ئایا سونەت لاساییکردنەوەیە؟

03/09/2023

د. رێبین ئەحمەد رەشید
شوێنکەوتنی سوننەت لەسادەترین وشەیدا واتە گەیشتن بەو شوێنەی کە پێغەمبەر د.خ پێی گەیشتووە، ئیدی ئامرازی گەیشتنەکە زۆر گرنگ نییە، گەیشتن و هەوڵدان بۆ گەیشتن گرنگن. دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە هەموو شتێکی ژیانی پێغەمبەر د.خ سوننەت نییە، وەک هەر مرۆڤێکی دیکە عور ف و عادەت و پێداویستییە مرۆییەکان بەشێکی گرنگی ژیانی ئەو حەزرەتە بوون کە نەک سونەت نین بەڵکو دەشێت ئەمڕۆ بۆ ئێمە هەر گرنک نەبن، ئایەتی "قل انما انا بشر مپلكم" دەقیق باس لەم پێودانگانە دەکاتەوە و باس لەوە دەکات کە هەموو شتێکی ژیانە ماددیەکەی ئەو ناشێت ببێتە سوننەت. شوێنکەوتنی سونەت لە حەقیقەتی دیندایەی نەوەک عورفی قەبەلی  شوناسی دینیدا بێت. دەبێت سوننەت دۆخێکی ناوەکی وا دروستبکات کە توانای ئەوەی هەبێت ئێمە بەو قورسسیە بجوڵێنێت، بەڵکو بەرزمان بکاتەوە، نەوەک قەڵەوتر و تەوەزلترمان بکات بەناوی سونەتی پێغەمبەرەوە.
 گەر پێغەمبەر د.خ ڕۆیشتبێتە میعراج سونەتە تۆش بڕۆیت، چۆن و بەچی دەڕۆێت، بوراقەکەت چەند باڵی هەیە، بە چەندێک دەڕۆیت، بە کوێ دەگەیت، چەند پەردە دەدڕیت، ئەوانە هەمووی لە فروعاتن و  هەندێکجاریش پرسیار و وەڵامی نابەجێن. سوننەت هەرگیز بەمانای لاساییکردنەوە نایەت. ناشیرینترین هونەرێک مرۆڤ بتوانێت بینوێنێت لاساییکردنەوەیە، کاتێکیش ئەم لاساییکردنەوەیە بەرهەمی ناوەوە نییە و لەژێر فشار و تەکەلوفدا ڕوودەدات ئیدی ناشیرینییەکەی دوجار دەبێتەوە. لاسایکردنەوەو جوینەوەی وێنەی دووبارەی ئەوانی دیکە گەر بێت بکرێتە هونەر دزێوترین هونەری لێبەرهەم دێت.
ئێمە وەک مرۆڤ دوانمان هەرگیز دوو دەرکی یەکسانمان بۆ شتێک نییە لەم گەردونەدا، نەخوازەڵا ئەو شتەش وجود و بوون و خودا و میتافیزیک و جیهانبینی و ئیمان بێت کە شتانێکی تەواو ڕێژەیی و خودین، ئەم باسانە و دەرکەوتەکانیان تەنانەت لە هەمان کەسێکیشدا لە دووکات و دودۆخی جیاوازدا چونیەک و یەکسان نیین.  زیاتر لەمە بڕۆین خواناسی پێغەمبەران بەهەمان دەرک و ئەندازە  یەکسان نەبووە، هەر پێغەمبەرێک بە ئەندازەی کارایی و ویسع و ئامادەیی ڕۆحی خۆی خودای ناسیوە و پێی گەیشتوە. ئەوە لە گەیاندنی ڕیسالەتەکەیاندایە و بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکەیانە جیاوازییان نییە "لانفرق بین احد من رسلە" دەنا دەرک و کەشفی عیسەوی بۆ خودا ئاسمان و ڕێسمانی لەگەڵ ئەوەی موسادا جیاوازە. 
گەر بە گوزارە تەسەوفییەکەی ئیبن عەرەبیش قسەبکەین دەرکی حەزرەتی موحەمەد وەک خودی خۆی بۆ خودا کامڵترین دەرکی مێژووی مرۆڤایەتییە بۆ زاتی باری، ئەو ناوی لێدەنێت "الانسان الکامل" و جیاوازە لەدەرکی هەموو پێغەمبەرێکی دیکە. 
حاڵ و دۆخ و جیهانبینی پێغەمبەر د.خ زۆر جیاوازە لەوەی موسا و عیسا و یەعقوب. خودا لای ئەم بە تەجەلییەکی زیاتر و پڕ نوورتر و دەردەکەوێت، هەر ئەمەیە وادەکات پێغەمبەر لە تەرمینۆلۆژی عیرفانی و دینیدا خوداییتر و پێغەمبەرتر و هەڵبژێردراوتر دەربکەوێت لە ئاستە خودی و فەردییەکەیدا بە بەراورد بە پێغەمبەرانی دیکە.
سوننەت دەقیق ئەمەیە تۆ بەم دەرکە بگەیەنێت کە پێغەمبەر پێی گەیشتووە، نەوەک کۆمەڵێک یاسا وشک و ئەوامیری حەرام و حەڵاڵ کە دیوی لانی کەم و مینیماڵی دین و فیقهی دینین. لەسادەترین مانایدا سونەت گەیشتنە بەو دۆخەی کە پێغەمبەر جیاواز لە کەسانی پێش خۆی پێی گەیشتووە، بۆتۆش سوننەت هەر ئەمەیە نەوەک لاساییکردنەوە و زۆر لەخۆکردن و بەردانەوەی ڕیش و بەجێهێنانی کۆمەڵێک ڕوکەش کە لەبنەڕەتدا ناشیرینت دەکات نەوەک  جوانت بکات، چونکە زادەی ناخت نییە.
حیکایەتەکانی قورئان سەبارەت بە پێغەمبەران دەقیق ئەم باسە بە ئێمەو بە پێغەمبەر دەڵێنەوە، باس لە دەرکی خوداناسی پێغەمبەرانەی پێغەمبەرانی دیکە دەکەن بۆ پێغەمبەر د.خ کە هیچیان لەوی دیکە نەچووە.
ئەوەی ئەمڕۆ بەناوی سونەتەوە دەیەوێت هەموومان بە ڕەنگەکەی خۆی ڕەنگ بکات و لەقاڵبمان بدات و وامان لێبکات بە بیانووی سوننەتەوە بەگوێرەی حەزە سەرکەشەکانی ئەو بیربکەینەوە، سونەت لەمانا قوڵ و بنەڕەتییەکانی خۆی بۆ بۆیاخی ڕیش و سمێڵ، کورتکردنەوەی شەرواڵ، ئیتاعەی وەلی ئەمر، شێوازی غوسڵ و ئادابی تەهارەت دەدەبەزێنێت نە لە سونەت گەیشتووە نە لە پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر. ئەم زیهنییەتە لە سادەترین ڕستەدا دەیەوێت لەڕێگای سوننەتەوە لەقاڵبمان بدات و ئەسیری یەکپۆشی و دۆگماکانی نێو زیهنی خۆیمان بکات، لەکاتێکدا سوننەت بە مانا حەقیقییەکەی خۆی دەبێت ئازادی ڕەها و بێ پەراوایی ڕەها بە مرۆڤ بدات و مرۆڤ تا ئەوشوێنە ببات کە پێغەمبەر پێی گەیشتووە.
ئەوەی ئەمڕۆ بەناوی سونەت مارکێتینگی بۆ دەکرێت جگە لە دیوێکی مینیماڵی و لانی کەمی کۆمەڵە عورفێکی بیابان و کۆمەڵە یاسایەکی فیقهی شتێکی دیکە نییە، ئەم عورف و نۆرمانە نەک ناتوانن مرۆڤ عروج پێبکەن و بۆ میعراجی ببەن و ببنە یار بن بۆی، بەڵکو زیاتر دەیبەن بەناخی زەویدا و دەبنە بار بەسەر شانیشیەوە. سونەت لەم فۆڕمەی ئێستایدا بارە نەک یار.