نوێبونەوەی عێراق و دەرەتانێك

22/01/2022

كەمال محەمەد

كەمال محمد
عێراق ئەو وڵاتەی كەبە هەزاران ساڵ لانكەی ئاوابونی سیستەمی شارستانی ناوەندی بو لەگەڵ ئەوەش  دەڤەری كۆبونەوەی هەموو ئەتنیك و ئایین و مەزهەبەكان بوە بەڵام چونكە خاوەنی ڕادیكاڵترین سیستەمی دیموكراسی نەبو نەیتوانی پەیرەوی سیستەمی لیبراڵییەكانی خۆرئاوا بكات و لەمیانەی سۆسیۆلۆژیای ئەوانەوە خۆی نیشان و شیكار بكات، بەهۆی كەڵەكەبونی كێشەكانییەوە عێراق روبەروی رق و نەفرینی گەورەی مەزهەبەكان و تائیفی و ئەتنیكی بوەتەوە ،لەعێراقدا ئیسلامگەراییە سیاسییەكەی بەسیفەتی میللیگەرایی لە میللیگەرایی  عەلمانی و دەوڵەت نەتەوەكەی بەكێشەتر بوە چون دەرەنجامی سیاسەت و كاری ئەمانەش لەهی دەولەت نەتەوەكانی مێژوی عێراق رەونەقدارتر نییە و بەو رەوشەی ئێستایان ناتوانن رابردو تێپەرێنن ئەو رابردوەی كە خۆیان كە لەسەر رەخنەگرتن لێی دەژین !

لەدوای روخانی ڕژێمی بەعسی سونییەوە دونیایەكی ئیندوستریالیزم و مەیلی بەدەستهێنانی زۆرترین  بەرژەوەندی و ئیفلاسبونی كۆمەڵگای عێراقی بینراوە لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەكانیەوە ،نۆزدە ساڵ حكومرانی  بەسە بۆ ئەوەی رون بێتەوە ئەم سیستەمەی ئێستا سیستەمێكی دزی و كوشتنی جەستەیی و مەعنەویی  تاكی عێراقییە ،واتە ئەم سیستەمەی ئێستازیاتر  لەناوبردنی تاك و كۆمەڵگا و تایبەتمەندییە سەرەكییەكانی حكومرانییەكی شكستخواردوی نیشان داوە، 

هەروەك چۆن هەولەكانی مۆنارشییەكان سەری نەگرت عێراقێكی ئارام و دەوڵەت نەتەوەش سەری نەگرت لەدوای روخانی رژێمەوەو بەردەوام توشی قەیرانی بونیادی بوەو سەرجەم كێشەكانی كە بەدرێژایی مێژوو كەڵەكە بون یەك بەدوای یەك ڕژان  كاریگەرییەكانی دەركەوتن  ئەوەی وایكرد كێشەكانی لەدۆخی بێ چارەسەریدا بمێننەو  سیاسەتی رژێمە یەك لەدوای یەكەكان بو كەئەوەندەی لەخزمەتی بەدەستهێنانی تموحاتە ئابوری و جیۆسیاسی و میلیشیا چەكدارەكانی خۆیانەوە بون نیوهێندە لەخزمەتی بونیادنانەوەی عێراق نەبون  .

نایەكسانی سیاسی و ئابوری كۆمەڵایەتی لەئێستادا تایبەتمەندی سەرەكی ناساندنی كۆمەڵگای عێراقین و وڵات لە قەیرانێكی قوڵی سیاسی و ستراتیژیدایەو هێشتان براوەكانی هەڵبژاردنی پێشوەخت گەمەی گرەوی سیاسی لەسەر هاوسەنگ و پارسەنگی زلهێز و هێزە ئیقلیمییەكان ئەكەن و ئەو نەخشە سیاسییەیان لەبیر كردوە كەلەهەمو قۆناغەكانی مافی هاوڵاتیبون و ئازادی كۆمەڵگا بپارێزێت ،تاهەنوكە یاسای تەوافوق باڵی كێشاوە بەسەر لایەنەكان و ئەمەشە وایكردوە رەشبینیمان هەبێت لەداهاتوی عێراق ،داروخانی ژینگەیی و تەندروستی و كۆمەڵایەتی هیچی لە سیاسیی كەمتر نییە كەچی لایەنەكان تائێستاش خوێندنەوەیان نییە و كاری راستەقینەی بۆ ناكەن هەر ئەمەشە وایكردوە ئەم وڵاتە هێندەی تر گیرفانە سیاسی و ئابورییەكانی زلهێزەكان تەژی بكات و لە دۆخی میلیتاریزم و جیاكاری دروستكردن و بەرجەستەكردنی جیاوازییە ئایینزاو نەتەوەو كەلتورەكان بمێنێتەوە  .

دوای دوساڵ لە خۆپیشاندانەكانی گەلانی عێراق كە مەبەستیان بو دەرەنجامی زۆر ئەرێنی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی بێننەبون بەڵام كەمترین گۆڕانكاری لەبەرژەوەندییان ئەبینرێت تا ئێستاچونكە سیستەمێك یان هێزێك نابینرێت كەچارەنوسی گەلێك نەسپێرێتە دەست قەزا و قەدەر و عێراقێكی كۆمیۆناڵ بنیاد بنێت، بۆیە ئەگەر بمانەوێ عێراقێكی بێ كێشە ببینین بونی ئومێد و پارادایم و رێگاو رێنماییەك مەحاڵ نییە كە بەهەمو رەنگ و جیاوازییەكانەوە پەرە بە رێیەكی تر و چارەسەرییەكی تر بدەن ئەگەر نییەت و خواستێكی جددی هەبێت .