پارتی ‌و پەكەكە و گیراوانی بادینان

19/07/2021

لەتیف فاتیح فەرەج

لەتیف فاتیح فەرەج
1
ئەوە هەواڵێكی زۆرباشە كە بارزانی تەحریمی شەڕی پەكەكە دەكات، هەڵبەت كاردانەوەی پەكەكەش بەرامبەر هەواڵەكە زۆر ئەرێنی بوو، پارتی‌و پەكەكە لەبری ئەوەی بەدوای دۆزینەوەی كێشەوەبن بۆ یەكتر، دەبێت بەدوای دۆزینەوەی دەرچەوەبن، بۆ پارتی‌و پەكەكە ئاشتی لەهەرشت گرنگترە، هیوادەخوازم ئەوانەی خوار بارزانیەوە یان هەركەسێك كایەكە نەشێوێنێت،
ئەگەر پارتی‌و پەكەكە پێكەوە ئاشت بن، ئیتر پێویست ناكات كەس لەلایەن پارتی لەسەر پەكەكەبون‌ و  كەس لەلایەن پەكەكە لەسەر پارتی بون بگیرێت، دەكرێت پارتی‌ و پەكەكە لەبری دژایەتی‌ و شتی دیكە، گێمێكی دیكەی ئاشتی بخەنە بەردەم ئاكەپەو ئەردۆغان، من دەزانم ئاكەپە و ئەردۆغان بارودۆخیان باش نییە، بەڵام دەكرێت جارێكی دیكە تۆپەكە بخەنەوە بەرپێی وان، دەی لەئامەدیش ئەردۆغان شپرزانە باسی ئاشتی هێناوە گۆڕێ‌.
2
گیراوانی بادینان هۆكاری سەرەكی گرتنیان نزیكایەتیە لەپەكەكەوە یان ئەوەی پارتی‌و حكومەت ئەوەی داوەتە پاڵیان، یەكەمین ڕێگە بۆ ئاشتكردنەوەی دەرگای زیندانە لەو سزادراوو گیراوانە، بۆ بەردانی ئەمان پێویستە هەرسێ‌ بارزانیەكە بگەنە ڕێكەوتن، یانی كە داوا لەنێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم دەكرێت لێخۆشبون بۆ ئەوان دەربكات، پێویستە پێی بگوترێ‌ لەتەك پسماما ئەوە بكەن، من دەزانم لێرەو لەوێ‌ تەلەفۆن‌و هەوڵ‌و تەقەلا هەن، ئەوەی ئازاری من دەدات گریان‌و دادو بێدادی مناڵی گیراوەكانە كە بەرد دەكات بەئاو، تێناگەم ئاخۆ دادوەرەكان مناڵیان هەیە یان نا، ئەگەر هەیانە ئێستا چۆن سەیری ئازاری مناڵەكانی خۆیان دەكەن، ئەی مناڵی گیراوەكان، ئەمە بۆ سەرۆكی حكومەت‌و سەرۆكی هەرێمیشە، لێبوردنێك دەكرێت زۆر گرێبكاتەوە.
3
پەكەكە لەشاخ‌و پارتی لەشارو لەسەر كورسی حوكمڕانی حەزمان لێبێت یان نا نوێنەرایەتی بەشی زۆری دوو پارچەی كوردستان دەكەن، لەڕۆژئاوای كوردستانیش هەردولا نوێنەرو وەكیلیان هەیە، ئەم دوو لایەنە دەكرێت ببنە ناخودای لێزان بۆ ئایندەیەكی باشتر، سەرۆكی حكومەت بیەوێت دەتوانێ‌ لاپەڕەیەكی تازە هەڵداتەوە، بۆ ئەوەش ئیشەكە بیری وردی دەوێت، بیری ورد دەركراوی نێو دەقێكی شوكری فەزڵیە بۆ شێخ مەحمودی نوسیوە.

یەكەمین پایەی دەوڵەتداری ڕق‌و تۆقاندن نییە، مرونەت‌و نەرمی نواندنە، ئەمەش بەرلەوەی بۆ ئەوانە بێت كە لەتەكتان‌و وەك تۆ بیردەكەنەوە، دەبێت بۆ ئەوانە بێت كە جیاواز بیردەكەنەوە،  بایەخدان بەجیاوازی یەكێك لەبنەما سەرەكیەكانی دیموكراتیە، "بیری وردیشی دەوێ".