میدیاکانی باشووری کوردستان و ترس لە ئێران

17/09/2023

رەنج نەوزاد
گەورەترین و کاریگەرترین و دەوڵەمەندترین میدیاکانی کورد، لە باشووری کوردستانە. ئەم میدیا زەبەلاحانە کە زۆربەی بە پارەی دزراوی کوردستان درووستکراون و بەڕێوە دەچن، کەمترین بەرگری لە کوردستان دەکەن. زۆر کاتیش، بە پاساوی جۆراوجۆر دەبنە ئامرازێکی داگیرکەر بۆ دژایەتی کردنی کوردستان. 
ساڵیادی مەرگی ژینا ئەمینییە، لە زۆربەی میدیا جیهانییەکان و ناوچەکە، بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی، دەیان و سەدان هەواڵ و ڕاپۆرتی لەبارەوە بڵاکراوەتەوە. بەڵام تا ئێستا لە میدیا دیارەکانی باشووری کوردستان، نەک نەبووە بە ڕووداوێکی گرنگ، بەڵکو نەبووە بە یەکێک لە هەواڵەکانی ڕۆژ. زۆربەی هەرە زۆری میدیاکانی باشوور، حیزبین، هەموو حیزبەکانی باشوور لە ئێران دەترسن و لە پراکتیکدا هەر وەک جاشەکانی ئێران ڕەفتار دەکەن. 
لە ئێستادا پرسی موچەی هەرێم، سەد لە سەد بەستراوەتەوە بە بڕیاری سوپای قودس. نە عیراق نە هەرێم، هیچ دەسەڵاتێکیان نەماوە لەو پرسەدا. سوپای قودس دەتوانێت بڕیار بدات، هەر ئەمرۆ موچەی سێ مانگ لە بەغداوە بێت بۆ هەرێم، هاوکات دەتوانێت بڕیار بدات تا سێ مانگی تر بەغدا موچە نەنێرێت. بۆیە حیزبەکان، فەرمانیان دەرکردوە بۆ میدیاکانیان، بە هیچ جۆرێک هەواڵێک یا ڕاپۆرتێک بڵاونەکرێتەوە کە قائانی نیگەران بکات. ئەگەر نا چ مانایەکی هەیە کە ئەمرۆ هەواڵێکی سەرەکی لە ناوچەکە و لە جیهاندا، نەبووەتە هەواڵ لە میدیاکانی باشوور! لە کاتێکدا دەبوو میدیای کوردی زۆر زیاتر لە میدیا بیانییەکان بایەخ بەو ڕووداوە بدات.
دزی و تاڵانی و گەمژەیی و بێ پلانی پارتی و یەکێتی دۆخێکی درووست کرد، کە ئێستا هەرێم بۆ ئەوەی موچە وەربگرێت، دەبێت دژایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پشتگیری پاسداران بکات. دەبێت میدیاکارەکان وریابن، ئەم شێوەیە لە کارکردن، ئێوەش دەباتە ئاستی سیاسییە نا پاک و مافیا و دژە کوردەکان، ئەگەر سیاسییەکان لەبەر ملیاران دۆلار و دەسەڵات ئەو جۆرە لە جاشایەتییە بکەن، ئێوەی میدیاکار بۆ چی دەیکەن؟ 
لە زۆربەی میدیاکانی باشووری کوردستان، کارمەند و میدیاکاریان هەیە دەمناسن یان هاوڕێمن، هیوادارم ئەم پەیامەم بگات.