دەرکەوتنەوەی دوو مەترسییە ترسناکەکە لەسەر ژن
14/09/2023
نەرمین عوسمان
پرسی یەکسانی جیندەری یەکێکە لەو پرسانەی لەسەر ئاستی جیهان کاری لەسەر دەکرێت، هەم پەیوەندیدارە بە ژنەوە وەکو رەگەز هەمیش ئەگەر بارودۆخی ژنان چاک نەکرێت و یەکسانی و هاوسەنگی لەگەڵ پیاودا بۆ دەستەبەر نەکرێت، ئەوا تەنها بە وزە و بیرکردنەوە و کارکردنی پیاوان ناتوانرێت کۆمەڵگە بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە ببینێ.
لە راپۆرتێکیدا رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردووەتەوە ئەگەر دەستوبرد نەکرێت لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی بەرنامەی «گەشەپێدانی بەردەوام» تا گەیشتن بە ساڵی 2030، ئەوا 340 ملیۆن ژن و منداڵی دەکەونە بەردەم شاڵاوی هەژاریی تاقەتپڕوکێن و ژیانیان دەکەوێتە مەترسی گەورەوە، هەروەها بەپێی راپۆرتەکەی یەکەی خانمان 110 ملیۆن ژن و منداڵی کچ بێبەش دەبن لە دەرفەتەکانی خوێندن.
ئەو هۆشدارییەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرەتای دەرکەوتنی ئاماژەکانی کۆمەڵێک مەترسی گەورەن لەسەر ژن، ژیانی، چارەنووسی، دۆز و تەنانەت داهاتووی منداڵە کچەکانیشی، جیهان ئەمە دەزانن، بەڵام کەمتەرخەمییەکەی سەیر بەرانبەر دۆزی ژن و گەشەپێدانی ژیان و بیرکردنەوەی هەیە، ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش جۆرێکە لە بانگەشەی بێ کردار و وڵاتانی زلهێز کەمتر دەچنە ژێرباری پشتیوانیکردنی پرسێک کە بەرژوەندییزیاتریان بۆ دەستەبەر نەکات.
ژنانی وڵاتانی هەژار یان ئەو وڵاتانەی شەڕیان تێدایە زیاتر دەکەونە بەر مەترسی قڕبوون، هەڵبەت قڕبوون تەنها بە مانای کۆتاییهاتنی جەستەی ژن نا، بەڵکو بەو مانایەی ژیانیان دەکەوێتە بارودۆخی کولەمەرگی، تینوێتی، برسێتی، تووندوتیژیی، بێ جلوبەرگی، گەرما و سەرما و دەیان نەهامەتی دیکە، پێکەوە تینیان بۆ دێنێ و ئیتر جگە لەوەی لە چاوەڕوانی مەرگدان بیر لە هیچی دیکە ناکەنەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە زۆر ناوچەی جیاوازی جیهان پڕۆژەی مرۆیی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خاوەن سەربەخۆیی کارگێڕی و ئابووری نییە و چاوی لە دەستی ئابونەی وڵاتانە بۆ دانانی بودجە و کارکردن، ئەوا ئاستەنگی زۆری دێتەڕێ، بۆ هیچ یەکێک لەو ئاستەنگانەش خۆی خاوەن پڕۆژەی چارەسەر و بڕیارلێدەر نییە، بەتایبەت ئەگەر پرسەکە سیاسی بێت، ئەوا دەبێت ترس و دڵەڕاوکێی ڤیتۆی پێنج زلهێزەکەی هەبێت ئەوانیش بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بڕیار دەدەن و زۆر کەم رێکن لەسەر پرسێکی جیهانی دیاریکراو.
راپۆرتەکەی بەشی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان دوو ژمارە و پرسی جیاوازی تێدایە، بەڵام هەردووکیان لەسەر ژنن، (340 ملیۆن ژن و منداڵ دەکەونە بەردەم شاڵاوی هەژاریی تاقەتپڕوکێن و 110 ملیۆن ژن و منداڵی کچ بێبەش دەبن لە دەرفەتەکانی خوێندن).
هەژاری و نەخوێندەواری دوانەیەکی نەگریسن لە مێژە بەرۆکی ژن و کۆمەڵگە دواکەوتووەکانیان گرتووە، لەبەرئەوەی ژن دووجار فشاری دەکەوێتە سەر فشاری داگیرکاری و سیستمی جیهانی سەرمایەداری کە زۆر نامرۆڤانە مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دواکەوتوو و هەژاردا دەکەن، فشاری عەقڵی دواکەوتووی پیاو و ئایین و خێڵ ژن وەکو خزمەتکار دەبینن نەک مرۆڤێکی تەواوی خاوەن جیهان بینی.
مەترسییەکان روونن، هەوڵی جیهانی دەوێت، لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستانیش لەبەردەم مەترسی سیاسی و ئابووریی گەورەدایە، هەروەها رەوتە فەندەمێنتاڵە ئایینییەکان لە گەشەکردندان، بۆیە ژنانی کوردستانیش دوورنابن لەو مەترسییانە و پێویستە خۆمان بۆ زیاتر روبەڕوبوونەوەی سازبکەین.