چیرۆکی هێز یان هێزی چیرۆک؟

17/09/2023

رێبین ئەحمەد رەشید
میللەتی بێ چیرۆک میلەتێکی زەبوون و کەوتووە، لە دۆخێکی شیزۆفرێنی وادایە ناتوانێت هەماهەنگی دونیای دەرەوە و دونیاکەی ناوەوەی خۆی سەرڕێ بخات و یەکانگیریان بکات، وەنەبێ دۆخی ناوەوەشی یەکپارچە و هەماهەنگ بێ، بەڵکو ڕۆژانە لەناوەوە دەبێتە هەزار پارچەوە. میلەتی بێ چیرۆک دەڕوات بەڵام ناگات، هەناسە دەدات بەڵام ناژی، سەیردەکات بەڵام نابینێت، گوێ دەگرێت بەڵام نابیستێت، قسە دەکات بەڵام ئەوەی دەیڵێت تێکەڵکردن و هەڵبڕسکانە نەک ڕستە عەقڵانی و لۆژیکی. 
ئێمە وەک کورد تەنانەت لەسەختترین و پڕ ئازارترین کاتەکانماندا بێ چیرۆک نەبووین، هەمیشە چاوێک هەبووە گۆرانی بۆ بڵێین، لێوێک هەبووە شیعری بۆ بنووسین و خۆمانی بە قوربان بکەین، ئامانج و ستراتیژێک ئەگەرچی دووریش بووبێت هەبوون تا لەپێناویدا بجوڵێین و سەمای بۆ بکەین، هەمیشە باوەڕمان بەوە هەبووە بەرسیلەکانمان پێبگەن و شەراب، ڕۆژێک دابێ وەجاخی ماڵەکەی ئێمەش ڕۆشن ببێتەوە و لە شەوانی درێژی زستاندا گەرممان بکەنەوە. مێژووی دوور و نزیکی ئێمە هیچ قۆناغێکی مەترسیداری وەک ئەم قۆناغەی ئێستای بە خۆیەوە نەدیوە: قۆناغی مردن و خنکاندنی چیرۆک، قۆناغی گەیشتن بە کۆتاییەک کە هێزی زمان و بیرکردنەوەی بۆ هۆنینەوەی چیرۆک تا ئاستی سفر دابەزێنێت! هیچ قوناغێکی کەوتن نەیتوانیوە ئێمە لە هەستانەوە بێبەش بکات، هیچ ئاشبەتاڵ و نسکۆیەک نەبووە بێ جوڵەی نەخستووین، هیچ جینۆساید و قڕکردنێک کەمینەکردووینەتەوە، هیچ قەدەغەیەکیش نەیتوانیوە بێ نووسین و بێ گۆرانی و بێ شیعر و بێ خەونمان بکات، چونکە هێزی چیرۆک هەمیشە لە چیرۆکی هێز حزوری زیاتر بووە لامان، حیزبی کوردی هات کاری لەسەر ئەوەکرد هێزی چیرۆک بگۆڕێت بۆ چیرۆکی هێز و سەرکەوتووش بوو.
نوزەنوزی ژێر لێو و جوینەوەی وێنەدووبارەکانی وەک ئەوەی گوایە ئێمە دەوڵەت نین،  داگیرکەر دەوری داوین، بەغدا موچەو قوتی بڕیوین، ناسۆنالیزمی کوردی نەخەمڵیوە، زوڵممان لێدەکرێت ..هتد هیچ نین جگە لە ئازارشکێنێکی کاتی  بۆ شاردنەوەی شکست و کەوتن، دەشێت ئەم موسەکینە کاتییە نەهێڵێت ئازار بەتەواوی بمانکوژێت، نەهێڵێت سیواییمان بێتەوە، بەڵام گارانتی ژیانیش ناکات، باشترین شتێک ئەم موسەکینە کاتییە بیکات ئەوەیە کە بەزیندوویی دەتهێڵێتەوە تا نۆبەی سوڕی ئازارێکی دیکە و موسەکینێکی دیکە دێت.
شۆڕشی کوردی " لە فۆڕمی کوردایەتی" دا و پاشتریش مەنزومەی حیزبی کوردی لە فۆڕمی حیزبایەتیدا  بکوژی یەکەم و کۆتایی چیرۆکن لە زیهن و خەیاڵی ئێمەدا، ئەم جەلادە پڕ وزە بێ ئیرادەیە وەک دێوەکەی فرانکشتاین توانیوێتی دەست لەگەردنی ئێمە گیربکات و پێمان بسەلمێنێت کە چیرۆکی هێز لە هێزی چیرۆک گرنگترە، بۆیە هەرجارەی کە پانیکێک دەیگرێ و بڕیارێکی نامەدروسی وەک شۆڕش، ڕێککەوتن، ئاشبەتاڵ، شەڕی نێوخۆیی، ئاشتبوونەوە، سەربەخۆیی ئابووری، ڕیفراندۆم، تەڵاقدانی بەغدا و دواتر کڕنووش بردنەوە و ماچکردنەوەی دەستی بەغدا دەدات هیچ شۆک نابین، ناڕسکێین و داناچڵەکێین، بۆچی؟ چونکە باوەڕمان بە هێزی چیرۆک نەماوە، ئەسڵەن چیرۆکێک لە گۆڕەپانەکەدا بونی نەماوە، ئەوەی هەیە هەمووی چیرۆکی پێکەوەنانی هێزە، ئەم  هێزە زۆرەش بەردەوام چونکە لەدەست ئەم زیهنیەتە شیزۆفرینی و پانیکی و سایکۆپاتەی نەبوونی چیرۆکدایە، چونکە بێ ستراتیژ و بێ ئامانجە بەردەوام دەماندات بە دیواربەندی نائومێدیدا، لە قەڵبەیەک بۆ قەڵبەیەکی دیکە دەمانگوازێتەوە.
هیچ وەختێک تاکی کورد هێندەی ئەوەی ئێستا دەیبینین ئیرادەی تێکنەشکاوە، دەقیق وەک ئەو نەخۆشەمان لێهاتووە کە ئازاری گرێیەکی سەڕەتانیی لە ڕیخۆڵەکانیدا تەنگی پێهەڵچنیوە، ڕیخۆڵەکانی گرتووە، پێچ وژان بەسکیدا دێت، بەڵام ئێمە لەهەر سوڕێکی ئازارەکەیدا دێین لە فۆڕمی حەماسەتی نەتەوەیی و موچەدا موسەکین و مۆرفینێکی بۆ دەکەین و چاوەڕێی سوڕێکی دیکەی ئازارەکەی دەکەینەوە تا بە پیتاک و لەژێر منەتدا ئەم مۆرفینەی بۆ دووبارە و دەبارە  بکەینەوە.
ئەو کاراکتەرانەی ئەمڕۆ لەم نەخۆشخانەیەدا بەرامبەر ئەم نەخۆشە دانراون هیچکامیان شیاوی ئەوەنین ئاگاداری ئەم نەخۆشە  بن، لیاقەتی ئەوەیان نییە دەستنیشانی ئەسڵی نەخۆشییەکە بکەن، بوێری ئەوەیان نییە ئەم نەخۆشە بخەوێنن و نەشتەرگەری لابردنی ئەم گرێ سەڕەتانییەی بۆ بکەن،  بەیەک وشە ناتوانن چیرۆکی ژیان و ئایندە فێری ئەم نەخۆشە بکەنەوە و فێری بکەن تا بتوانێت بەسەر خۆیدا زاڵببێت وهەماهەنگی دونیای دەرەوە و دونیاکەی ناوەوەی دروستبکاتەوە تا بتوانێت  چیرۆکێکی دیکە لە چیرۆکی چاوەڕوانی مەرحەمەتی پەرەستار و سوڕی ئازار و موسەکین مۆرفین زیاتر بهۆنێتەوە!