ئایە سوپای توركیا بەشەڕەفترین و بە ئەخلاقترین سوپای جیهانە؟

17/09/2023

بۆ تۆمەتی سووكایەتی بە سوپای توركیا داوای دەكرێت پەرلەمانتارێكی جەهەپە توندترین سزا بدرێت
كارزان گلی
بەهۆی ئەوەی، لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا، رەخنەی توندی لە سوپای توركیا گرت، بەوەی بەشێوەیەكی دڕندانە رووبەڕووی هاووڵاتی كورد بوونەتەوە، بۆیە داوا دەكرێت، سەزگین تانریكولوو، پەرلەمانتاری جەهەپە، لەسەر بازنەی ئامەد، بەتوندترین شێوە سزا بدرێت، رەنگە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت و بخرێتە زیندانەوە.
سەزگین، باسی لەڕووداوی فڕێدانی چەند هاووڵاتییەكی كورد كرد لە هەلیكۆپتەرەوە بۆ سەر زەوی و دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و گوتی، ئەمە سوپای توركیا ئەنجامی داوە. هەروەها ئاماژەی بەڕووداوی كۆمەڵكووژی رۆبۆسكی كرد، گوتی، ئەم رووداوە لە ماوەیەكی نزیكدا روویداوە، كەچی بكەرانی هیچ سزایەك نەدراون.
سەزگین، كە بەڕەگەز كوردە، بەسیاسییەكی زۆر زیرەك و بەتوانا ناوی دەهێنرێت و لەوەتەی لەناو كایەی سیاسیشە، هەر سەر بە جەهەپە بووە، بەڵام كوردبوونی خۆی ون نەكردووە و بەردەوامیش باسی لە مافی كورد كردووە، بەڵام بەهۆی ئەو رەخنانەی لە سوپای توركیای گرتووە، ئەگەر زۆرە بخرێتە زیندانەوە و توندترین سزاش بدرێت.
لەناو جەهەپەدا، هیچ سیاسییەك پشتگیری خۆی بۆ سەزگین دەرنەبڕیوە، بەپێچەوانەوە، كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە، ئاماژەی دا كە سوپای توركیا تاجی سەری ئەوانە و كەس بۆی نییە سووكایەتی پێبكات، ئەمەش دەریدەخات، كە كلیچدارئۆغڵوش، پشتگیری لە سەزگین ناكات و لەگەڵ ئەو بۆچوونانەی نەبووە.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، هێرشی توندی كردە سەر سەزگین و گوتی، سوپای توركیا بەشەڕەفترین و بە ئەخلاقترین سوپای دونیایە، ئەوەی سووكایەتی پێ بكات، دەبێت باجێكی زۆر قورس بدات و داواشی لە پەرلەمان كرد، بەكاری خۆیان هەستن بۆ سزادانی سەزگین.
بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لە سەزگین، جموجۆڵ دەستیپێكردووە و سەرەتا لیژنەی یاسایی پەرلەمان كۆدەبێتەوە و بڕیار لەبارەی هەڵگرتنی پارێزبەندی دەدات و پاشان دەیخەنە دەنگدانەوە، ئەگەریش زۆرە لەپەرلەمان دەنگی بەڵێ زۆرتر بێت، چونكە تەنیا پارتی چەپی سەوز، پشتگیری لە سەزگین كردووە و پەرلەمانتارەكانی تر، دژی وەستاونەتەوە.
لەبارەی ئەو گوتەیەی ئەردۆغان، كە دەڵێت سوپای توركیا بەشەڕەفترین و بە ئەخلاقترین سوپای جیهانە، وەكوو سەرۆكی توركیا بۆی هەیە ئەو قسانە بكات، بەڵام مێژوو رەحم بە كەس ناكات و هەموو ئەو رووداوانەی سەیڤ كردووە كە سوپای توركیا دژی هاووڵاتی سڤیلی كورد كردوویەتی و لە كۆمەڵكووژییەوە تا دەستدڕێژی سێكسی بۆ سەر ئافرەتی كورد.
نورجان بایسەل، رۆژنامەنووسی دیاری باكووری كوردستان، لەسەروبەندی شەڕی خەندەقدا لە نێوان سوپای توركیا و پەكەكە لە 2015، چووە شاری جیزرە، كە شارەكە بەهۆی شەڕەوە وێران ببوو و چۆڵ كرابوو، لەوێ باسی لەو دڕندایەتییەی سوپای توركیا كردبوو بەرامبەر بە هاووڵاتی شڤیلی كورد و نووسیبووی، لەسەر دیوارەكانی ماڵەكانی جیزرە، سوپای توركیا نووسیبویان ”ئەی ئافرەتە جوانەكانی كورد، بەداخەوە كاتێك ئێمە هاتین ئێوە لەوێ نەبوون“ جیا لەوەش، چووبوونە زۆربەی ماڵەكان و دەرپێ و مەمكبەندی ئافرەتانیان دەرهێنابوو و هەڵیانواسیبوو وەكوو سووكایەتییەك بە ئافرەتی كورد.
ئیسماعیل بێشكچی، نووسەری گەورەی توركیا و دۆستی كورد، باس لەوە دەكات، كاتێك سەرباز بووە، جارێكیان سوپا هەڵیكوتاوەتە سەر گوندێكی كورد و لەوێ بەبەرچاوی ئافرەتەكانەوە، پیاوەكانیان جیا كردەوە و رووتیان كردنەوە، هەروەها پەتیان بە چووكی پیاوەكان بەستووە و بەدوای خۆیاندا رایانكێشاوە، لە كاتێكدا ئەوانە هیچ تاوانێكیان نەكردووە.
ئەگەر باس لە كۆمەڵكووژی زیلان بكەین، سوپای توركیا بەجۆرێك دڕندە بووە بەرامبەر بە كورد و هاووڵاتی سڤیل، هیچ سوپایەك لە دونیادا بەو شێوەیە مامەڵەی نەكردووە.
لە كۆمەڵكووژی دەرسیمیشدا، جیا لەوەی سەدان پیاویان كوشت و دەستدرێژی كرایە سەر چەندین ئافرەتی كورد، هەموو ئەو منداڵانەی 10 ساڵ بەرەو سەرەوە بووە و كچ بوونە، لە نێوان سەباز و ئەفسەرەكاندا دابەش كراوە و ئەوانیش بردویانەتەوە و لە ماڵەوە وەكوو كۆیلە مامەڵەیان لەگەڵدا كردوون، بەڵگەكانی كۆمەڵكووژی دەرسیمیش مەوجوودن و دەیان كتێب و نووسین و راپۆرتی لەبارەوە نووسراوە.
بەئەگەرێكی زۆرەوە، سەزگینیش وەكوو پەرلەمانتارەكانی تری هەدەپە، دەخرێتە زیندانەوە و رەنگە سزاكەی زۆر قورس بێت و تەنانەت حیزبەكەشی بەرگری لێ ناكات.