تۆ بڵێی مناڵەکەم کرمی نەبێت؟
12/09/2023
دایکێک دەبینین، لەدایک بووی حەفتاکان، کە مناڵەکەی هێناوە، بە تایبەت هەرزەکارە و لاوازە یان کەم خوێنە یان گەشەی باش نییە لەبەر چاوی دایک و باوکەکە. هەندێک جار، خەمی دایک و باوکەکە ئەوەیە: تۆ بڵێیت ئەم لاوازییە هی ئەوە نەبێت کە کرمی هەیە؟
نەخۆشییە کرمەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر زۆر دەگمەنن ئێستا هەتا ئاستی نەبوونی زۆربەیان، بەڵام فعلەن هەتا سەرەتای ساڵانی هەشتاکانیش ئەم نەخۆشیانە زۆر بوون و تەنانەت یەکەم هۆکاری کەم خوێنی نەخۆشی کرم بوو، بۆ نمونە.
جا قسەی ئەم دایک و باوکە بابەتێکی دیکەمان بیر دەخاتەوە، ئەویش بوونی ئاستێکی بەهێزی هۆشیاری تەندرووستییە کە هەبووە لە ناو خەڵکدا لە ساڵانی پێش هەشتاکان. هاوکات پێشمان دەڵێت کە ئەو هۆشیارییە بە شێوەیەک لە شێوەکان چەقیوە لەو ساڵەنەدا و لە پاش ئەو ساڵانەوە زۆرێک لە خەڵک خولیای گوێ بیستی بۆ زانیاری تەندرووستی ڕاستەقینە نەماوە و هەموو گوێ گرتنەکەی بۆ خورافاتەکانە وەکو ئاوی سرکە و پیاز و سیر و لیمۆ و دەرمانی نا راستەقینە و کردوویانە بە دەرمانی حەوت دەردە.
د.زانیار ئاغال
پزیشکی پسپۆڕی هەناوی