یەک هاوکێشەی کۆمەڵناسییانەی ٢٠٠ ساڵەی باشووری کوردستان
14/09/2023
یاسین ئافتاو
هێندەی دەرفەت هەبووە و دەستم بەسەریدا شکاوە، خوێندوومەتەوە و پرسیارم کردووە و بیرم لێ کردۆتەوە، سەبارەت بە کۆی مێژووی باشووری کوردستان لە فەقێ ئەحمەی دارەشمانەوە هەتا مەسروور بارزانیی و قوباد تاڵەبانی، لە یەک هاوکێشەی کۆمەڵناسییانەدا کورت و پووختم کردۆتەوە:
بنەتۆوێک کەسی ناڕازیی، کۆژانەکانی خەڵک کە بە دەستی داگیرکەران تووشی هاتوون دەقۆزنەوە، دەیکەنە سووتەمەنی یاخییبوون، دواتر بە هۆی بارودۆخێکی نێودەوڵەتیی یان ئیقلیمییەوە، بەشێکی هەرێمەکەیان دەکەوێتە دەست، ئەوانە دەبنە ئاغای نوێ، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا جۆرێک ئاغایەتیی و کەڵەگایی پێڕەو دەکەن کە ئاغای کۆن ڕووی وەکو بەفر سپیی بێتەوە، هێندە بارگرانیی لەسەر خەڵک درووست دەکەن، کاتێک وادەی تێکشکان و هەڵاتنیان دێت و ئاغای کۆن لە بەرگێکی نوێدا دەگەڕێتەوە، بێ ئەوەی هیچ بکات و تەنیا بە لابردنی ئەو بارگرانییەی ئاغا خۆماڵییەکە لەسەر شانی خەڵک باری کردووە دەبێتە فریشتە...
چۆن هێشتا تێزەکەی ئیبن خەلدوون دەمارگیریی و شارستانیی (العصبیە والحچارە) جڵەوی کۆی جیهانی عەرەبیی دەکات، ئەم هاوکێشەیەش دەکرێت یەکێک بێت لە بزوێنەرەکانی کۆی مێژووی ئێمە، ئەمە ژێرخانێکی فرە کاریگەرە بۆ نەڕسکانی دیدی نەتەوەیی، دیاردەی جاشایەتی، نەگەیشتنە قۆناغی ڕۆشنگەریی و کرانەوە و ئەو خولانەوە بەردەوامەی ناو بازنەکە.
تۆ بیهێنە بەر چاوی خۆت؛ ئەگەر ئەم دەسەڵاتەی کە هەیە بڕمێت و حکوومەتی عێراقی بگەڕێتەوە، ئەگەر دیدێکی ڕۆشنی بۆ کوردستانی عێراق هەبێت و ئاگاداری ئەم هاوکێشەیە بێت و نەیەوێت هەمان هەڵەی ئینگلیز، ڕژێمی پاشایەتی، عەبدولکەریم قاسم، بەعسییەکان و سەددام دووبارە بکاتەوە، سوپای پێکهاتوو لە نەتەوەکانی دیکە نەهێنێتە کوردستان، هەر لە خەڵکی کوردستان سوپایەک پێکبهێنێت و بینێرێتە سەر سنوور، بە پۆلیس و ئاساییشێکی خۆجێیی ئیدارەی ناو شارەکان بدات، دەست بۆ ئەو سیستمە فیدراڵییە نەبات و باڵە دەرەکییەکەی ببڕێت (سیاسەتی عەمالەت بۆ وڵاتە دراوسێکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان لە دژی ناوەند، دزینی سامانی هەرێمەکە و بردنی بۆ وڵاتانی دیکە)، ئینجا زەمینەسازیی بکات بۆ نەوەیەکی نوێ لە خەڵکی هەرێمەکە خۆیان هەرێمەکە بەڕێوە بەرن لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی وڵاتەکە کە هەڵقوڵاوی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت، ئابووریی و پرۆژە وەستاوەکان بخاتەوە گەڕ، باری دارایی ڕێک بخاتەوە و ئەو گەندەڵییە فراوانە سنووردار بکات، ڕێ لە ئازادیی کولتووریی و نەتەوەیی نەگرێت و مەزهەببازیی و کەرەکەری تائیفیی دەست نەداتێ؛ چی ڕوو دەدات؟
من خۆم دەزانم ئەوە خەونی حوشترە، بەڵام لە خراپترین حاڵەتیشدا، کاتێک دەسەڵاتە تڕەکەڵەکەکەی برادەران بە لادا دێت، ئەو هێزەی کە دێتەوە، تەنیا بە پێدانی مووچە و بووژاندنەوەی بازاڕ و لابردنی ئەو هەموو باج و سەرانە و غەرامە و ڕسووماتە خۆی دەکات بە شەکر.
لەو دۆخانەشدا، مرۆڤە ناڕازییەکان، ڕەخنەگرەکانی یەکێتیی و پارتیی و گۆڕان و هێزەکانی دیکە، ئەوانەی سڵیان لە مەرگ و ئازاردان و ئەفەرۆزکردن نەکردەوە، لە ماوەی ٣٣ی ساڵەی حوکمڕانی جووتحیزبەکەدا هەموو کۆشش و ڕەنجێکیان بۆ ئەوە بوو بەم مایەپووچیی و نابووتیی و لاتوپووتییەی ئێستا نەگەین؛ دیسانەوە دەبنەوە بە پارووی لە قوڕگگیراوی دەسەڵاتدار و دۆخە نوێیەکە، ئەوانەشی لە ماوەی ٣٣ ساڵی ڕابردوودا نانخۆر و کاسەلێس و کۆیلەی ئاغا خۆماڵییەکە بوون، دەبنەوە بە نانخۆر و کاسەلێس و کۆیلەی ئاغا نوێیەکە، ئەو دەم؛ ڕێبازی بارزانیی دەگۆڕن بە ڕێبازی ئالوبەیت، ڕێبازی مام جەلال بۆ ڕێبازی ئیمامی زەمان و ڕێبازی باوکی هەژاران بۆ ڕێبازی سەیدی شوهەدا.... جاک لاکان گوتەنییانە: "ئێوە بە دوای باوکێکی نوێدا دەگەڕێن، مژدەتان لێ بێت بەم زووانە دەیدۆزنەوە"...
کوردستانی عێراق و عێراقی (نە وڵات نە دراوسێی) لە (تۆم و جێری) دەچن، نە بێ یەک هەڵدەکەن نە پێکەوە، ڕووی باوکی مس بێڵ ڕەش بێت بۆ خۆی و قوڕی شێلای...