تۆ بڵێ وایە !

7 رۆژ پێش ئێستا

بەهرۆز جەعفەر
چ عەیبی نییە، سی و دوو ملیار دۆلار قەرز لەسەر ھەرێم ھەیە، مووچەی سێ مانگ فەوتایە، سێ مانگیش قەرز کرایە، لە کەرکوک سێ لیستن، لەبەغدا چوار ئەجێندای جیاوازن، خوا کەریمە لۆ دواتر!
مناڵێک لەسەر عارەبانە نوقڵ و پسکیت دەفرۆشێ، دوای دوو ساڵ خاوەنی پاشەکەوتێکە، سی و دوو ساڵ حوکمڕانی، حەڤدە ساڵ نەوت فرۆشتن، حکومەت پاشەکەوتی نییە، مووچەی نییە بیداتە ھاوڵاتیان، لەھەندێ شوێن ٨٠٠٪ ھەشت سەت لە سەت باج زیادی کردوە! میللەتێک و حکومەتێک ھەمیشە خەیاڵی لای مووچە بێت، چاوەڕوانی ھیچ تازەگەریی و کارێکی گەورەی لێ ناکرێ. ھێشتا سەقامگیریی سیاسی لەناوخۆدا نییە. چوونە پێشەوە لە ھەموو شتێکدا و لەھەموو شوێنێکدا لەسەر بنەمای نەزانی و حەماقەتە،  لەسەر بنەمای ئەوەیە ھێڵێکی جێگیری بیرکردنەوەو کارکردن نەبێت. کاتێک ھەرێمەکە بوەتە مۆڵگەی قاچاخچی و ساخکردنەوەی مادەی ھۆشبەر، کاتێک لەشفرۆشێک لە دڵسۆزێک و کچە مۆدێلێک لە پسپۆڕێک و ماستاوچییەک لە پێشمەرگەیەکی کەمئەندام لە پێشترە؛ تۆ دەبێ بڵێی وایە،، وا. ئافەرین کاروبارەکان چاک دەڕۆن! بەس بڵێ وایە، ئیتر دارتاش بیت دەبیتە وەزیر، ئاسنگەربی دەبیتە پەرلەمانتار، ڕق و کینە بڵاو بکەیتەوە دەبیتە ڕاوێژکار! بەس بڵێ وایە شۆفێری وەزیر بیت  دواتر دەبیتە بەڕێوەبەری نەخۆشخانە. بڵێ وایە..وا. نەخەڵەتێی بڵێی سیاسەتەکەتان سەر لەبەری ھەڵەیە، بێژە ئافەرین ئەم سەرەتا بەھێزەی ئێوە دەستان داوەتێ، دەبێ بەردەوامی پێ بدرێ! 
 کاتێک جاسووسێک و بەکرێگیراوێک لەناو حیزب و حکومەتەکەدا ئیش لەسەر بنکۆڵکردن دەکات و تۆش ئیش لەسەر بونیادنان دەکەی، دەبێ بڵێی وایە: ئەوەی ئەو تەواوە، وایە ئەو تەواوە {بەمە دەڵێن کابرا سیاسەت دەکا!} تۆ بڵێ وایە سیاسەت و زانست وایە. دەبێ بنووسی وایە کت و مت ئەم مووچە قەرزە لە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ گەورەتر بوو!
دەبێ تۆ ھەر بڵێی بەڕاستی ئەمە کاری نە-کردە بوو، ئەمجارەش توانیمان دەرباز بین، توانرا خەونی ناحەزانی کورد لە گۆڕ بنرێ، جاشەکان خەریک بوو بمان خنێکنن، نەخنکاین! دەبێ تۆ ھەر بڵێی وایە..وا؛ چ عەیبی نییە! ئەو ئێستا لای وایە سەنتەری دابەشکردنی ئینتیمای داناوە، پاڵی لێداوەتەوە ئاوھا قسە دەکا: " کێشەکە ئەوەیە نەوەیەک پەیدابوە { ئینتیما} ی نەماوە، ئەم نەوەیە زۆر ترسناکن". تۆ دەبێ ھەر بڵێی وایە، وا..تا ڕۆژێک دێت کە دەزانێ وا نەبوو، وا نییە، چاریش نەماوە! بڵی قوربان ئێمەو ھەرێمەکەمان ڕێک چەقی گەردوونین، زەوی بە دەوری ئێمەدا دەسوڕێتەوە نەک خۆر، ئەوەتا ترافیکە دیبلۆماسییەکە نابینی، ھەموویان لێرەن! بڵێ وایە.. و..ھەقت بەسەر ھیچی ترەوە نەبێ.