لیام نیسن، ئاكتەری دۆخە سەختەكان
17/09/2023
نوسین؛ هێژا دڵشاد
یەك لە ئایكۆنە بەناوبانگەكانی سینەمای ئەمریكی (هۆڵیوود)، لە فیلمی ئاكشن و سەركێشیدا، بێگوومان ئاكتەری ئێرلەندی لیام نیسن-ە. ئەم ئاكتەرە لە ژیانی هونەری خۆیدا خاوەنی زۆر فیلمی جوان و نایابە، زۆربەی هەرە زۆری فیلمەكانی لە تایپی ئاكشنە و چیرۆكی سەركێشی و پڕ لە جوڵە خۆی دەبینێتەوە، بۆیە زۆرجار بە نازناوی ئاكتەری دۆخە سەختەكان ناودەهێنرێت.
نیسن خاوەن كاریزمایەكی تایبەتی بێ وێنەیە، لەگەڵ ئەوەی تۆنی دەنگیشی زۆر تایبەتە لە گفتۆكردن لەگەڵ دوژمنەكانیدا هەمیشە لێهاتوو و سەركەوتوو بووە لە دۆزینەوەی شوێنپێی دوژمنەكانیدا.
ئەم ئاكتەرە ژیانی هونەری لە ساڵی 1982 دەستپێدەكات، هەڵبەت لەپاڵ فیلمە ئاكشنەكانی، هەندێ فیلمی درامیشی هەیە، یەك لەوانەش فیلمی (Schindler's List) لەساڵی 1993 بەرهەمهاتووە، كە سەركەوتنێكی بەرچاوی بەدەستهێناوە وخەڵاتی ئۆسكاری بردووە.
یەك لە فیلمە بەناوبانگەكانی نیسن، زنجیرە فیلمی (Taken) ە لە ساڵانی 2008 بۆ 2014 بەرهەمهاتووە. ئەم فیلمە سێ بەشە، باس لەوە دەكرێ یەك فیلمە شاكارەكانی لیام نیسن بێت، فیلمی (Taken) لەگەڵ ئەوەی ریتینگی فیلمەكە بەرزە و داهاتی لە بۆكس ئۆفس زۆر هەبووە، هاوكات رۆڵی بەرچاوی كارەكتەری نیسن لە فیلمەكەدا ناوازەیە، بە ئەندازەی ئەوەی پارەیەكی باشی پێبدرێت بۆ ئەو رۆَڵە ناوازەیەی بەرجەستەی كردووە، بۆ نمونە لە بەشی یەكی فیلمەكە، بڕی پێنج ملیۆن دۆلار، لە بەشی دووەم 15 ملیۆن دۆلار و لە بەشی سێیەمی فیلمەكەش بڕی 20 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە، واتە بۆ هەر سێ بەشەكە بری 40 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. بەمەش بە یەك لە ئاكتەرە گرانبەهاكانی فیلمی ئاكشن دادەنرێت.
چەند ساڵێك پێش ئێستا، لیام نسین لە چاوپێكەوتنێكدا ئاماژە بەوە دەكات لەبەرئەوەی تەمەنی سەرو 60 ساڵانە، چیتر نایەوێ رۆڵ لە فیلمی ئاكشن بگێڕێت، ئاماژەی بەوەشكردووە كە دەرهێنەرەكان بەردەوام پێشنیاری فیلمی ئاكشنی بۆ دەكەن كە رۆڵی تیا بگێڕێت.
لە راستیدا نیسن خاوەنی ئۆسكار نییە، بەڵام چەندین خەڵاتیتری لەسەرتاسەری جیهان بردووە، هەندێك لە فیلمە بەناوبان و باشەكانی لە ئەم ئاكتەرەیە بەپێی پۆلێنی ریتینگ ئەمانەن :
Schindler's List
Taken
Unknown
A Walk Among the Tombstones
The Grey
Non-Stop
Run All Night
Seraphim Falls
Silence
Nell
Blacklight
نوێترین فیلمی ئەكتەری ئاكشنی ناودار لیام نیسن ، لە ساڵی 2023 بە ناوی Retribution ە ، ئەم فیلمەش لە تایپی ئاكشن و سەركێشییە. وادیارە ئاكشن بۆتە پێناسی ئەم ئاكتەرە.
لیام ئێستا لە تەمەنی 70 ساڵە، تەمەنی زۆر لەوە زیاترە رۆڵی پاڵەوانی سەرەكی بگێڕێت لەم جۆرە فیلمە ئاكشنانەدا، رەخنەگرانی سینەمایی دەڵێن ئەم جۆرە فیلمانەی لیام زۆر دووبارەیە، باشترین كار بۆی ئەوەیە لەم ساتەدا تەنها بەشداری لەو فیلمانەدا بكات، كە رۆڵەكەی بۆ تەمەنی ئەو گونجاون. لەگەڵ ئەوەی تەمەنی لە هەڵكشاندایە بەڵام فۆڕمی جەستەی و سیمای سینەمایی ئەو، وایكردووە فیلمێكی نوێی ئاكشن لە 2023 بەرهەمبهێنێت و دیسان ئێمەی بینەری بە جوڵە و دیالۆگە هەڕەشەئامێزەكانی سەرسام بكات. هاوكات هاوادارانی نیسن و دەرهێنەرە سینەماییەكانیش خوازیاری ئەوەن هەمیشە نیسن وەك پاڵەوانی فیلمە ئاكشنەكان لەسەر شاشەی سینەما ببینن.