چۆنیەتی پەروەردە کردنی منداڵ
14/09/2023
ڕۆستەم خامۆش
هەموو کارێک، یان پڕۆژەو بیرۆکەیەک بۆ خزمەتی گەل و نیشتمان، جێگەی بایەخەو نرخ و بەهای خۆی هەیەو پێویستە بە چاوی پڕ لە ڕێزەوە لێی بڕوانرێ، چونکە سوودی گشتیی هەیەو بۆ هەموانە، بەڵام کارێک لە هەموو کارەکان جوانتر و باشتر، ئەوا پەروەردە کردنی منداڵەو ئامادە کردن و پێگەیاندنیانە بۆ خزمەتکردنی وڵات، بۆیە پێویستە بە شێوازێکی زۆر ڕێک و جوان و ڕاست و دروست پەروەردە بکرێن، بۆ ئەوەی ئەوانیش بە دڵسۆزی و بە ئەمانەت و دەستپاکییەوە خزمەت بە وڵات بکەن و بەرژەوەندی گشتیی لە بەرچاو بگرن.
بێگومان کە بەشێوەیەکی وادروست پەروەردە بکرێن، ئەوا ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵات دەبێتە کاری لە پێشینەیان، بەڵێ بە دڵنیاییەوە لە ئەنجامی پەروەردەی منداڵەکانمان، ئەوا خێزان و کۆمەڵگە بەختەوەر دەبن و ئارامیی و ئاشتی باڵ دەکێشێ بە سەر تەواوی خاکی وڵات.
چەندین ڕێگەو دەروازە هەن بۆ ئەوەی بتوانین منداڵەکانمان بە جوانی پەروەردە بکەین و دواتر وەک باشترین دیاریی پێشکەشی کۆمەڵگەیان بکەین، بەڵام ئێمە نووسینەکەمان چڕ دەکەینەوەو ئاماژە بە چەند خاڵێکی گرنگ دەکەین، کە ئەوانیش بریتین لە:
1. دایکان و باوکان پێش ئەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیریی ئەنجامبدەن، پێویستە لە ڕێی خوێندنەوەی کتێب و گۆڤاری تایبەت بە پەروەردە و منداڵناسیی، خۆیان شارەزا بکەن لە چۆنیەتی پەروەردە کردنی منداڵ.
2. وا باشە دایکان و باوکان یەکتریان زۆر خۆشبوێ، بۆ ئەوەی خۆشەویستیی ببێتە بنچینەی پێکەوەبوونیان و ژیانێکی پڕ لە ئاشتی و ئاسوودەیی بگوزەرێنن، بەشێوەیەک ئەو خۆشەویستییە ڕەنگبداتەوە هەتا منداڵەکانیشیان هەست بە خۆشەویستیی نێوان دایک و باوکیان بکەن و ئەوانیش فێری خۆشەویستیی ببن.
3. دایکان و باوکان، دەبێ وابکەن ژینگەی ماڵ لەبار و گونجاو بێ بۆ پەروەردە کردنی منداڵەکانیان، پێش ئەوەی بچنە باخچە و قوتابخانە، پێویستە لە ماڵ پەروەردە بکرێن، بۆ ئەوەی لە قۆناغەکانی خوێندندا سەرکەوتووبن.
4. وا چاکە دایکان و باوکان، بەر لەوەی منداڵیان ببێ، کتێبخانەیەکی جوان و خنجیلانە لە ماڵ ئامادە بکەن و کتێب و گۆڤاری هەمەجۆری تێدابێ، وە هەندێکی تایبەت بە منداڵان بێ، چونکە هەم بۆ خۆیان سوودی لێوەر دەگرن، هەم دواتر منداڵەکانیشیان کە چاویان هەڵهێنا، دەبینن لەماڵەکەیان کتێبخانە هەیەو پەرتووک و گۆڤاری تایبەت بە خۆیانی تێدایە، پاشان کەلتووری خوێندنەوە و خۆ ڕۆشنبیر کردن بەرەو پێش دەچێ و ئاستی مەعریفەی خەڵک بەرزتر دەبێ.
5. دایکان و باوکان، دەبێ هەستی خۆشەویستیی بۆ منداڵەکانیان دەرببڕن، بەڵام نەبێتە نازپێدانێکی زۆر و لەسنوور دەرچوو، چونکە خۆشەویستیی بناغەی هەموو کارە جوانەکانە.
6. دایکان و باوکان، پێویستە مافی منداڵەکانیان بناسن و دەبێ دادپەروەر بن بەرامبەر منداڵەکانیان، گەورەبن، یان بچووک، کوڕبن، یان کچ، بۆ ئەوەی هەست بە جیاوازیی نەکەن و هەتاکو ئەوانیش فێری یەکسانیی و دادپەروەری ببن.
7. لە ئێستادا تەکنەلۆژیا زۆر پێشکەوتووە و پێویستە دایکان و باوکان، بە وریایی و لێزانییەوە ئامێرە زیرەکەکان و هێڵی ئینتەرنێت بخەنە بەردەستی منداڵەکانیان، چونکە لە ئەگەریی ناهۆشیاریی، زیانی زیاتر دەبێ لە سوود وەرگرتن.
8. لە هەموو ماڵێک تەلەفزیۆن هەیە و لە ئێستادا کەناڵە ناوخۆیی و ئاسمانییەکان بێ ئەژمار زۆرن و زۆربەیان ڕەچاوی لایەنی خێزانیی و داب و نەریتی ڕەسەنی کوردەواریی ناکەن، بۆیە دەبێ دایکان و باوکان، منداڵەکانیان ئاشنا بکەن بەو کەناڵانەی کە تایبەتن بە منداڵان، یان ئەو کەناڵانەی لە خەمی پەروەردە و کەلتوور و ڕەوشتە جوانەکان و بەها باڵاکاندان، وە دایکان و باوکان خۆشیان سەیری هەموو کەناڵێک نەکەن، چونکە لە کۆمەڵی کوردەوارییدا لەزۆربەی کاتەکاندا خێزانەکان بەگەورە و بچووکەوە لەگەڵ یەکتردان و پێکەوە دەژین.
9. منداڵان ڕابهێنرێن کە هەمیشە پاک و خاوێن بن، چونکە لە ئەنجامی پابەندبوونیان بە ڕێنماییەکان بۆ پاک و خاوێنی، دواجار ئەوانیش فێر دەبن کە ژینگەی ماڵ و قوتابخانە و هەموو شوێنێک بە جوانیی بپارێزن، پاشان ئینتیمای نیشتمانییان زیاتر دەبێ و هەستی مرۆڤدۆستی لایان بەرزتر دەبێ.
10. لە ئەنجامی پەروەردەیەکی ڕاست و دروستی منداڵ، ئەوا کۆمەڵگە هەست بە بەختەوەریی دەکات و هەموان لە نیشتمانێکی ئارامدا ژیان دەگوزەرێنن.
11. وا چاکە دایکان و باوکان گرنگی بە چیرۆک خوێندنەوە بدەن و منداڵەکانیان ئاشنا بکەن بە چیرۆک و لە گرنگیی ئەو ژانرە ئەدەبییە ئاگاداریان بکەنەوە.
12. منداڵان خۆیان حەزیان لە گوێگرتن لە شیعرە، یان پێیان خۆشە بیخوێننەوە، چونکە چێژی لێوەردەگرن و ئارەزووی لە بەرکردنی شیعر دەکەن، بۆیە دەبێ هەر لە سەرەتاوە پێی ئاشنا بن و بیناسن.