چۆن خۆت دەپارێزیت لە ئازاری شان وقۆڵ؟
06/09/2023
ئازارت ھەیە لە قۆڵەکانتدا؟ ھۆکارەکانی؟
یەکێکە لەھەرە بێزارکەرترین ئازارەکانی لەش، ئایە ئازاری شان بێت، یان بازوو و قۆڵەکان، یان مەچەک و دەست و پەنجەکان بێت ...
ھۆکار زۆرە بۆ دروستبوونی ئەم ئازارانە، وەبەپێی ھۆکارەکەی نیشانەکانی ئەگۆڕێت، بۆیە پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان جۆرەکانی قۆڵ ئێشە بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاووەرگرین بۆی لەژێر ڕێنمایی پزیشک دا ..
ھۆکارەکانی:
ا - شێوازی بەکارھێنانی ھەڵەو خووی ڕۆژانەی ھەڵە:
-ھەڵگرتنی شتی قورس:
خراپ ھەڵگرتنی شتی قورس، ئەویش بە بەکارھێنانی تەنیا یەک قۆڵ، ڕێگای ھەڵگرتنی ھەڵە زۆر جار ئازار دروست دەکات لە ئێسکدا، لەبەرئەوە ھەڵگرتنی شتی قورس بەھەردوو پەلی سەرەوە باشترە، جگە لەوەی ئەبێت بە دەستەکان ھەڵبگیرێت نەک ھەڵبواسرێت بە قۆڵەوە ...
- شێوازی ھەڵە و جوڵەی ھەڵە لەکاتی کاردا:
زۆربەی زۆرمان لەکاتی کاردا دەستەکانمان بەکار دێنین، لەکاتی کاری وەک ئیش کردن لەسەر کۆمبیوتەر یاخود نووسین لەسەر کاغەز، بەڵام دانانی تەندروستی قۆڵ و دەست زۆر گرنگە بۆیە گرنگە ھەر ١٥ چرکە جارێک شێوازی دانانی قۆڵت بگۆڕیت و وەرزش بکەیت بە پەنجەکانی دەستت ...
- شێوازی ئۆتۆمبیل لێخوڕین:
لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبیل بۆ ماوەیەکی زۆر و لەگەڵ مانەوە لەسەر یەک شێوازی دانانی قۆڵ و دەستەکان بۆ ماوەیەکی زۆر و بەرزکردنەوەو ڕاکێشانیان ئازار دروست دەبێت، بۆیە دەبێت زوو زوو دەست و باسک و بازووت بجوڵێنیت و وەرزشی پێ بکەیت ..
- شێوازی نووستنی ھەڵە:
ھەندێ کەس لەسەر قۆڵێکیان دەنوون، یاخود بەشێوەیەکی ناتەندروست ئەینوشتێننەوە، وەلەوانەیە بەو شێوەیە ئاسوودەبن لەنوستنەکەیاندا، بەڵام ئەمە زیان دروست ئەکات بۆ داھاتوو کەئەو ماسولکانە عەزێتیان دەبێت و ئازار دروست دەکات .
٢- ئازار لە قۆڵەکان بەھۆی ھۆکاری نەخۆشیەوە:
بڕێکجار ئازاری شان وقۆڵ بەھۆی ھەبوونی نەخۆشیەکەوە دروست دەبێت کە باوترینیان ئەمانەن:
١- کارپاڵ تونیل سیندرۆم :
بەھۆی بوونی فشار لەسەر ئەو دەمارەی کە دەچێت بۆ دەستەکان و ناوی (median nerve) ە، سڕی و ئازار دروست دەبێت لە پەنجەکان دا ، ھەروەھا ھەندێ جار دەچێت بۆ دەست و قۆڵەکان ..
زۆربەی جار بەھۆی بەکارھێنانی زۆری دەستە توشبۆکە لەکاتی کاردا و مستەکۆڵەی بەھێز یاخود بەکارھێنانی زۆری کۆمبیوتەر و مۆبایل دروست دەبێت، بۆیە پشوودان بە دەستەکان گرنگە و لەگەڵیدا وەرزشی تایبەت و ھەروەھا بەپێی ئەو ڕێنماییانەی پزیشکی پسپۆڕ دای ئەنێن بۆ ئەوەی نەشتەرگەری پێویست نەبێت ...
٢- نەخۆشییەکانی دڵ یاخود جەڵتەی دڵ:
[ ] ھەندێ جار شان و قۆڵ ئێشە لەوانەیە نیشانە بێت بۆ ڕوودانی جەڵتەی دڵ ، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵیدا ئازاری سەرسنگ ھەبوو، بۆیە پێویستە بە خێرایی ڕای پزیشکی پسپۆڕ وەرگیرێت، لەگەڵیشیدا لەوانەیە ھەناسە تووندی و ڕشانەوەو دڵتێکەڵھاتن و سەرگێژخواردن، عارەق کردنەوەو ھەرس نەکردنی خواردن و لێدانی خێرای دڵی لەگەڵ دا بێت ..
٣- ھەوکردنی ماسولکەکانی قۆڵ و شان:
بەھۆی ھەڵگرتنی شتومەکی قورس و لابردنی کەل و پەلی قورس، ھەندێ جار ماسولکەکان ھیلاک و شەکەت دەبن، دەبنە ھۆی دروست بوونی کلس لە بەستەر و ژێی ماسولکەکان یاخود ھەوکردن لە ماسولکەکاندا، ناسینەوەی ئەم جۆرە ئاسانە چونکە بە دەست لێدان و جوڵانی ماسولکەکان ئازار دروست دەبێت، دەتوانرێت تەنیا بە بەکارھێنانی کریم و جێڵی تایبەت و مەساج کردن بە زەیتی زەیتوون یاخود زەیتی نەعنا ئەمە چارەسەر کرێت کە دژە ھەوکردنیان تیادایەو ھەوکردنەکە ناھێڵن، ھەروەھا پشودان و وەرزش کردن و دوور کەوتنەوە لە ھەڵگرتنی شتی قورس بەتەنیا یاخود بە یەک دەست.
٤- ئازار و ھەوکردن لە مل دا و کێشەی بڕبڕەکانی مل:
ھەندێ جار بوونی کێشەیەک لە مل دا دەبێتە ھۆی ئازار لە شان و قۆڵ دا، و سڕبوون و دەرزی ئاژەنین لە پەنجەکان دا، لەبەرئەوەی ئاو دەمارانەی لە بڕبڕەکانی ملەوە دەرئەچن ھەمان دەمار دێن بۆ قۆڵ و دەستەکان، بوونی ھەر فشارێک لەسەر ئەم دەمارانە ، ئایە بەھۆی ئینزلاقی دیسکەوە بێت یاخود داخورانی جومگەی فاسیت بێت لە مل دا، دەبنە ھۆی دروست بوونی ئازار، ھەندێ جار فشار لەسەر دڕکە پەتک ئازاری توند دروست دەکات لە قۆڵەکان دا.
شێوازی نووستنی ھەڵە و دانیشتنی بەردەوام بەشێوەیەک بۆ ماوەیەکی زۆر و فشاری باری دەروونی ئەمانە ھەمووی دەبنە ھۆی ھەوکردنی دەمارەکانی مل کە کاریگەری ھەیە لەسەر قۆڵ و پشتیش ..
بەگشتی ھەر فشار و ھەوکردنێک لە دەماری مل، شان و مەچەک یاخود ژێی ماسولکەکانی شان و دەست ئازار دروست دەکات لەھەموو قۆڵەکەدا ...
چۆن دەتوانم خۆم بپارێزم لە ئازاری قۆڵ و شان و دەست؟
١- ھیلاک نەکردنی بڕبڕەکانی مل و پشت و ماسولکەکانی شان و قۆڵ و دەست ئەویش بەوەی بەشێوازی ھەڵە بەکاریان نەھێنین، وەبۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر یەک شێواز نەمێنین لەکاتی کاردا یاخود لەکاتی سەیرکردنی تیڤی یاخود خوێندنەوە یان ھەر چالاکیەکی دی دەبێت ھەموو ١٥-٢٠ خولەک جارێک باری وەستانی لەشمان بگۆڕین ..
٢- وەرزش کردن:
بۆ بەھێز کردنی ماسولکەکان و باشتر کردنی جووڵەی جومگەکان و دروست نەبوونی فشاری سەر ماسولکە و ئازار، ئەمەش ھەندێ لەو وەرزشانەی دەتوانین بیکەین :
- جوڵانی ھەردوو قۆڵ بەلای ڕاست و لای چەپ و بەشێوەی بازنەیی و دووبارەکردنەوەیی بە شێوەیەکی ڕۆژانە کەی بوارت ھەبوو ..
- ھەردووک پەنجەی دەستەکانت دەئاڵێنیت لەگەڵ یەکدا و بەرەو دەرەوە دەیانبەیت بۆ ماوەی ١٥ چرکە، ئینجا دەوەستیت بۆ ١٥ چرکە و جارێکی تر ھەمان شت دووبارە دەکەیتەوە ، وە واباشە لە ڕۆژێکدا چەندین جار دووبارە بکرێتەوە ...
- وەرزشی پاڕانەوە ، ھەردوو دەستت بەشێوەی دانانی دەست بۆ پاڕانەوە دەخەیتە بەردەم سنگت بەشێوەیەکی ڕاست و فشار دەخەیتە سەریان بۆ ماوەی ٥ خولەک و دیسانەوە پشوویان پێ دەدەیت و ئەمە چەند جارێک دووبارە دەکەیتەوە ..
٣- جۆری خۆراک :
خۆراکی گونجاو تە ندروست کاریگەرییەکی باشیان ھەیە بۆ نەھێشتنی ئازاری شان و قۆڵ، بەتایبەتی ئەو خواردنانەی کە ڕێژەی کالسێۆم و ڤیتامین دی یان زۆرە وەک شیرەمەنیەکان، چەوریی و فاتە بەسوودەکان و ئەو خواردنانەی وئۆمێگا ٣ یان تیادایە وەکو چەرەزات و فستق و گوێز و بایەم و فستق عبید و گازۆ ، ئەو سەوزانەی مادەی ئاسنیان زۆرە وەکو کەرەوز و سپێناخ و ئەوانەی دژە ھەوکردن و دژە ئۆکسان و ئازار شکێنیان تیادایە وەکو زەردەچەوە، زەنجەفیل ، بیبەری توون ...
د. ھەڤین کمال شاە محمد
پسپۆڕ له زانستی ئازار و بهنج
ئەندامی ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ ئازار شکاندن .