە، پراکتیکە، کردەی دروستکردنی جیاوازیی و نایەکسانییە لە نێوان ژن و پیاودا لەسەر بنەمای ژنبوونی ژن و پیاوبوونی پیاو. لەپشتی کردەی جیاوازیکردن و ھەڵاوێردنیشەوە ئەو بیرۆکەیە ھەیە کە پیاو لە ژن باڵاترە و توخمی پیاو توخمێکی باشتر و چاکتر و پاکتر و داھێنەرترە.. سێکسیزم کردەی جیاکردنەوەی ژن و پیاوە لەیەکتری بە ئامانجی دانەوەی فەزلی پیاو بەسەر ژندا، ئەمیان وەک بوونەوەرێکی باڵا و ئەویتریان وەک بوونەوەرێکی نزم دەربکەوێت. بەم مانایە سێکسیزم جۆرێکە لە ڕاسیزم، جۆرێکی تایبەتە لە ڕاسیزم کە تیایدا مێبوون و نێربوون وەک دووشتی نەک تەنھا جیاواز بەڵام یەکێکیان بەرز و باڵاتر لەویتریان، بنەمای جیاکاریی کەسەکانن لەگەڵ یەکتردا و نێربوون لە مێبوون باڵاتر و مانادارتر و باشتر نمایشدەکرێت.
چەمکەکانی تری وەک ”نێرسالاریی“، ”فحولەت“، ”پیاوەتیی“، ”باوکسالاریی“ش، ھتد.. پێویستیان بەوەیە بکرێن بە بەشێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو میدیا و ڕۆشنبیریی ئێمە، تا ئاستی ئەوەی ببن بە بەشێک لە زمانی ڕۆژانەی زۆرینەی کۆمەڵایەتیی ئەو کۆمەڵگایە. ژننەفرەتیی و سێکسیزم بەشێکی سەرەکین لە سیستمی کۆمەڵایەتیی، لە ژینگەی ئەخلاقیی باڵادەست و لە فەزای سایکۆلۆژیی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی، دونیای ئێمە، بەشێکن لە تۆڕێک لە بەھای کولتوریی و ئەو سیستە ڕەمزییانەش لە دونیای ئێمەدا سەروەرن. لە ڕاستیدا لە کۆمەڵگای ئێمەدا ژننەفرەتیی و سێکسیزم بوون بە ئایدیۆلۆژیا، بوون بە تۆڕێک بیرۆکە و وێنە و گریمانە سەبارەت بەوەی ئافرەت چییە و کێیە، دەبێت چۆن و بە چ شێوەیەک بێت، چ جۆرە پەیوەندییەکی لەگەڵدا دروستبکرێت و بە چ شێوەیەک مامەڵە بکرێت. ژننەفرەتی لە ئاستە ڕۆژانەییەکەیدا مانای ئەوەیە پیاو لەڕووی ئینسانیی و ئەخلاقیی و کۆمەڵایەتییەوە لە ئافرەت بەرزتر و گرنگتر دەبینرێت و بۆ ئەمەش بەڵگە لە چیرۆک و حیکایەت و دین و ئەخلاقی باڵادەستەوە دەھێنرێتەوە.
ئەم دیدە نارسیستییە ھیرارکیی و خۆ بە گەورە و بەرز بینینەی پیاوبوون، وادەکات زۆر پیاو پێیان وابێت، ژنان چی بکەن و چۆن بجوڵێنەوە ھەمیشە دەتوانن شتێکی ھەڵە ئەنجامبدەن، یاخود ژنان مەیلێکی ناوەکییان ھەیە بۆ خراپەکاریی و بێحەیایی و بێشەرمیی، ھەڵەکردنی عەقڵیی و ئەخلاقیی و دینیی بەشێکە لە بوونی ژنانەی ئەوان، بۆیە پێویستە بەردەوام لەژێر چاودێریی و ڕکێف و گوێڕایەڵیدا بۆ پیاودا، بن. ئەم دۆخە بەربڵاو و نایەکسانەی دەسەڵات وادەکات ژننەفرەتیی و سێکسیزم وەک ئایدیۆلۆژیا و وەک ڕەگەزی سەرەکیی ناو ئەو ژینگە ئەخلاقییە ئامادەبن و کاربکەن کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا دروستبووە، ژینگەیەک تیایدا ژن وەک بوونەوەرێکی کەمنرخ و تاوانبار و حەیابەر مامەلەدەکرێت و چونکە ھەڵەکانی ھەمەلایەن و ھەمەئاراستەن، بۆیە پێویستە لە ھەموو مەودا و ئاراستەیەکەوە کۆنترۆڵ و دیسپلین بکرێن.
ئەم بە ئایدیۆلۆژیابوونەی ژننەفرەتیی و سێکسیزم بەڕادەیەک ژیانی ڕۆژانەی تەنیوەتەوە و بووە بە بەڵگە نەویست زۆر کەس ھەست بە بوونە بەئایدیۆلۆژییەکەی ناکەن. ھاوکات بەشێوەیەکی نائاگاییانە، ھەم وەک بە بەشێک لە ئەخلاقیی تاکەکەسیی و ھەم وەک بەشێک لە ئەخلاقیی دەستەجەمعیی، کاردەکات و پرسیاری ڕەخنەیی لێناکرێت. ئەمەش مانای ئەوەیە ژننەفرەتیی لە دونیای ئێمەدا بەشێوەیەک بەناوەکیی کراوە، نائاگاھانە بووە بە بەشێک لە زمان و وێنە و پێناسە باڵادەستەکان، بووە بە بەشێک لە چاوەڕوانیەکانی نێرینە لەو وڵاتەدا، بووە بەڵگە نەویست، ھێندە بەناوەکیی کراوە مرۆڤ زۆرجار ھۆشیارانە ھەست بە ئامادەبوونی ناکات، وا ئاسایی و نۆرماڵ بۆتەوە ھیچ جۆرە گومان و پرسیارکردنێکی ڕاستەقینەی ڕووبەڕوو ناکارێتەوە، بووە بە گوتارێک کە گوتاربوونی خۆی شاردۆتەوە.سێکسیزم و ژننەفرەتی وەک ئایدیۆلۆژیا دۆخێکی عەقڵیی و سایکۆلۆژیی و نەستیی وایان دروستکردوە، بەبێ ئەوەی پێیبزانین، ھەموومان بە پلە و ڕادەی جیاواز کەوتوینەتە ناوییەوە.بەبێ دەسکاریکردنی ئەم ژینگە ئەخلاقییە، دەبێت بەردوام چاوەڕوانی ئەو لەشکرە لە ژنکوژبین، کە ھێشتا لەدایک نەبوون.