بۆ کۆچ: سیاسەت ٢

25/11/2021

د. سەردار عەزیز

لە بەشی یەکدا جەختمان لە سەر هۆکاری ئابوری کردەوە. ئەوەمان پێشاندا کە ئابوری کۆماند یان حکومەت گەشتوەتە بن بەست. ئەم دۆخی بە بن بەست گەیشتنە، چەند ساڵێکە لە ئارادایە. دۆخەکە هەستی پێکراوە، هەوڵ هەیە بۆ دەربازبون لێی، بەڵام هەتا ئێستا بێ ئەنجامە.


یەکێک لە ئەو هەوڵە سەرەکییانەی کە لە ئارادایە بۆ دەربازبون لە دۆخی بن بەستی ئابوری هەرێم، کەرتی تایبەتە. چەمکی کارتی تایبەت لە کوردستان وەک دەرمانی دەردان نمایش دەکرێت. بۆ زەمینەسازی ئەم بوارە ئابوری هەرێم بە سۆشیالیستی پێناسە دەکرێت. سۆشیالیستی لێرەدا یانی حکومەت خەرجی زۆربەی خزمەتگوزارییەکان دەگرێتە ئەستۆ. دیارە لە ڕوی زانیاری و پلانەوە بانکی جیهانی بە پلان و ڕاوێژکاری ووردەوە لە پشت ئەم گۆڕانکارییەوەیە. لە بەر مردویی نوخبەی زانکۆ و ڕۆشنبیریی ئێمە نە ئاگایان لێیە و نە بایەخی پێدەدەن.


قسەکردن لە سەر کەرتی تایبەت و گشتی لە کوردستان بە گشتی چەند خەسڵەتێکی هەیە: یەکەم، نەبونی شارەزایی، دووەم، دروشمگەرایی، سێیەم، ئایدەلۆجیا. هەموو ئەمانە پێکەوە وەها دەکەن کە بوارەکە هێندە ڕون نەبێت. ئەمە لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵک تاقەت و حەوسەڵەی خوێندنەوەی ئەم بوارەیان نیە، بە تایبەتی هەتا زانستی بێت کەمتر خەڵک دەیخوێنێتەوە. لە کاتێکدا کە پێوەری باشی یان سەرکەوتویی هەر نوسینێک ڕێژەی خوێنراوەییەتی، ئەوا ئەم بوارە هەمیشە ناسەرکەوتوو دەبێت. (ئەمەش یەکێکی ترە لە بازاڕیی بونی مەعریفە).


بەم پێیە ئێمە قەیرانی بەرهەمهێنانی مەعریفەمان هەیە بەرامبەر ئەم وەرچەرخانە گرنگەی ژیاری ئێمە. دەبێت لە سەرەتاوە ئەو بنەمایە ئاماژە پێبدەین کە نە کەرتی گشتی و نە کەرتی تایبەت و نەکەرتی تێکەڵ چارەسەرنین. بەڵکو هەموو ڕێگان بۆ بەڕێوەبردنی ئابوری لە سات و دۆخی تایبەتدا، کە دەکرێت سەرکەوتوو و شکستخواردوش بن. دیارە ڕەهەندی فیکریی و فەلسەفی ئەم بوارە، زۆر گرنگن، بەڵام ئێمە لێرەدا ئەوەندە جەختی لە سەر ناکەینەوە. بۆ نمونە، ئایا مرۆڤ بونەوەرێکی تاکگەرایە یان کۆمەڵایەتی؟ ئەگەر وەڵامەکە تاکگەرایی بێت ئەوا سیستەمەکە بەرەو لیبرالیزم و سەرمایداری و کەرتی تایبەت دەڕوات. ئەگەر وەڵامەکە وەهابێ کە مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە. ئەوا سیستەمەکە بەرەو سۆشیالیزم و کەرتی گشتی دەڕوات.
بەڵام ئەم پرسیارانە لە دونیای ئێمەدا ناکرێت، کردنیشی هیچ بایەخێکی نیە لای تاکی ئێمە.
بێگومان لە کوردستان کەرتی گشتی لە قەیراندایە، بە تایبەتی ئەگەر لە ڕوانگەی کواڵتی خزمەتگوزاریی و شێوازی دابینکردنی خزمەتگوزارییەوە لێی بنواڕین. فەرمانبەر هێشتا ئەو بونەوەرە بەعسییەیە کە لە هەناو یاسا و ڕێساکانی بەعسدا هەڵسوکەوت دەکات و پەیوەندی لە گەڵ خەڵکدا پەیوەندییەکی خزمەتگوزاریانە نیە بەڵکو پەیوەندییەکی سزاییانە و بێ ڕێزی و کارنەکردنە.
وەک میراتێکی دیکتاتۆریەت بیروکراتیەتی ئێمە پڕیەتی لە واژۆی ئەم و ئیمزای ئەو و پشتگیری ئەم و ڕەزامەندی ئەو. ئەم خەسڵەتە دوو رەهەندی هەیە: رەهەندی دیکتاتۆریی. ئەم ڕەهەندە لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە لە هەناو سیستەمی سەددامدا هەڵە، هەرچەندە بچوکیش بوایە سزاکەی گەورەبوو. ڕەهەندی دووەمی، لەوێوەیە کە لە پێناو دابینکردنی پۆستی ناپێویست خەڵکی زۆر مۆر و واژۆیان پێسپێردراوە. دیارە هۆکارێکی تریش هەیە کە گەندەڵییە، ئەمە تایبەتە بە پرۆژە گەورەکانەوە کە زۆرجار کەسێک بۆ واژۆیەک چەندین دەفتەر دۆلار وەردەگرێت.


کەواتە کەرتی گشتی، کەرتی سستی و بیرۆکراسیەت بە مانا خراپەکەی و کەرتی ترسنۆک و گەندەڵە. بەڵام ئەمە مانای ئەوەنیە کە کەرتی گشتی هەمیشە وەها دەبێت یان ناتوانرێت باش بکرێت. کەرتی گشتی، چەند سیفەتێکی باشی هەیە وەک کراوەیی بۆ هەموان، بەبێ جیاوازی لە گەڵ قازانج نەویستی. بەڵام ئەم رەهەندانە زیاتر کارگێڕین. ئەوەی گرنگە ئابوریی یان دەرفەتی کارە. ئایا ئێمە لە پێناو باشترکردنی خزمەتگوزاری کەرتی گشتی دەگۆڕین بە کەرتی تایبەت یان لە پێناو دابینکردنی هەلی کار؟ دیارە لای ئەوانەی کە کاریان نیە وەڵامەکە دەبێت دەرفەتی کار بێت، ئەوانەی کە کاریان هەیە وەڵامەکە خزمەتگوزارییە.


ئێستا کاتیەتی بپرسین ئایا کەرتی گشتی دەتوانێت دەرفەتی کار بڕەخسێنێت؟ لە ڕاستیدا ئەم پرسیارە لە سەر کۆمەڵێک بنەماو وەستاوە، کە دەبێت سەرەتا قسەیان لە سەر بکەین و بونیان هەبێت. گواستنەوە لە کەرتی گشتییەوە بۆ کەرتی تایبەت پرۆسەیەکی ئێجگار ئازاراویی و سەختە، بە گشتی دوو شێوازی هەیە، شێوازی خێرا shock therapy و شێوازی هێواش step by step . کوردستان هیچ کام لە ئەو دوو مۆدێلە پەیڕەو ناکات.
پێش ئەوەی بگوێزینەوە بۆ کەرتی تایبەت دەبێت بنەما سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاساییەکان بۆ ئەو بوارە ئامادە بکەین. ئەم پرۆسەیە بەلای کەمەوە تەمەنی نەوەیەکی پێویستە، کە دەکاتە ٣٣ ساڵ. قسەکردن لە سەر کەرتی تایبەت، بەبێ باڵابونی یاسا، کۆتایی قۆرغکاری سیاسی و ئابوری، گۆڕینی سیستەمی خوێندن و پەیوەندی تاکی کۆمەڵگا لە گەڵ بواری کاردا، مەیسەر نابێت.


بە کورتی وەرچەرخان لە کەرتی گشتیەوە بۆ کەرتی تایبەت، یان هەوڵدان بۆ گەشەدان بە کەرتی تایبەت، پێش هەموو شتێک پرسێکی سیاسییە. بۆیە لێرەدا دەمەوێت کەمێک لە سەر پرسی سیستەمی سیاسی هەرێم بوەستم. چونکە بەبێ گۆڕانی سیستەمی سیاسی قسەکردن لە سەر کەرتی تایبەت بەتەواوی مەحاڵە.
کاتێک دێتە سەر سیستەمی سیاسی هەرێم قسەی زۆر کراوە لە سەر ڕوکەشی سیستەمەکە نەک لە سەر سروشتی یان ناوکی سیستەمە. سیستەمی سیاسی هەرێم هیچ پەیوەندی بە پەرلەمانتاریی و سەرۆکایەتی و نیمچە سەرۆکایەتییەوە نیە، ئەم جۆرە ڕێکخستنانە دەرکەوتەی فەرمی سیستەمێکی قوڵترن کە پێویست بە ئەوە دەکات بچینە پشت ئەم ڕوکەش و ڕواڵەتانەوە بۆ تێگەیشتن لێی.
لە هەناو سیستەمی سیاسی هەرێمدا شەڕ یان جەنگێک هەیە کە هێشتا نەگۆڕاوە بۆ سیاسەت. هەموو دەزانین لای کلاوزڤیتز جەنگ ئامرازێکی سیاسەت بوو یان جۆرێکی ترە لە سیاسەتکردن بە ئامرازێکی تر. فۆکۆ ئەم هاوکێشەیە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەڵدەگەڕێنێتەوە، جەخت لە شەڕ دەکاتەوە و سیاسەت بە دەرکەوتەی شەڕ یان درێژەپێدانی شەڕ دەبینێت. لە هەناو سیستەمی سیاسی کوردستاندا ئەم دیدە فۆکۆییە بە زەقی دەردەکەوێت. بۆیە دەتوانین بڵێین هەموو ئەو جۆرە ڕێکخستن و پەیوەندی و دەزگا و سیستەم و حکومەت و خیتاب و پێکهاتانە کە بونیان هەیە، هەموو ئامرازی جەنگن لە نێوان هێز و کەسایەتی و پارتەکاندا لە کوردستان. (ئەمە بە زەقی لە زەلکاوی سۆشیال میدیادا دیارە). نەبونی توانای گواستنەوە لە شەڕەوە بۆ سیاسەت تەنها سنوردارنیە بە نوخبەی سیاسی و حیزبی بەڵکو سەرتاپا پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە دەگرێتەوە. باوبونی چەمکی شۆڕش لە دونیای ئێمەدا لەم دۆخەوە سەرچاوە دەگرێت. شۆڕش هیچ نیە جگە لە تیونیوتییەکی نەشکاو بۆ کوشتن و خوێنڕشتن و تۆڵەکردنەوە. بۆیە دەبینین لە دونیای ئێمەدا نەک هەر لە کایەی سیاسەت، بەڵکو لە ناو کایەکانی تری وەک ڕۆشنبیری، هونەر، میدیا، زەواج، پەیوەندییەکان پەیوەندی سیاسی نین هێندە پەیوەندی جەنگین. پەیوەندی جەنگی یانی پەیوەندی هەرەمی، پلەبەندی، هەبونی باڵا و نزم. بە نەبونی سیاسەت یانی نەبونی هیچ کۆکەرەوەیەکی گشتی لە نێوان هێز و گروپەکاندا جگە لە ململانێ بۆ زاڵبون یان بەدەستهێنان.


ئایا هەموو ئەمانە چ پەیوەندییەکیان بە کۆچەوە هەیە؟ ئەگەر سادەترین پێناسەی کۆچ بکەین، بریتیە لە هەڵاتن یان جێهشتنی کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر. بەم پێیە دەبێت لە هەناو ئەو کۆمەڵگایەدا پاڵنەری جۆراوجۆر هەبێت کە خەڵکی پاڵ دەنێت بۆ دەرەوەی کۆمەڵگا، یان ناچاریان دەکات بچن لە هەناو کۆمەڵگایەکی تردا بژین و ئامادەبن دەستبەرداری هەموو کەلتور و دابونەرێت و یادەورییان ببن. کۆچبەر وەک مەحمود مەمدانی پێناسەی دەکات کەسێکە کە دەچێت بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی کۆمەڵگایەکی تر. بەم پێیە کۆچکردن هەڵاتنە لە خراپەوە بۆ باش بە پێی دیدی کۆچبەر. وەک ڕاڤەمان کرد، سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە لە سەر ئەو بنەمایانە بونیادنەنراوە کە سیاسی بێت یان خاوەن بەها و بەرژەوەندی و پرس و گرنگی گشتی بێت، بەڵکو لە جەنگێکی سەرەتاییدایە لە گەڵ یەکدا. لێرەوەیە یەکێک لەو پرسانەی کە ڕۆژئاواییەکان لێی تێناگان دەربارەی ناوچەکە ئەوەیە، چۆن هەموو دەزگا ڕۆژئاواییەکان بونیان هەیە، کەچی دەرئەنجامەکانی جیاوازن؟ وەک باڵوێزی هۆڵەندی لە چاتەم هاوس ووتی: سەختە تێبگەیت چۆن کۆمەڵگایەک هێندە دژ بە خۆی هەڵدەسوڕێت؟


کاتێک سیستەمی سیاسی سیستەمی جەنگی یەکترە، ئەوا ناتوانێت بایەخ بە کۆمەڵگا و سیستەم و پرسە گشتیەکان و نیشتمان و هەلی کار و بازاڕ و ئازادی بدات، بەڵکو لە ترس و بەدگومانی و هەڵپەدایە. ئەمە وەها دەکات کە زۆرێک لە هەناو سیستەمەکەدا جێگاین نەبێتەوە، یان سیستەمەکە نەتوانێت بە پێی پێداویستی کۆمەڵگا بکرێتەوە یان خۆی بگۆڕێت. لە ئەنجامدا دابڕان دروست دەبێت لە نێوان هەردوولادا. ئەم دابرانە بنەمای ئەو دۆخەیە کە کۆچ بەرهەم دەهێنێت.