ئایە هەدەپە بایكۆتی هەڵبژاردنی گەڕی دووەم دەكات؟

25/05/2023

كارزان گلی

كارزان گلی
كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، رێككەوتنێكی حەوت خاڵی لەگەڵ ئومید ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی زەفەر ئیمزا كرد، بۆ ئەوەی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا دەنگی پێ بدەن. بەڵام ئەم رێككەوتنە لایەنگرانی هەدەپەی نیگەران كردووە و دەنگۆ هەیە، بەشێكیان نەچنە سەر سندوقی دەنگدان.
پارتی زەفەر، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 14ی ئایاردا، توانی ملیۆنێك و 215 هەزار و 264 دەنگ بەدەست بهێنێت، هەروەها ئۆزداغیش سەرۆكی هاوپەیمانیی ئەجداد بوو، كە سینان ئۆغانیان بەربژێر كردبوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، بەڵام بەهۆی ناكۆكی ئۆزداغ و سینان، هاوپەیمانییەتەكە هەڵوەشاوەتەوە و سینان پاڵپشتی لە رەجەب تەییب ئەردۆغان دەكات، ئۆزداغیش پاڵپشتی لە كەمال كلیچدارئۆغڵو دەكات، لێرەدا هەدەپە زیانمەندە.
لە یەكێك لەو خاڵانەی كە ئۆزداغ و كلیچدارئۆغڵو رێككەوتنیان لەسەر كردووە، ئاماژە دراوە، هەر سەرۆك شارەوانییەك كە پاڵپشتی تیرۆری كردبێت، ئەگەر قەیووم كرا، نابێت بیگەڕێننەوە سەر كاری خۆی. ئەمە هەدەپەی نیگەران كردووە، چونكە پێشتر كلیچدارئۆغڵو بەڵێنی دابوو، ئەگەر ببێتە سەركۆمار، هەموو ئەو سەرۆك شارەوانییانەی هەدەپە كە قەیووم كرابوون دەگەڕێنێتەوە سەر كار و لە زیندان ئازادیان دەكات.
بەهۆی ئەوەی لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، هەدەپە هیچ بەربژێرێكی نەبوو و كوێرانە پاڵپشتی لە كلیچدارئۆغڵو كرد، ئەمە بووە هۆی ئەوەی، دەنگەكانی دوو ملیۆن كەم بكات و هەروەها ژمارەی كورسییەكانیشیان لەناو پەرلەمان كەمی كرد، بۆیە بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردن، هەدەپە هیچ كارتێكی فشاری پێ نییە بەرامبەر كلیچدارئۆغڵو.
بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئۆزداغ بەو قورساییە كەمەی كە هەیەتی، ستراتیژییەتی لە هەدەپە باشتر بوو، چونكە لە گەڕی دووەمدا، كلیچدارئۆغڵوی ناچار كردووە لە ئەگەری بوونی بە سەركۆماری توركیا حەوت خاڵی بەسەردا بسەپێنێت.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، لایەنگرانی هەدەپە، رەخنەی زۆر لە پارتەكەیان دەگرن و بەشێكیان دەڵێن بایكۆتی دەنگدان دەكەین، ئاشكراشە میدیای دەسەڵات پاڵپشتی لەو دەنگدەرانە دەكات و هانیان دەدات تا نەچنە سەر سندوقی دەنگدان.
ئەو دەنگۆیەی كوردی نیگەران كردووە، پۆستێكی ئومید ئۆزداغ بوو، كە چەند سەعاتێك بەر لەوەی رێككەوتنە حەوت خاڵییەكە لەگەڵ كلیچدارئۆغڵو ئیمزا بكات، نووسیبووی ”كاتێك بوومە وەزیری ناوەخۆ، هەموو ئاوارە سوورییەكان دەگەڕێنمەوە وڵاتی خۆیان“
دەنگۆ هەیە، رێككەوتنی ژێر بەژێر كرابێت، لە ئەگەر سەركەوتنی كلیچدارئۆغڵو، ئۆزداغ ببێتە وەزیری ناوەخۆی توركیا، ئەمەش پێمان دەڵێت، كە هەدەپە حاڵی خراپ دەبێت و سەرۆك شارەوانییەكانی دەرگای زیندانیان بۆ دەكرێتەوە، چونكە ئۆزداغ بە ئاشكرا دژایەتی كورد دەكات و تەنانەت چەند مانگێك بەر لە ئێستا، سووكایەتی بە شێخ سەعیدی پیران كرد.
هەدەپە، بەهۆی ئەو هەڵە ستراتیژییەی لە گەڕی یەكەمی هەڵبژاردندا كردی، ناتوانێت بە دەنگدەرەكانی بڵێت دەنگ بە كلیچدارئۆغڵو نەدەن، چونكە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا زۆرترین ریكلامیان بۆی كرد و ئەردۆغانیان وەكوو كەسێكی تاكڕەو و دژە كورد وەسف كرد، بۆیە ئەگەر لە كلیچدارئۆغڵو هەڵگەڕێنەوە، دەنگدەر پشتیان تێ دەكات.
هەدەپە، یەك رێگەی لەبەردەمە تا بتوانێت لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا رۆڵی گەورە ببینێت لە نێوان كلیچدارئۆغڵو و ئەردۆغاندا، ئەویش رێككەوتنێكی ژێر بەژێرە لەگەڵ ئەردۆغان، كە دوور بێت لە چاوی میدیا و رای گشتی توركیا، بەوەی بە دەنگدەرەكانیان بڵێن نەچنە سەر سندوقی دەنگدان و بایكۆت بكەن، ئەمەش شانسی بردنەوەی ئەردۆغان دەكاتە 100%، لەوێدا هەدەپە دەتوانێت چەند مەرجێك بەسەر ئەردۆغاندا بسەپێنێت، بەڵام ئایە هەدەپە شتی وا دەكات؟ بێگومان نەخێر، بۆیە ئەگەر زۆرە، دەنگدەرێكی زۆری هەدەپە، بەهۆی نیگەرانیان لەو ستراتیژییەتەی هەدەپە كە لە هەڵبژاردنی گەڕی یەكەمدا كردی، بەوەی بەربژێری نەبوو، ئەوانیش نەچنە سەر سندوقی دەنگدان، ئەمەش لە بەرژەوەندی ئەردۆغانە.