هێرشی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت قۆناغێکی نوێی مەترسییەکان

6 رۆژ پێش ئێستا

کێ لەپشت هێرشەکەوەیە؟

فەرید دڵشاد
وەک دیارە ئەم هێرشە بەدرۆن کراوە،کاتێک لێکدانەوە بۆ ئەوە بکەین کێ لەپشت ئەم هێرشانەوەیە پەنجەی تۆمەت بۆ تورکیا درێژ دەکرێت، چونکە تورکیا ئێستا خاوەنی درۆنێکی زۆرە و خۆی  بەرهەمی دەهێنێت دیارترینیان درۆنی بایرەکدارە. تورکیا زۆربەی هێرشەکانی بەدرۆن دەکات، هەر لە قەندیلەوە  تاکو دهۆک و شەنگال و گەرمیان و سلێمانی .

دیقەتی شوێنی هێرشەکە بدەن!
وەک دیارە ئەم فڕۆکەخانەیە هێزێکی دژە تیرۆری لێ بووە. بێگومان بەئامانجگرتنی ئەو فڕۆکەخانەیە دوای پیلانێکی ورد و زانیاری هەواڵگری دەقیق بووە، چونکە ئەگەر سەیری شوێنی بۆردومانەکە بکەین تەنها شوێنی هێزەکە بۆردومانکراوە و شوێنتی تری فڕۆکەخانەکە زیانی بەرنەکەوتووە.

بۆچی دژە تیرۆر دەکرێتە ئامانج؟
هێزەکانی دژە تیرۆر یەکێکن لە تۆکمەترین هێزەکان، خاوەنی چەکی پێشکەوتوون، هەر ئەم بەهێزییەیان وایکردووە چەندین جار هاوکاری یەپەگە بکەن لە رۆژئاوای کوردستان بۆ شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و جگە لە هەماهەنگی هەواڵگری دژە تیرۆر و یەپەگە ئۆپراسیۆنیشیان پێکەوە ئەنجامداوە، ئەم پەیوەندییە تورکیای نیگەران کردووە، هەربۆیە تورکیا یەکەم گورزی تۆڵەی خۆی لە دژە تیرۆر وەشاند.

پەیوەندی تورکیا و یەکێتی
وەک بینیمان بەهۆی پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتەکانی رۆژئاوا بەتایبەت پەیەدە کە تورکیا فەرقی ناکات لەگەڵ پەکەکە،  تورکیا بەئاشکرا نیگەرانی خۆی بە یەکێتی راگەیاندووە هەر لە داخستنی نوێنەرایەتی یەکێتی لە ئەنقەرە و راگرتنی گەشتی ئاسمانی فڕۆکەخانەی سلێمانی.. دواین شت کە تورکیای توڕەکرد وتارەکەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بوو لە نەورۆزی ئەمساڵ  وتارێکی نەتەوەیی بوو بۆ هەموو پارچەکان کە وتی، “یان کوردستان یان نەمان” تائێستا هیچ سەرکردەیەکی کورد بەوشێوەیە بەرووی تورکیادا نەوەستاوەتەوە،  هەموو ئەم هەڵوێستە نەتەوایەتییەی یەکێتی هۆکارێکن بۆ بە ئامانجگرتنی دژەتیرۆری یەکێتی.

هێرشەکان درێژکراوەی دەبن.
پێم وایە ئەو هێرشەی ئەمڕۆ سەرەتای قۆناغێکی نوێی و سیاسەتی نوێی تورکیایە لە هەرێمی کوردستان. تورکیا هەر نایەوێت یەپەگە و پەکەکە بە درۆن بکاتە ئامانج بەڵکو دژەتیرۆریشی خستۆتە بەرنامەی کارەکانییەوە بۆیە پێشنیار بۆ سەرکردەکانی یەکێتی و خودی بافڵ تاڵەبانی دەکەم هێزەکانی دژەتیرۆر رێکبخاتەوە و لەم قۆناغەدا بەبڵاوی نەیان هێڵێتەوە و لەشوێنێکی دڵنیا جێگیریان بکات و هەر پەیوەندییەکیان هەیە لەگەڵ هێزەکانی خۆرئاوا زۆر نهێنی تر بێت.

تورکیا هەواڵگری خۆی بەهێزتر کردووە
تورکیا هەواڵگری خۆی لە هەرێمی کوردستان زۆر بەهێز کردووە وەک دەڵێن خەریکە درۆن دێتە ژووری نوستنەکانمانەوە. بەم دواییە هەواڵگری تورکیا لە سنووری سلێمانی بەهێز بووە و ئەوەش دەزانن جموجوڵی ئەندامانی پەکەکە و پەلوپۆکانی زۆر بووە لەرابردووشدا بینیمان چەندین ئۆتۆمێل کرانە ئامانج لە چەمچەماڵو  پێنجوێن و شارباژێڕ ئەمەش دیسانەوە سیاسەتێکی نوێی تورکیایە بەوەی تەنها شەڕ هاوڕێکانمان لە شاخ ناکات، بەڵکو شەڕەکەی هێناوەتە ناو شارەکانەوە.

یەکێتی دەبێت چی بکات.
هەموومان دڵمان دەسوتێ بۆ براکانمان لە رۆژئاوا و باکووری کوردستان یەکێتیش لەم مەیدانەدا بە پارە و چەک درێخی نەکردووە و باجی زۆری داوە، بەڵام دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سیاسەتی سەرۆک مام جەلال کاتێک دەڵێت”ئامادەنیم پشیلەیەک رادەستی تورکیا کەم” لەبەرامبەردا هاووسەنگی لە پەیوەندییەکان پاراستووە و هەوڵی دانوستان و پڕۆسەی ئاشتی داوە، داوای چارەسەری کێشەکانی کردووە بە ئاشتی. لەلایەکی ترەوە دەبێت یەکێتی بە براکانی بڵێت سەقامگیری سنوورەکە لەبەرچاو بگرن و سنوورێک بۆ چالاکی و جموجوڵەکانیان دابنێت، لەبەرامبەردا پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای سەروەری خاکی عیراق لەگەڵ تورکیا رێکبخاتەوە. هەروەها لە ڕێگەی عیراقەوە رێگری بکات لە بەزاندنی سنوورەکانی، لەهەمووی گرنگتر هاوپەیمانان و بەتایبەت ئەمریکا بهێنێتەسەر خەت،چونکە ئەوەی ڕێگری دەکات لە تورکیا بۆ هێرشی سەربازیی و درۆن بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و یەپەگە ئەمریکایە هەربۆیە دەکرێت یەکێتی ئەمریکا وەک کارتێک بەکاربهێنێت بۆ راگرتنی هێرشە درۆنییەکانی تورکیا.