پەتای نازناوی زانستی و پیشەیی
6 رۆژ پێش ئێستا
فەیسەل عەلی*
ئەوەی جێی نیگەرانییە كە كۆمەڵی كوردەواری تەقیدیسی بڕوانامە و پۆستە باڵاكان دەكات، هانی خاوەنەكانیشی دەدات لەوەی ئەو نازناوە زانستی و پیشەییە لە شوێنی نادروستیش بەكاربهێنرێت. كۆمەڵی كوردەواری زیاتر لە كۆمەڵگەكانی تر ئەم سیمایەی پێوە دیارە، دیارە ئەمەش لەژێر كاریگەریی كلتوری عەرەبیدایە.
رەگ و ریشەی ئەم هەڵەیە لە كوێدایە؟ ئایا ئەمە پەیوەندیی بە كلتوری تەقدیسكردنی تاكەوە هەیە؟ یان نەزعەیەكە بۆ پێدانی هەیبەت بە خاوەن بڕوانامە بەرزەكان؟ یان خراپ بەكارهێنانی پۆست یان نازناوی زانستییە؟ یان ئارەزوویەكە بۆ بەرجەستەكردنی دەركەوتن و باڵادەستی و بەدەستهێنانی پێگەیەكی كۆمەڵایەتییە؟
بەشێوەیەكی بەرفراوان بەكاردەهێنرێت
بۆ نمونە، نازناوی «ئەندازیار» بەو كەسەوە دەلكێندرێت كە بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە كۆلیجی ئەندازیاری بەدەستهێناوە، جا ئەو نازناوە لە گەڕەك، بازاڕ، شوێنە گشتیی و تایبەتەكان، وێڕای شوێنی پیشە كە هیچ لارییەك لە بەكارهێنانی ئەو نازناوە و ئەوانیتر لە شوێنی كار و پیشەكەدا.
هەمان پرس بۆ نازناوی دكتۆر «پزیشك» راستە، كە بەكارهێنانی ئەو نازناوە دەرەوەی نەخۆشخانە و بنكە تەندروستی و عیادەكان بەفراوانی تێپەڕاندووە، تا ئەو رادەیەی هەندێك نازناوێكی تر بەو نازناوەشەوە دەلكێنێت كە شایستەی نییە یان هێشتا پێی نەگەیشتوە، پیتی (د) دەخاتە پێش ناوەكەیەوە، لەكاتێكدا هێشتا بڕوانامەی دكتۆرای لە پزیشكیدا وەرنەگرتووە.
بەكارهێنانی نازناوی «دكتۆر» لە پێش ناوی مامۆستایانی زانكۆ لە ناوەوەو دەرەوەی حەرەمی زانكۆ، بەشێوەیەكی بەرفراوان بەكاردەهێنرێت، هەندێك جار هێندە بەكاردەهێنرێت بەرامبەرەكە بێزار دەكات، بەتایبەتی لەو شوێنانەی هیچ پەیوەندییەكی بە كاری پیشەیی یان ناوەندی زانستی و ئەكادیمییەوە نییە كە تێیدا ئەو «دكتۆر» كاری تێدا دەكات.
بۆ كڕینی میوەو سەوزە
جارێك شتێكی سەیرم بینی، كاتێك كوڕێك بە (پرۆفیسۆر) باوكی بانگ دەكات. هەندێك جار كێشە بۆ خوێندكارێك دەنرێتەوە كاتێك بە نیەتی باش بە نازناوی «دكتۆر» بانگی مامۆستایەك دەكات كە نازناوی پرۆفیسۆری هەیە، لەمیش خراپتر بانگی پرۆفیسۆرێك بكەیت و نازناوی «دكتۆر» لەدوای بەكارنەهێنرێت. لەوانەش سەیرتر ئەوەیە ئەم نازناوە بەكاردەهێنرێت وەك پێشگر بۆ كەسانێك كە بە ساختە ئەو نازناوەیان بەدەستهێناوە. هەندێك جار هەندێك لەوان بە پێشگری «دكتۆر» بۆ كڕینی میوەو سەوزە یان سەنتەرەكانی جیم خۆیان دەناسێنن وەك ئەوەی ئەمان كەسانێكی جیاوازی ئەم كۆمەڵگەیەن، دیارە ئەمش جگە لەخۆ بە گەورەزان و خۆسەپێنەر هیچیتر ناگەیەنێت.
لەم بارەوە، وەزارەتی خوێندن و توێژینەوەی زانستیی نەرویج سیستمی غەرامەی دارایی كە دەگاتە (12) هەزار دۆلار بۆ هەر كەسێك كە نازناوی پرۆفیسۆر بەكاربهێنێت و ئەو بڕوانامەی نەبێت داناوە، چونكە لە زانكۆكانی خۆرئاوا نازناوی زانستی تەنیا بۆ ئەو كەسانە بەكاردەهێنرێت كە لەناو زانكۆ و كۆلیجەكان و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا بەكاردەهێنرێت، لە دەرەوەی ئەو دامەزراوانە كەسێكی ئاساییە و بەهیچ جۆرێك باسی لێوە ناكرێت. لێرەدا پرسیارێك سەرهەڵدەدات: ئەگەر ئەو سزایە بۆ ئەو كەسانە بێت كە نازناوێكی زانستی بەكاردەهێنێت و شایستەی نییە، دەبێ سزاكەی چەند بێت كاتێك ئەو نازناوە بەكاربهێنێت لە دەرەوەی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵای ئەو دەوڵەتانە؟ بەڵگەش بۆ ئەمە زۆرێكی سەرۆكی ئەو دەوڵەتانە و سەرۆكوەزیران و وەزیرەكانیش بڕوانامەی دكتۆرایان هەیە، بەڵام بە دەگمەن دەبینرێت نازناوی «دكتۆر» بەكاربهێنن.
ژمارەیان روو لە زیادبوونە
لە كۆتاییدا، ئایا لۆمەی ئەوان بكەین؟ یاخود لۆمەی كۆمەڵگە كە هانی ئەوان دەدەن زێدەڕۆیی لە بەكارهێنانی نازناوە زانستی و پیشەییەكاندا بكەن و پێگەیەكی كۆمەڵایەتییان بدەنێ كە شایستەیان نییە؟ بە گشتی ئەوانە توێژێكی ئەم كۆمەڵگەیەن و ژمارەیان روو لە زیادبوونە، ترسم لەوەیە كە ئەم مومارەسەیە لە كۆمەڵگەی خۆمان كە لە كۆمەڵگەی عەرەبیمان وەرگرتووە، بگاتە ئاستی نەخۆشییەكی كۆمەڵایەتی، یان دەشێ شێوازێك بێت لە شێوازەكانی گەندەڵی كە دەبێ سنورێكی بۆ دابنرێت.
* سەرۆكی مونتەدای ئابووریی كوردستان