خۆهەڵخەڵەتاندن

13/09/2023

كەمال چۆمانی
زیندانییانی حوکمدراو بە سێدارە و کوشتن، لە دۆخێکی دەرونی شێواودا دەژین کە تا چەند چرکەیەکیش پێش لەسێدارەدان و کوشتن، چاوەڕێی ئازادیی خۆیان دەکەن. ئەو دۆخە هەڵخەڵەتێنەرە، میکانیزمێکە بۆ بەردەوامبون و ژیان تا مردن. لە دۆخی وەک زینداندا، یان دۆخی کامپەکانی مردنی نازییەکان کە ڤیکتۆر فرانکل لە کتێبی <<لێگەڕینی ئینسان بەدوای مانادا>> باسیدەکات، سنورەکانی نێوان بەهاکان لێڵ دەبن. هەندێک لە زیندانییان خۆیان هەڵدەخەڵەتێن، هەندێکیان خیانەت دەکەن، وەک میکانیزمێک بۆ مانەوە. هەندێکیشیان تا مردن بەها ئەخلاقییەکان بنپێ ناخەن. ئەوانەی لە ئازاردا مانا بە ژیان دەبەخشن، ئەوانە ئینسانی ئازادن.
لە هەرێمی کوردستاندا، ئێمە خۆمان هەڵخەڵەتاند کە پێمانوابو ئەوەی لەدوای ١٩٩١دا دروستبو ئازادییە. لەو کۆمەڵگایەی ئێستای ئێمەدا، سنورەکانی ئەخلاق و نائەخلاقی، بەها و بێبەهایی، و جوانی و ناشیرینی لێل بونە. لەو ئاوە لێڵەدا، بەشێک کە لە بنەڕەتەوە بڕوایان بە میکانیزمە ئەخلاقییەکان، بەهاکان و جوانی نییە بۆ ژیان، ئەوانەی ماکیاڤێلییانە هەمو هۆکارێک بەکاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان، واتا لە پڕۆسێسی گەییشتن بە ئامانجەکانیان، هەمو بێ\نائەخلاقییەک رێپێدراوە، هەرزو بەهاکانیان لەدەستدا. ئەوانەشی خۆیان هەڵدەخەڵەتێنن پێیان وایە دەتوانن کۆمەڵگاش بخەڵەتێنن، هەر رۆژەی گوتارێک و ئامرازێک بەکاردێنن، جا ترس بێ یان دڵخۆشکردن، ناسیۆنالیزم بێ یا دین، ئەوانیش وا ئەمڕۆ رونتر دەرکەوتوە گوتارەکانیان تەنها بۆ بەرژەوەندییە مادییەکانیانە، تەنانەت سەردارەکانیشیان دەزانن درۆ لەگەڵ بانگەشەکانیان دەکەن. ئەوانەی ناتوانن شەڕی ناعەدالەتی و ناشیرییەکان و بێئەخلاقییەکان بکەن، لەو ئاوە لێڵەدا بەباشی مەلەوانی دەکەن. ئەوانە کەمن لە کۆمەڵگای ئێمەدا کە دەیانەوێ ئازادانە بژین، چونکە ئازادی واتا چێژوەرگرتن لە روبەڕوبونەوەی ستەمکاری و لێگەڕین بەدوای بەخشینی مانایەکی باڵاتر بە ژیان. ئەوانەشی خۆیان هەڵدەخەڵەتێنن هەندێکیان لێزانانەن وەک ئەوانەی دەزانن حوکمڕانیی چەتەگەرایی دادی داهاتومان نادا، بەڵام دین، ناسیۆنالیزم، و رق بەکاردێنن بۆ شەرعییەتدان بە بونیان بە بەشێک لەو سیستەمەدا. ئەوانەشی بێئاگایانە تەنها بۆ مانەوە خۆیان هەڵدەخەڵەتێنن، یان هەڵخەڵەتێنراون، گوناهەکەیان ئەوەیە پێویستە لەو ناهۆشیارییە سیاسییە بەئاگابێنەوە.  
بەڵام ئێمە بۆ ئەوەی ئەو ئاوە لێڵەی ئەو زۆنگاوە پیسەی کە ناوی سیاسەت، میدیا، ئەکادیمیا، بازاڕی هەرێمی کوردستانە پاک بکەینەوە، دەبێ سنورە لێڵەکانی ناو ئەخلاق و نائەخلاقی تۆخ بکەینەوە تا بتوانین لەوێوە هەنگاو بنێین. دۆخێک دروستبوە گەندەڵی واتا سەرکەوتن. سەرکەوتن، هەرچەندە لە دونیادا مانایەکی لیبڕاڵانەی پێبەخشراوە خۆی لە بەدەستهێنانی سامان زیاتر دەبینێتەوە، بەڵام لای ئێمە واتاکەی هێندەی تر ناشیرین بوە. بەشێک لەوانەی دژی گەندەڵین تەنها لەبەرئەوەیە هاوڕێکەیان مەزرەعەی هەیە و ئەو نییەتی. 
ناکرێ وەک زیندانییەک خۆمان هەڵبخەڵەتێنین و چاوەڕێی ئازادی و عەدالەت لەوانە بکەین وا سێدارەیان بۆمان هەڵخستوە و ٣٢ ساڵە ستەمکاری خۆی بەرهەمدێنێتەوە و خۆی بەهێزدەکات. من داوایەکی رۆمانتیکانە و ئایدیالیستانەم نییە بۆ ئەوەی خۆمان و کۆمەڵگاکەمان لە «کُن! فیکون»ێکدا بگۆڕین، ئەمە دەستەڵاتێکی خوایییە و ئینسان خاوەنی نییە، تەنها بیر لەوە دەکەمەوە هەندێک سنورمان هەبن تا گەندەڵی بە سەرکەوتن و بێئەخلاقی بە ئەخلاقی و ناشیرینی بە جوانی و ستەمکاری بە سەرکەوتن تەماشانەکرێن.