کۆرمۆر و بەرگری

28/06/2022

عەزیز رەئوف

عەزیز ڕەئووف
بەرگری دەبێت دروست بکرێت، بە جوڵاندنی هەست و سۆز گوزارشت لە بەرگری ناکرێت. سی ساڵ خەڵک سەرکوت بکرێت، سی ساڵ دوو تایپ لە مرۆڤ دروست بکرێت، تایپێک کۆیلە و گوێڕایەڵی خۆت و تایپێکیش سەرکوتکراو و فەرامۆشکڕاو لە کۆمەڵگەدا، ئیدی نە بە کۆیلە و نە بە تاکی سەرکوتکراو بەرگری ناکرێ. کورد بە هێزێک دەنازێ کە نیەتی.
بەرگریکردن سیاسەتە، سی ساڵ سیاسەتکردن لە خەڵکی کوردستان قەدەغەبکرێت، ئێستا داوایان لێ بکرێ بەرگری بکەن، نوکتەیەکی گەورەیە. هیچ باڵندەیەک بەرگری پێناکرێ گەر هێلانەکەی گەرم و ئارام نەبێت، هیچ منداڵێک ناتوانێت ماڵەکەی بپارێزێت، ئەگەر باوکێک ماڵەکەی کردبێتە زیندان و نەیهێشتبێ منداڵەکانی لەسەر پای خۆیان بوەستن. هیچ پڵنگێک بەرگری لە دارستانەکەی پێناکرێ ئەگەر زنجیرکرابێ. زۆر درەنگە سی ساڵ زنجیر بخرێتە دەست و پێ و گەردنی خەڵک و داوای بەرگریشیان لێ بکرێ.
ئەگەر نیشتیمان هی هەمووان بێ، بەدڵنیایی هەمووانیش بەرگری لێ دەکەن.